چارەسەرێکى ناوەندى بۆ دۆخى چەقبەستووى کەرکووک

07-01-2024
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-

ئەگەر بڕیاربێت هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، گیانێکى تازە بە بەر ئیدارە خۆجێییەکانى پارێزگاکاندا بکات و دەسەڵاتێکى کاراى خزمەتگوزار و دەزگایەکى چاودێرى بێنێتە ئاراوە، بۆ کەرکووک تەواو پێچەوانەیە، نەک چاوەڕوان ناکرێت ببێتە زادەى لەدایکبوونى ئیدارەیەکى نوێ، بەڵکو گریمانەى ئەوە زاڵە کە هەڵبژاردنى کەرکووک، لەلایەک ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانى پێکهاتە جیاوازەکان قووڵتر بکاتەوە و لەلایەکى دیکەشەوە حکومەتى خۆجێى شارەکە بەرێتە دۆخێکى چەقبەستووەوە. 
 
هەرچەندە پارێزگاى کەرکووک تاکە پارێزگا نییە کە پێکهاتەى جیاوازى تێدایە، بەڵام ئەوەى کەرکووک لەو شارانەى دیکە جیادەکاتەوە خودى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانە، چونکە لە یاساکەدا کەرکووک تایبەتمەندیی ئەوەى دراوەتێ کە (دەسەڵات بەشێوەیەکى دادپەروەرانە دابەش دەکرێت، بە جۆرێک هاوبەشىی پێکهاتەکانى پارێزگاکە مسۆگەر بکات، بەبێ لەبەرچاوگرتنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان). 
 
سەربارى ئەوەى یاساکە بە دەق ئەوەى دووپاتکردووەتەوە کە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان لەبەرچاو ناگیرێن لە پێکهێنانى ئیدارەى خۆجێى پارێزگاکە، بەڵام دواجار ئەوەى بەشدار دەبێت لە پێکهێنانى ئیدارەکە هەر دەبێت هێزە بەشدارەکان و براوەى پرۆسەى هەڵبژاردن بن، بۆیە دەتوانرێت ئەو بڕگە یاساییە وەک جۆرێک لە پارێزبەندى بۆ مافى بەشداریی هەر پێکهاتەیەک لێکبدرێتەوە، نەک ئەوەى هیچ تایبەتمەندییەک بە دەرئەنجامى هەڵبژاردن نەدرێت، بەڵام دەتوانرێت ئەم بڕگە یاساییە بۆ ئەوە بەکارببرێت رێگرى لەوە بکات لەسەر بنەماى زۆرینە و کەمینەى چەند لایەنێک یاخود چەند پێکهاتەیەک، پێکهاتەیەکى دیکە فەرامۆش بکرێت. ئەمەش ئەوە دەچەسپێنێت دەبێت حکومەتى خۆجێى کەرکووک نوێنەرى براوەى هەڵبژاردنى هەر چوار پێکهاتەکەى تێدابێت. 
 
ئەنجامى هەڵبژاردنەکان و دابەشبوونى کورسییەکان بەسەر پێکهاتەکاندا، لەگەڵ بوونى ئەم بڕگە یاساییە وەکو کۆتێک بۆ پێکهێنانى ئیدارەى کەرکووک، رێگە لەوە دەگرێت بتوانرێت بە دروستکردنى هاوپەیمانیی سیاسى لەنێوان چەند لیستێکى براوەدا، حکومەتى خۆجێى دروستبکرێت کە پێچەوانەى کەرکووک، هەموو پارێزگاکانى دیکە لەسەر ئەو بنەمایە ئیدارەى نوێ پێکدەهێنن. لەکاتێکدا بە بوونى ئەم دەقە یاساییەوە دەتوانرا بە هاوپەیمانێتیى زۆرینەى کورسییەکان، ئیدارەى کەرکووک پێکبهێندرایا، ئەگەر دابەشبوونەکە بەم جۆرەى ئێستا نەبوایا، بۆ نموونە ئەگەر تورکمانێکى شیعى و عەرەبێکى شیعە کورسییان بەدەستبهێنایە، کورد و مەسیحی و تورکمان و عەرەبە شیعەکە پێکەوە دەبوونە زۆرینە، ئەوکات نە تورکمانەکەى دیکە و نە عەرەبەکانى تر مافى ئەوەیان نەبوو پەنا ببەنە بەر دادگەى فیدراڵى و بڵێن مافى پێکهاتەکانمان فەرامۆش کراوە. یاخود ئەگەر بەربژێرە کریستیانەکە لە بەرەى یەکێتی نەبوایا، ئەوکات عەرەب و تورکمان و پارتى و کورسیی کریستیانەکان، دەیانتوانى ئیدارە دروست بکەن و یەکێتى کە زۆرینەى کورسییەکانیشى لەلابوو، ئەو شەرعییەتە یاساییەى نەدەبوو پەنا بباتە بەر دادگە، بەڵام ئێستا دەتوانرێت کورسیی کریستیانەکان وەک بارمتەیەک لەلایەن یەکێتییەوە بەکارببرێت کە بە زۆرینەى کورسیی عەرەب و تورکمان و پارتیش نەتوانن حکومەت پێکبهێنن، چونکە لەو حاڵەتەدا بەربژێری کریستیانەکان بەشدارى ناکات و بە پەنابردنە بەر دادگە، دەتوانێت ئیدارەکە هەڵبوەشێنێتەوە. واتا تاوەکو ئەندازەیەک هەموو لایەک جۆرێک لە حەسانەى ئەوەى هەیە کە نابێت فەرامۆش بکرێت. 
 
