من لە لای پوورم گەورەبووم و ئەو لە جێی دایكمە، لە منداڵییەوە دەزانێت كە حەزم لە شتی دووبارە نییە، ئەوەش وایكردووە كە سەركێشی زۆر بكەم.
دەزانم لە خۆشەویستییەوە وادەكات، چونكە ئەویش ژنێكی ئازابوو، هەموو كات منیش حەزم لێبوو نیشانیبدەم، كە ژن دەتوانێ لە هەموو بوارێكدا كاربكات و سەركەوتووبێت، یەكێك لەو كارانەش سەربازی بوو، دەمویست بزانم بەڕاستی ناترسن! بۆ نموونە ئەگەر هەر كارمەندێك لە هەر دەزگایەك كاربكات تاوەكو راددەیەك دەزانێ كەی دەچێت و كەی دەگەڕێتەوە، بەڵام لە كاری سەربازیدا چوونی دیارە و گەڕانەوەی نا، ئایا ئەوان دەبێ چ بە پووریان بڵێن؟
ماوەیەك بوو لەگەڵ هاوكارانم ئامادەكاریم بۆ ئەو كارە دەكرد. زۆربەی چاوپێكەوتنە رۆژنامەڤانییەكانی كاگینزم بینیبوو و پرسیاری زۆریشم لەلا دروست ببوون، كە لەو بینیەدا لێیان بكەم .
بەرەو روژئاوای كوردستان دەڕۆین، رەنگە هەمووتان كەم تاوەكو زۆر ئاگاداربن بارودۆخی رۆژئاوا چۆنە، بەڵام ئەوەی كە من و بەشێك لە ئێوە رەنگە نەمانزانیبێ میواندۆستی و میهرەبانی خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، پێموابوو كاتێك جەنگ لە هەر شوێنێك رووبدات مروڤەكان بەرەو تووندوتیژی و زبری دەگۆڕێن، بەڵام خەڵكی رۆژئاوا پر هەستتر و ئازاتربوونە، وەك خۆیان دەیانگوت و منیش بەڕوونی هەستم بەو پڕ هەستییەیان دەكرد.
كاژێر 9ی بەیانی 28ی تەممووزی 2020 لەگەڵ هاوكاری وێنەگرم لە تۆڕی میدیایی رووداو (بەیار حەكیم)، لە فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی بووین، قەڵخانی خۆپاراستنمان پۆشی و بەرەو هەلیكۆپتەرەكە رۆیشتین، من یەكەم جارم بوو بە هەلیكۆپتەر بفڕم، بەڵام بەیاری هاوكارم، پێش دوو ساڵ بۆ ئەنجامدانی فیچەرێك لەسەر كەشتیی سەربازیی جۆرج بوش لە بەحرێن، سواری هەلیكۆپتەر ببوو. هەر باسی دەكرد و دەیگوت تۆ یەكەم جارتە، سەیری من بكە چیمكرد وابكە، تووڕەی كردبووم، ترسم هەبوو، بەڵام خۆم واپێشان نەدا كە دەترسم، بۆ ئەوەی گاڵتەم پێنەكات.
كاروانەكە بۆ رۆژئاوای كوردستان بریتیبوو لە سێ هەلیكۆپتەر، ئەوەی ئێمە لە جۆری CH -47 Chinook بوو، دووانەكەی دیكەش لە جۆری UH-60و Blackhawk بوون، پێداویستی فریاكەوتنی سەرەتایی و چەند پەڕەشووتێكی تێدابوو لەگەڵ ئاو.
نەمدەتوانی هیچ بخۆم، كاژێر 10:30 هەلیكۆپتەرەكەمان فڕی و گەشتەكەمان 60 خولەكی خایاند،20 كەس بووین لەنێو هەلیكوپتەرەكەدا، تەنیا سێ كەسمان سیڤیل بووین، من و وێنەگرەكەم و تانیا مەحموود، گەورە راوێژكاری فەرماندەیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، ئەوانیدیكە هەموو سەرباز بوون.
دابەزین لە بیابان بوو، تەنیا ئۆتۆمبێلی سەربازی و هەلیكۆپتەر و كەپرت دەبینین، ئەمە رمێلان بوو، كە سەر بە پارێزگای حەسەكەیە لە رۆژئاوای كوردستان. بنكە سەربازییەكە 14 كیلۆمەتر لە سەنتەری شارەوە دوورە، هەر یەكەم خولەك ئاگاداریان كردینەوە، كە لەبەر ئاسایشی بنكەكە لە هەندێك شوێن بۆتان نییە وێنە بگرن، كەواتە من تەنیا باسی ئەوەتان بۆ دەكەم، كە رێگەیان پێداوم باسی بكەم.
لەگەڵ یەكێك لە سەربازەكان چووین بۆ ئەوەی جێگەی حەوانەوەمان پێشانبدات. كە لەنێو كابینەیەك بوو كە 7 ژووری تێدابوو، هەر ژوورێك دوو تەختی خەوی تێدابوو. تەختەكان زۆر بچووك بوون، بەتانی و سەرینیشیان لەسەر نەبوو.
