به درێژایی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوو، به‌هۆی خراپیی دۆخی ئه‌منی و سیاسیی عیراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، هه‌رێمی كوردستان له‌پێش چاوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌كو ناوچه‌یه‌كی ئارام و جیاواز و سه‌قامگیر جێگه‌ی خۆی كرده‌وه. ئه‌و نیمچه ئازادی و پیادهكردنهی پرۆسه‌ی دیموكراسی كه له هه‌رێم له چهكهرهكردندا بوو، ببووه سه‌رچاوه‌ی هێز بۆ وێناكردنی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو دوورگه‌یه‌كی جیاواز له ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی و تاوەکو ئه‌ندازه‌یه‌ك به ناوچه ئارامه‌كه‌ی جوگرافیای نائارام وێنا ده‌كرا.
ئه‌م وێنا جیاوازه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست ببوو، هۆكار بوو بۆ راكێشانی سه‌رنجی وڵاتانی جیهان و دروستبوونی ئومێد بۆ گه‌شه‌پێدانی، بووه خاڵی راكێشانی كۆمپانیا و سه‌رمایه‌ی بیانی، هه‌روه‌ها جۆرێك له هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتیی پاراستنی ئه‌م ناوچه ئارامه نادهوڵهتییهی خسته ئه‌ستۆی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.
قسه‌یه‌كی باو هه‌یه دەگوترێت (به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وت چه‌ند گرنگه، پاراستنی گرنگتره). ده‌بوو ئه‌م به جیاواز روانینه له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی ئه‌وه‌ی بۆ لایه‌نه حوكمڕانه‌كانی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان دروستبكردبا؛ ئه‌وله‌ویه‌تیان ده‌ستگرتن بوایە به پاراستنی ئه‌و جیاوازییانه‌وه، به‌ڵام ئێستا هاوكێشه‌كان خه‌ریكه پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه. له لایه‌ك عێراق روو له ئارامی و سه‌قامگیریی سیاسییه، كه ده‌رگای بۆ سه‌قامگیریی ئابووریش خستووەته سه‌رپشت.هه‌رێمیش به‌هۆی ناته‌بایی سیاسی و كێشه و ململانێ نێوخۆییه‌كانی، دۆخێكی ناسه‌قامگیری سیاسیی بۆ خۆی خولقاندووه، كه ئه‌میش ده‌رگای بۆ دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ئابووری و ئه‌منی كردووەته‌وه. ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م دوو گۆڕانكارییه‌ش كاریگه‌ریی خستووەته سه‌ر دیمه‌نه گشتییه‌كه و خه‌ریكه له پێشچاوی جیهان وێناكردنهكه ده‌گۆڕێت.
شتێكی چاوه‌ڕوانكراویشه وه‌كو چۆن ئارامی و سه‌قامگیرییه سیاسییه‌كه‌ی، پیاده‌كردنی سه‌ره‌تاكانی موماره‌سه‌ی دیموكراسی، ببوونه خاڵی جیاوازی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رچاوه‌ی هێز بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سۆز و پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی. پێچه‌وانه‌كه‌شی راستییه كه نائارامی و ناسه‌قامگیریی سیاسی، سه‌ركوتكردنی ئازادی و پابه‌ند نه‌بوون به‌و سه‌ره‌تا و بنه‌ما دیموكراسیانه‌وه، كه له چهكهرهكردندا بوون، نائومێدی و پشتتێكردنی لێده‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره‌شدا جێی هه‌ڵوه‌سته و سه‌رسوڕمانه ئه‌وه‌یه كاتێک ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌كو نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، كۆمیسیۆنی چاودێریی مافه‌كانی مرۆڤ و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له راپۆرته‌كانیاندا سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان بۆ لادان و پێشێلكارییه‌كان ده‌خه‌نه‌ڕوو، له‌بری ئه‌وه‌ی سوود له‌و دهستنیشانكردنانه وه‌ربگیرێت و رێگه‌چاره‌ی كه‌موكورتییه‌كان بدۆزرێته‌وە، كه‌چی یان به پاساوهێنانه‌وه بۆ لادان و چه‌وتییه‌كان، یاخود به به‌درۆخستنه‌وه و به راپۆرتی چه‌واشه‌كارانه ناو بردن، وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه. له كاتێكدا هه‌موو ئه‌و عه‌یب و عارانه به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ن، میدیا دیمه‌نه‌كان ده‌گوێزێته‌وه و جیهان چاوی لێیانه. نێرده و کۆنسوڵخانهكان دیمه‌نه‌كان له خۆمان باشتر ده‌بینن.