جگە لەم کۆتە یاساییە، دابەشبوونێکى دیکەش تا ئەندازەیەک کۆسپێکى دیکەیە بۆ کەرکووک، ئەویش ئەو دابەشبوونە سیاسییەیە کە لەدواى روخانى سەدامەوە کورد و کریستیانەکان کەوتنە بەرەیەک و تورکمان و عەرەبیش لە بەرەیەکى دیکە. ئێستاش دەرئەنجامى دابەشبوونى کورسییەکان جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان ئەم دوو بەرەیە دروستکردووەتەوە، عەرەب و تورکمان نیوەى کورسییەکانیان بردووە و کورد و کریستیانیش نیوەکەى دیکەى. 
 
لەناو کوردیشدا وێڕاى بوونى کێشە و ناکۆکیى قووڵى پارتى و یەکێتی، کە هێشتا ئاماژەیەکى روون دیار نییە بەوەى دەتوانن وەک یەک فراکسیۆنى کوردى خۆیان رێکبخەنەوە یاخود نا، هەروەها دابەشبوونى لایەنە سیاسییەکانى ناو پێکهاتەکانیش بەسەر بەرەى تورکیا و ئێراندا بێ کاریگەر نابێت لەسەر دروستکردنى ئیدارەى کەرکووک، بۆیە بە هەموو پێوەرێک ناتوانرێت لەو ماوە یاسایی و ئاساییەى بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێى پارێزگاکان دانراوە، لە کەرکووک حکومەت پێکبهێندرێت. لایەنى خراپى ئەم دواخستنەش ئەوەیە تاوەکو ئیدارەى نوێ دروست نەکرێت، دەسەڵات لە دەستى ئەم ئیدارەیەى ئێستا بەردەوام دەبێت کە ئێستا ئیدارە لەلایەن پێکهاتەى عەرەبییەوە بە خراپى بەڕێوەدەبرێت و کورد و تورکمان نیگەرانن لەو جیاکارییانەى دەکرێن. تەنانەت پێشتریش کە ئیدارە بەدەست کوردەوە بوو، ئەوکاتیش عەرەب و تورکمان نیگەران بوون. هۆکارەکەشى ئەوەیە نەتوانراوە میکانیزمێک بدۆزرێتەوە کە بە کردارى هەموو پێکهاتەکان بەشداریی دەسەڵات بکەن، پارێزگار لاى کێ بووبێت دەسەڵاتى بەسەر شارەکەدا سەپاوە و ئەوانى دیکە فەرامۆش کراون.
 
بۆیە لەبرى ئەوەى بیر لە سیناریۆى جیا جیا بکرێتەوە بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک و گفتوگۆکان لەسەر بنەماى ئەوە بن کام لایەن و کام پێکهاتە دەتوانن پێکەوە رێککەون، وەک ئەوەى ئێستا دەگوترێت عەرەب و تورکمان لەناو خۆیان رێککەوتوون پۆستى پارێزگار بەشێوەى دوو ساڵ بە دوو ساڵ بەڕێوەبەرن، یام ئەو هەوڵانەى لایەنى کوردى دەیدات بۆ دەستەبەرکردنى دڵنیایى لە وەرگرتنى پارێزگار کە بە دەقى یاساى هەڵبژاردنەکان ئەم پۆستە بە دەنگدان و بردنەوە و دۆڕان یەکلانابێتەوە، بۆیە لێرەدا چارەسەرێکى مامناوەندى و پێشوەختە دەخەمەڕوو لەلایەک بۆ جۆرێک لە دروستکردنى هاوسەنگیى راستەقینە لە بەڕێوەبردنى شارەکە لەلایەن پێکهاتەکانەوە و لەلایەکى دیکەشەوە وەک یارمەتیدەرێک بۆ ئەوەى تەنها چاوەکان لەسەر وەرگرتنى پۆستى پارێزگار نەبێت و ئەم دۆخە چەقبەستووە چاوەڕوانکراوەى کەرکووک تێپەڕێندرێت. پێشنیاز دەکەم دەسەڵاتەکانى کەرکووک بە رەچاوکردنى جۆرێک لە هاوسەنگى بکرێتە خشتەیەک و گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکرێت هەر پێکهاتەیەک کام لیستە لەم خشتەیە وەردەگرێت. 
 
بۆ نموونە پۆستى پارێزگارى کەرکووک و جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى و کشتوکاڵ لیستێک بێت، لە ئەگەرى ئەوەى بۆ پێکهاتەی کوردى بێت، لە بەرامبەردا پۆستى سێ قایمقام (ناوەندى کەرکووک و دوبز و داقووق) و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و پەروەردە بۆ پێکهاتەی تورکمان بێت، پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەن و جێگرى پارێزگار و قایمقامى حەویجە و بەڕێوەبەرى پۆلیسى کەرکووک بۆ لایەنى عەرەبى بێت. پێکهاتەى کریستیانیش سەرۆکى شارەوانیى کەرکووک و یاریدەدەرى پارێزگا و بڕیاردەرى ئەنجوومەنى پارێزگایان بدرێتێ. دابەشکارییەکى لەم شێوەیە وادەکات تاوەکو ئەندازەیەک هیچ پێکهاتەیەک دەسەڵاتى تەواوى بەسەر کەرکووکدا نەبێت و هیچ پێکهاتەیەکیش فەرامۆش نەکرابێت لە بەڕێوەبردنى حکومەتى خۆجێیى شارەکەیان. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.