رێستورانتەكەیان نانی بەیانیان و ئێوارانی هەبوو، پێنج دۆلارت دەدا دوو ژەم خواردنت دەخوارد، كە ئەویش چوار كەوچك برنج و سوپێكی خەستی قارچك و هێلكە بوو. سبەینان و ئێواران هەمان خواردن بوو. حەزم كرد خواردنەكەم دووبارە نەبێ، هەر هیچ نەبێ ژەمەكان پێكنەچن، زانیمان لەنێوان هەردوو بنكەی هێزی سەربازیی هاوپەیمانان و بنكەی هێزەكانی سووریای دیموكرات رێستورانتێك هەیە. لەگەڵ كۆلۆنێل ماری كلۆد رۆیشتم، كە راوێژكاری پرسی جێندەرییە لەنێو هێزی هاوپەیمانان. لە هەولێرەوە لەگەڵمان هاتبوو. پێیگوتم تۆ وابیردەكەیەوە من خەم لە دووری منداڵەكانم ناخۆم؟
ریستۆرانتەكە خواردنی زۆرخۆشی لێبوو، من داوای پیتزایەكم كرد بە پەنیر، نرخەكەی 10 دۆلار بوو، گوتی چارەكێكی پێدەچێت، داوامكرد رێگەم بدەن بچمە نێو چێشتخانەكە بۆ ئەوەی هەندێك وێنە بگرم، ویستم خۆمیان پێ بناسێنم، هەر كە گوتم من دیدەم لە تۆڕی میدیایی رووداوەوە هاتووم، گوتیان "بەڵێ دیدە خان دەتناسین، ئێمە سەیری بەرنامەی گفتوگۆی كچانمان دەكرد، هەرچەندە زۆر لە قسەكانت تێنەدەگەیشتین، بەڵام پێكەنینمان بە پێكەنینەكەت دەهات".
بەم قسانە زۆر دڵخۆشبووم، ئەوكاتە ئیدی هەستمكرد ئەو بەرنامەیە هەندێ خەڵكی لەو بارودۆخە ناخۆشەدا دڵخۆشكردووە، لەوانەش هەندێك كوردی رۆژئاوای كوردستان.
دەبووایە زوو خواردن بخۆین و بڕۆینە ئەو بەشەی كە هێزی هاوپەیمانی سووریای دیموكراتی لێیە، چونكە كاژێر چواری ئێوارە كولۆنێل مایلز كاگێنز كۆنفرانسێكی هاوبەشی رۆژنامەڤانی هەبوو لەگەڵ هێزی سووریای دیموكرات. بەر لە دەستپێكردنی كۆنفرانسەكە كاگێنز چایەكی لەگەڵیان خواردەوە و باسی كار و چالاكییەكانیانی كرد.
كولۆنێل مایلز كاگێنز هەر كەسێكی تەنیا یەك جاریش بینیبێ یان لە تۆڕە كۆمەڵایتییەكانەوە ئاشنای بووبێت دەیناسێتەوە. كاگێنز لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زۆر چالاكە و زۆر نزیكە لە خەڵك، لە هەر سەردانێكی یان چاوپێكەوتنێكی پێشووتر دەمبینی زۆر بەدواداچوونی بۆ ئەو كەسانە دەكرد كە هەڤپەیڤینیان لەگەڵ كردبوو، هەوڵیدەدا چەند وشەیەك بە كوردی یان عەرەبی بڵێت.
نزیكەی 25 بۆ 30 رۆژنامەڤان هاتبوونە پرێسكۆنفرانسەكە، بەشێكیان هاتن بۆ لام و وێنەیان لەگەڵ گرتم و دەیانگوت ئێمە بینەری بەرنامەی (نوورۆژ)ین لە فەیسبووكی رادیۆی رووداو و زۆر خۆشحاڵ دەبین ئەگەر سەردانی قامشلۆ بكەی، بەخۆمم گوت بڕۆمەوە هەولێر تەنیا سەیری بووڵتەنە كورمانجییەكانی رووداو دەكەم بۆ ئەوەی كورمانجییەكەم باشبكەم و ئیتر بە كورمانجی بەرنامە پێشكێش بكەم.
خۆشەویستی زۆریان پێدام، لە یەكەم ساتەوە لەگەڵ ئەوەی پێشتر پێیانگوتبووم من وەكو راپەرێك قسە دەكەم، ئەوانیش بە زەحمەت لێم تێدەگەن. لە وێنەگرتن تەواو بووین و شەو شادمان لەیەكدی كرد. من نەمتوانی لەسەر ئەو سیسەم و ژوورە سێ مەتریەی كە سەرم بەر بنمیچەكەی دەكەوت بخەوم.
لە پێش دەرگای رێستۆرانتەكە پێویستیمان بە سەربازێك بوو، بۆ ئەوەی رێ لەو قەلە بگرێت كە لەوێ وەستابوو، تاوەكو بچینە ژوورەوە، چونكە تاوەكو ئەوكات بە دەگمەن خەڵكی سیڤیلی بینیبوو. بۆیە كە من و بەیاری بینی هێرشیكردە سەرمان و نەیهێشت بچینە ناو ریستۆرنتەكە.