چاوه‌ڕوانییه‌كی سه‌یره ئه‌گه‌ر پێتوابێت ده‌بێت جیهان هه‌ر به جوانی وێنای تۆ بكات، له كاتێكدا خۆت رۆژ له‌دوای رۆژ له پاشه‌كشه‌دا بیت. له ناوجه‌رگه‌ی هه‌ولێری پایته‌خت و له سلێمانی به رۆژی رووناك و له‌پێش چاوی خودا و خه‌ڵك تیرۆری سیاسی ئه‌نجام ده‌درێت، باوك ده‌چێته سه‌ر كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و ده‌ڵێت (كوڕه‌كه‌م له زیندان بوتڵی تێبڕدراوه)، له میدیاكانه‌وه وێنه‌ی سه‌ر و برۆ تاشین و شكاندنی كه‌رامه‌تی هاووڵاتییان ده‌خرێته پێشچاوی رای گشتی و كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌م وێنە و دیمه‌نانه لێكه‌وته‌كانی زۆر به گران له‌سه‌ر كورد و ئه‌زموونە حوكمڕانییه‌كه‌ی ده‌كه‌ون.
ئه‌م كێشانه چه‌ند بۆ دونیای ده‌ره‌وه و وێنا گشتییه‌كه له‌پێش چاوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كورد مایه‌ی مه‌ترسین، له‌وه زیاتر بۆ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسیدارن. ده‌بوو كوشتنی (كاوه بازیانی) كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رابچڵه‌كێنێت، كوڕێك له زگی دایكیایه‌تی و باوكی ده‌كوژرێت، دوای نزیك به 40 ساڵ تۆڵه‌ی كوشتنی باوكی ده‌كاته‌وه. ئایا ئه‌م زوڵم و سته‌م و نادادی و كوشتن و تیرۆره سیاسییه‌ی ئێستا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌نجامه‌كانی چی ده‌بن؟ كورد ده‌ڵێت، "هه‌ق كۆن ده‌بێت به‌ڵام نافه‌وتێت." دادپه‌روه‌رییه‌كی خودایی و سرووشتیش هه‌یه ناهێڵێت سته‌مكاری هه‌تا سه‌ر بێت.
كه دادپه‌روه‌ری له جێبه‌جێكردنی یاسادا په‌یڕه‌و نه‌كرا، ئه‌نجامی هه‌موو پرۆسه‌كه ده‌بێته كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌موو كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیش چه‌ند خه‌فه بكرێت، پهنگخواردووتر ده‌بێت و له ره‌خساندنی هه‌ر هه‌لومه‌رج و دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا تۆڵه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه. ده‌رئه‌نجامی تێكچوونی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش بۆ هه‌ر میلله‌تێك له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه ده‌ره‌كییه‌كان زیاترنه‌بێت كه‌متر نین.
كوردستان ئێستا له لێواری ئه‌و رێگەیهدایه، كێشه سیاسییه‌كانی و لێكه‌وته‌ی ناكۆكی و ململانێ ناوخۆییه‌كانی، خه‌ریكه ده‌رگاكانی جیهانی به‌ڕوودا كڵۆم ده‌دات. سه‌روه‌رنه‌بوونی یاسا و نادادپه‌روه‌ری و لێكه‌وته‌ی كێشه ئه‌منیه‌كانیشی، تۆوی تێكچوونی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌یچێنێت و زۆر نابات دێته به‌ر، ئه‌گه‌ر به خێرایی چاره‌سه‌ریان بۆ نه‌دۆزێته‌وه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