دیدگای گەنج - 2023

10-07-2023
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
روانگەیەك هەیە كە گەنجان وەكو "سایسمۆگراف" بۆ ئاگاداربوون لە رووداوەكانی داهاتوو تەماشا دەكات. بە كورتییەكەی، دەشێ لەڕێی گەنجانەوە بگەینە ئەو ئەنجامەی كە داهاتووی كۆمەڵگایەك چۆن دەبێت. گەنجانی تەمەن 15 - 29 ساڵ رێژەی 28%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن و ئەمەش یەک ملیۆن و 727 هەزار و 903 كەس دەكات. ئەمە بێجگە لەوەی كە 35%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لە خوار تەمەنی 15 ساڵییەوەن، كە دوو ملیۆن و 159 هەزار و 879 كەس دەكات. ئەم دیمەنەش دەریدەخات كە داینامیكی دانیشتووانی گەنج لێرە، بە لانیكەمەوە بۆ نزیكەی دوو دەیەی داهاتووش بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
 
ئەمە لە روانگەی ئابوورییەوە بە واتای هێزی كاری تازە نەفەس دێت، هەڵبەت ئەگەر سیاسەتە ئابووری – كۆمەڵایەتییەكان بە لەونێك بن كە ئەوان دەرفەتی گەشەكردنیان هەبێت. خۆ ئەگەر پێچەوانەكەیشی رووبدات، ئەوا زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی گەنج كە بە شێوەی سرووشتی داوای دابەشكردنەوەی سەروەت و سامان، هەلی كار و بەشداریی سیاسی دەكەن؛ دەتوانێت دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتیش بگۆڕێت. ئا لێرەوەیە كە بایەخی تێگەیشتن لە روانگەی گەنجان زۆر گرنگە. راپرسییەكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو، بە ناونیشانی روانگەی گەنج لە هەرێمی كوردستان – 2023، كە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا كراوە، لەوبارەیەوە سەرەداوی گرنگمان پێدەدات.
 
كولتووری گەنج و وەرچەرخانی گەنجان
 
بەپێی ئەنجامەكانی راپرسییەكە، گەنجان لەڕووی دارایی، كۆمەڵایەتی و تەنانەت لەڕووی ئاسایشەوە زیاتر گرێدراوی بنەماڵە و خێزانن. 90.1%ی گەنجان نایانەوێت لە خێزان دووربكەونەوە، 52%یان پارە لە خێزان وەردەگرن و لەڕووی ئابوورییەوە گرێدراوی خێزانن. 66%یشیان گوتوویانە، ئەگەر كێشەیەكیان بۆ دەركەوێت پەنا بۆ خێڵ، خزم و كەسوكار دەبەن، ئەویش لە كاتێكدا كە تەنیا 33%یان گوتوویانە پەنا بۆ دامەزراوەی فەرمیی حكومەت دەبەن.
 
بەر لە هەموو شتێك، لێرەوە دەردەكەوێت كە خێزان فاكتەرێكی كاریگەرە لەسەر شكڵپێدانی دیدگا و روانگەی گەنجان، بەڵام گرفتەكە لێرەدا ئەوەیە كە بەشێكی زۆری دایكان و باوكانی گەنجان ئاستێكی بەرزی خوێندەوارییان نییە. بەپێی راپرسییەكە، رێژەی 67.3% دایکانی بەشداربوو نەخوێندەوارن. رێژەی 45.8%ی باوكانی بەشداربوویش نەخوێندەوارن، 39.8%یشیان هەڵگری بڕوانامەی کەمتر لە ئامادەیین و تەنیا 4.7%یان بڕوانامەی ئامادەییان هەیە. بۆیە ئەو دیدگایەی كە گەنج لەوێوە وەریبگرێت، هەر ئەوانەیە كە بە شێوەی نەریتی گەشەیان كردووە. لێرەدا نەك چەمكەكانی وەكو "وردە – كولتووری" گەنجان یان "بەرەنگاری" لە دژی ئەو بەها و پێوەرانەی كە لە كۆمەڵگا و سیستمەكەدا هەن، هیچیان بە تەنیا بەشی روونكردنەوەی رەفتاری گەنجان ناكەن. بەڵكو هۆكاری دیكەی وەكو كاریگەریی كۆمەڵگا و دامەزراوەكانی، رێگایەكی ئاسانترمان پیشان دەدات كە لێرەشدا بە پلەی یەكەم خێزان دێت.
 
ئەو دیمەنەی كە گەنج لە كوردستان پیشانی دەدات، هاوشێوەی ئەو دیمەنەیە كە بە گشتی لە عێراق دەركەوتووە. بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی (FES) كە دیسەمبەری 2022 بڵاوكراوەتەوە، 86%ی گەنجانی عێراق متمانەیان بە خێزانە، بەڵام رێژەی هاوبەشی متمانەكەیان بە حكومەت، سوپا و پۆلیس 28% بووە. پێدەچێ، ناڕوونی و نادڵنیاییەكانی دوای، هەردوو شەڕی 2003 و شەڕی داعش، ناسەقامگیری سیاسی، ئابووری و ئەمنی هۆكاری گرنگ بن بۆ ئەوەی كە گەنجان، خێزان وەك متمانەپێكراوترین یەكەی كۆمەڵگا تەماشا بكەن.
 