پێیانگوتین ئەو قەلە سێ ساڵە لێرەیە، هەموو كات لە پێش دەرگای رێستۆرانتەكە بۆ خواردن دەوەستێ. دەیزانی سبەینان و ئێواران لەوێ خواردن هەیە.
ئەو رۆژە لەگەڵ چەند سەربازێك هەڤپەیڤینم هەبوو بۆ سپێشەڵ ریپۆرتەكە. باسی ژیانی خۆیان و كارەكەیان بۆ دەكردم. یەكێك لە پرسیارەكانم ئەوەبوو كە دوورن لە خێزانەكانیان چ هەستێكیان هەیە؟ لە سووریا خەڵك چییان پێدەڵێن؟ چەند كەسێكیان هاوژین و منداڵیشیان هەبوو، بێگومان پێیان قورسبوو، بەڵام وەكو خۆیان دەیانگوت هەموو شتێك لە ژیان بە دڵی خۆمان نابێ و خەڵك هەر گوێیان لە ناوی سووریا دەبێت، پێیاندەڵێن ئێوە زۆر ئازان، كە لەوێ كار دەكەن، بەڕاستی ناترسن؟
رەنگە ترس هۆكارێك بووبێ كە من نەتوانم ئەم سەركێشییە بكەم و خۆشەویستی خەڵكی رۆژئاڤا لە نزیكەوە ببینم. رۆژانە، سەربازەكان لە چەند كاتێكی جیاوازدا بە سێ چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی دەچوونە دەرەوە بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی ناوچەكە. هەندێكیشیان سەرقاڵی كارە تەكنیكییەكان و ئەنجامدانی كاروباری ناوەوە بوون، وەك پاككردنەوە و چێشتلێنان، شەوانەش دەچوونە هۆڵی لەشجوانی.
هەر سێ بۆ شەش مانگ جارێكیش خولی راهێنانی سەربازییان بۆ دەكرێتەوە. لەسەر قسەی كاگێنز كەمانچەكەم لەگەڵ خۆم بردبوو، شەوی پێش رۆژی گەڕانەوەمان كەمانچەكەم دەرهێنا و پارچە میوزیكێكم ژەنی. بە چاویاندا دیاربوو كە پڕ هەست و سۆزن. زانیم سەربازەكانیش زۆر پڕ هەستن و بەوجۆرە نییە كە بەشێك لە ئێمە بیریان لێدەكەینەوە، كە رەنگە پێمانوابێ سەرباز وەكو رۆبۆتە، هەر كارێك دەكەن دەرفەت نادەنە دڵیان، بەڵام جیاوازییەكە هەر ئەوەیە سەربازەكان زۆر بە دیسپلینن.
كاژێر 8:30ی بەیانی بوو كاتێك بەرەو هەلیكۆپتەرەكە دەڕۆشتین، سەربازەكان وەكو شارە مێروولە دەهاتنە بەرچاوم. گەڕانەوەمان جیاواز بوو، جیاوازییەكەش تەنیا ئەوە نەبوو كە من چیدیكە ئەو ترسەم نەما كە لە هەلیكۆپتەر هەمبوو، كاپتنەكەش جیاواز بوو، كچێكی گەنج و جوان و ژیر بوو.
ئێمە لە دوو بنكەی سەربازیی هێزی هاوپەیمانی وەستاین لە تلتەمر و شەدادی، هەندێ سەرباز دابەزین و هەندێ سەربازی دیكە لەوێ سەركەوتن. كاژێر 1:30ی دوای نیوەڕۆ گەیشتینەوە فڕۆكەخانەی هەولێر.
لەوێ، لە بنكەی سەربازی هاوپەیمانان، وێنەمان گرت. كاگینز لەم بەشەدا باسی ژیانی تایبەتی خۆی بۆ كردم. پرسیارم لێكرد ئایا پلانی داهاتووی چییە لە دوای مانگی نۆ كە ساڵێك تێدەپەڕێت بەسەر دەستبەكاربوونیدا وەك گوتەبێژی هێزی هاوپەیمانان.
كاگینز لە بنەماڵەیەكی سەربازیدا گەورەبووە. لە تەمەنی حەڤدە ساڵییەوە لە نێو سوپای ئەمریكا بووەتە سەرباز و لە بنەماڵەیەكی سەربازییەوە هاتووەتە دونیاوەو كچێكی تەمەن 24 ساڵی هەیە.
كاگینز خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو چەند رۆژەی لەوێ بووین. ئێمەش زۆر پرسیاری گشتی و تایبەتیمان لێكرد. وەك زۆر جاری دیكە لە كۆتایی هەڤپەیڤینەكانیدا لە رووداو بە كوردی سوپاسی كردین.
وردەكارییەكانی ئەم سەردانەی تیمی رووداو بۆ بنكەی سەربازیی هاوپەیمانان لە رۆژئاوای كوردستان لە سپێشەڵ ریپۆرتێكدا سەبارەت ژنانی نێو هێزی هاوپەیمانان و فیچەرێكی تایبەت لەسەر گوتەبێژی هاوپەیمانان بەم زووانە دەبینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