لە راپرسییەكەی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداودا، رێژەی ئەو گەنجانەی كە گوتوویانە بڕوایان بە ئازادییە تاكەكەسییەكان هەیە لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە، بە جۆرێك كە 83.9% بووە، بەڵام، 85.5%یان گوتوویانە نابێ كچان یان ئافرەتان بە تەنیا گەشت بكەن و بەشێوەی سەرەكی هۆكاری ئەوەشیان بە پێی ریزبەندی، بۆ ئایین، كولتووری كۆمەڵگا و قسەی خەڵكی گەڕاندۆتەوە و رێژەیەكی كەمیش بە پاساوی نەبوونی ئاسایش و ئاسانكارییەكانی گواستنەوەی گشتی دژی ئەوە دەركەوتوون. بۆیە لێرەدا بە گشتی دوو تایبەتمەندی جیاوازبە دی دەكرێت، لەلایەك بە ئەگەری زۆر لەژێر كاریگەری گلۆبالیزەیشنی بەها نیۆلیبرالییەكاندا بڕوای بە ئازادی تاكەكەسی هەیە بەڵام لەلاكەی دیكەوە لە ژیر كاریگەری نەریتەكانی كۆمەڵگا، بەشێكی ئەوانە رەتدەكاتەوە. بۆیە پێدەچێ ئەو بۆچوونەی كە پێیوایە لەم سەردەمەدا، "ئیدی ناتوانی لە چوارچێوەی راستەهێڵێكدا تەماشای وەرچەرخانی گەنجان بكەیت و پێشوەخت بزانیت كە چی روودەدات، بەڵكو دەشێ وەرچەرخانەكە ئاڵۆز و چاوەڕواننەكراو بێت." بۆ هەرێمی كوردستانیش راست بێت.  
 
ئابووری و نائامادەیی ژنان لە بازاڕی كار
 
بەپێی ئەنجامەكان، زۆربەی گەنجان روویان لە كەرتی تایبەت كردووە بۆ دۆزینەوەی كار كە وەكوو گرفتێكی سەرەكی تەماشای دەكەن. هەڵبەت كەرتی تایبەتیش نەیتوانیوە بەتەواوی جێی هیوا بێت بۆ گەنجان و، پێدەچێت نەبوونی دڵنیایی تەواو سەبارەت بە داهاتوو، هەروەها نایەكسانی لە دەرفەتەكانی كەرتی تایبەت و كەمیی مووچە لەو هۆكارانە بن كە وایانكردووە، هێشتا گۆشەیەكی بیركردنەوەیان لەسەر دامەزراندنیان لە كەرتی حكومی بێت. ئەمەش ئەو شوێنەیە كە دەشێ حكومەت سەرنجی زیاتری بخاتەسەر. پێویستە پرسیارەكە ئەوە بێت كە چۆن دەكرێ كەرتی تایبەت بە جۆرێك گەشە پێبدرێت و رێبكبخرێتەوە كە دڵنیایی بداتە گەنجان.
 
سەبارەت بەوەی كە بۆچی دۆزینەوەی كار گرفتە بۆ گەنجان، 39.9% گوتوویانە مەرجەكانی كار قورسن، 30.5% نەزانینی زمانی بیانییان بە گرفتی بەردەم دۆزینەوەی كار زانیوە، 23%یش نەبوونی ئەزموونیان وەك هۆكارێك پیشانداوە. هەروەها 13%یش گوتوویانە توانای پێویست و سەردەمییانە بۆ كارەكان نییە  و 11.9% یش گوتوویانە كە كارەكان بە گوێرەی ئەوان نین و13%یش باسی ئەوەیان كردووە كە نازانن لە كۆی بەدوای كاردا بگەڕێن. ئەو ژمارانەش دەریدەخەن كە بابەتێكی هەرە گرنگ لێرەدا چۆنییەتی پێشخستنی توانای كار و شارەزایی دەستی كارە لە نێو گەنجان. ئەویش بە تایبەت لەم سەردەمەدا كە ئەی ئای خەریكە بە خێرایی گەشە دەكات و دەتوانێت كاریگەری لەسەر بازاڕی كار دابنێت. خاڵێكی جێگەی سەرنج ئەوەیە كە گەنجی هەرێمی كوردستان كاتە بەتاڵەكانی خۆی چۆن بەسەردەبات؟ ئەو وەڵامانەی كە لە راپرسییەدا دەركەوتوون، لەڕووی ئابوورییەوە خزمەتی ئامادەكردنی گەنج بۆ بازاڕی كار ناكەن. لەسەرئاستی هەرێمی كوردستان رۆیشتن بۆ بازاڕ، خەوتن و دواتریش سەردانی مزگەوت و شوێنە ئاینییەكان لە ریزی زۆرترین ئەو كارانەن كە گەنجێك لە ماوەی هەفتەیەكدا لە هەرێمی كوردستان دەیانكات. 79.9%ی گەنجانیش گوتوویانە هەركاتێ دەستمان بە تاڵ دەبێت، بە مۆبایلەوە خەریكی سۆشیالمیدیا دەبین. ئا لێرەوەیە كە گرفتەكانی سیستەمی پەرەوەردەیی و سیاسەتە كولتوورییەكانی دەردەكەون.
 
خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان هەردوو رەگەزدا هەیە سەبارەت بە كاركردن و ئەمەش بابەتێكی ئێكجار گرنگە. بەپێی ئەنجامەكانی ئەم راپرسییە، 43.9%ی گەنجان كاردەكەن و لەوانەش، 61.5%یان نێرن و تەنیا 16.1%یان لە رەگەزی مێن و بەوەش ئامادەیی ژنان و كچان لە نێو هێزی كاردا لە ئاستێكی زۆر نزمدایە. ئەوان زیاتر بەكاری بێ بەرامبەر(Unpaid work)ەوە سەرقاڵن كە ئەمەش بۆ سیاسەتەكانی گەشەپێدان تەگەرە دروست دەكات.
 
گەنج و سیاسەت
 
بە شێوەیەكی گشتی كەمێك خواستی بەشداریكردنی سیاسی لای گەنجان زیاتر بووە. بۆ هەڵبژاردنیش، زیاتر لە 72% دەیانەوێ بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن ئەگەر مافی دەنگدانیان هەبێت، ئەم رێژەیەش لەسەرووی رێژەی گشتی بەشداریكردنی خەڵكە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 59% بوو. هەروەها نزیكەی 30%یش زیاترە لە رێژەی بەشداریكردنی گشتی خەڵك لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2021ی پەرلەمانی عێراق. كەمیی رێژەی گشتی بەشداریكردنی خەڵك لە هەڵبژاردنەكان، هەروەها بەرزبوونی ژمارەی گەنجان لە هەرێمی كوردستان، وادەكەن كە رۆڵی ئەوان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا یەكلاكەرەوە بێت.
 
بەپێی ئەنجامەكانی راپرسییەكە، لە كۆی ئەو 1ملیۆن و 727 هەزار و 903كەس گەنجەوە كە هەن، 466533كەسیان بە تەمای دەنگدان نین كە دەوری 27%دەكات. 1ملیۆن و 244 و 90 كەسیش گوتوویانە دەنگ دەدەن ئەگەر مافیان هەبێت كە ئەویش 72% دەكات. 33%ی ئەو 72%ی  كە حەزی لە دەنگدانە، نەیانویستووە دەنگەكەیان ئاشكرا بكەن. ئەمەش زیاتر لە 410549 كەس دەكات. ئەوانەی كە گوتوویانە دەنگ نادەن، هۆكارەكانی وەك بێ متمانەیی بە پارتە سیاسییەكان، نەبوونی كەشی ئازادی هەڵبژاردن و نەبوونی بەربژێری گونجاویان وەك پاساو هێناوەتەوە. بێگومان ئەگەری گۆڕانی ئەمانەش تا دواساتەكانی هەڵبژاردن لە ئارادایە. بۆیە ئەو رێژەیەی كە دەڵێ دەنگ نادەم و ئەوانەش كە دەنگی خۆیان ئاشكرا ناكەن، پێكەوە دەتوانن فاكتەری سوپرایز بن لە هەڵبژاردنی داهاتوو.
 
كۆتایی
 
بەگوێرەی ئەنجامەكانی راپرسیی روانگەی گەنجان -2023، كە تێیدا چاوپێكەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ 1122 كەس لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان كراوە، دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی كە نادڵنیایی ئابووری، گرێدراویی ئابووری بە خێزان لە نیو گەنجاندا لە ئاستێكی بەرزدایە. روانگەی گەنجان بۆ بابەتە كۆمەڵایەتییەكان، بەهۆی پابەندی زۆر بە خێزان و كەمیی ژمارەی دۆست و هاوڕێ روخسارێكی موحافزەكارانەی هەیە. ئەو چالاكییانەی كە گەنجان هەفتانە لەگەڵ خێزان و هاوڕێكانیاندا دەیكەن پێویستی بە وردبوونەوەی زیاتر و سیاسەتی بەرفراوانی كۆمەڵایەتی-ئابوورییە كە گەنجان هانبدات روو لە بابەتی پەیوەست بە تەندروستی، ئابووری و گەشە پێدانی توانستی خۆیانەوە بكەن نەك ئەوەی كە تەنیا بەهەندێك كرداری رۆژانەوە سنووردار بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

زریانى تەلئەڤیڤ

بە هەموو پێوەرێک ئەو زریانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە، روودەکاتە عێراق و ئێرانیش. کوردیش وەک یەکێک لە کێشەکانى ناوچەکە مەحکومە بە لێکەوتەى رووداوەکان. شانبەشانى ئەو مەترسى و هەڕەشانەى رووی تێدەکەن، ئەگەرى رەخساندنى دەرفەتیشى زۆرە...