لە پێشڤەچوونێکی پێشتر نەبینراودا دوێنێ شەو، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکای لە شارەکەدا کردە ئامانج. هێرشەکە دڵەڕاوکێی لە ناوەندە حکومیەکاندا دروست کرد.
بڵاوکراوەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، مووشەکەکان لە دەشتی نەینەواوە ئاراستەکراون. هێرشە نوێیەکە زنجیرەی کۆمەڵێک هێرشی دیکەی پلانبۆداڕێژراوە بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەلایەن مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی پێوە کرا و پێیڕاگەیێندرا، ئەگەر حکومەتی عێراق وەڵامی داواکارییەکانی ئەمریکا نەداتەوە لە دابینکردنی ئاسایشی پێویست بۆ نێردە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت و ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەغدا و رێگەی نێودەوڵەتی و دەوروبەرەکەی نەپارێزێت و کارنەکات بۆ راگرتنی هێرشە مووشەکییە نیمچە رۆژانەکان، بڕیاری ئەوان داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکایە لە بەغدا.
نیازی ئیدارەی ئەمریکا بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکەی دڕدۆنگیی چاودێران و سیاسییەکانی پێکەوە ورووژاند، چونکە بڕیارەکە خێرا و پێشبینینەکراو بوو. بەڵام بەر لە بڕیارەکە هەندێک ئاماژە بە ئاراستەی وەرگرتنی بڕیارێکی لەو جۆرە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە هەبوون، بەتایبەت کە ئیدارەی ئەمریکا زنجیرەیەک هۆشداری و ئاماژەی دابوو بەر لەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی بوونی خۆیەوە لە عێراقدا بدات. بەڵام عێراقییەکان بایەخیان بەو هۆشدارییانە نەدا. بۆیە ئیدارەی ئەمریکا هەنگاوی بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی بەرگری و هێرشکردن نا.
یەکەمیان بریتیبوو لە داخستنی کونسوڵخانەکەی لە بەسرە لە ئەیلوولی 2018دا، دواتر بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی بە شوێندا هات، بە کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی لە عێراق لە ئایاری 2019دا. هەروەها پاشەکشە لە بنکە سەربازییەکانی پێشەوەی ناو وڵاتەکە بە هەنگاوی پلە بە پلە لە 2019 و 2020ـدا کە دواترینیان چۆڵکردنی بنکەی سەربازیی تاجی بوو.
هەروەها واشنتۆن هەندێک هەنگاوی هێرشکەرانەی گرتەبەر، لەنێویاندا بەئامانجکردنی بارەگای کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە قائیم، ئەوەش لە هێرشێکی مووشەکیدا لە 20ـی کانوونی یەکەمی 2019. دواتر پرۆسەی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیسی، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیی بە شوێندا هات لە 3ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا.
لەنێو ئەم گۆرانکارییە یەک بەدوای یەکانەدا پرسیاری سەرەکی کە لە مێشکی ئەمریکییەکاندا دووبارە دەبووەوە، ئەوە بوو ئەم دۆخە تا کەی بەردەوام دەبێت؟ ئەوان فشاریان خستە سەر حکومەتی عێراق بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشانە، بەڵام حکومەتی عێراق تا ئەم ساتەش نەیتوانیوە هێرشەکان رابگرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە لە ماوەی رابردوودا ژمارە و جۆری هێرشەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. هەندێک سەرچاوەی ئاگادار دووپاتی دەکەنەوە کە ئەمریکییەکان زانیاریی هەواڵگرییان بە دەست گەیشتووە کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا باڵیۆزخانەکەیان هێرشێکی هاوشێوەی هێرشەکەی کانوونی یەکەمی 2019ی دەکرێتە سەر. هەر بۆیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو بڕیارەی دا و لە رێگەی مایک پۆمپەیۆی وەزیری دەرەوەیەوە گەیاندیە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
نەخشەڕێی پاشەکشەکە
سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن "پرۆسەی داخستن" بەکردەیی دەستیپێکردووە، ئەوەش لە رێگەی کێشانی نەخشەرێیەکەوە بۆ ئامادەکردنی "پلانی کار." ئەو پلانەش پێویستی بە وەرگرتنی ژمارەیەک بڕیار و وەڵامدانەوەی ژمارەیەک پرسیارە، لەنێویاندا ئایا داخستنەکە کاتی یان هەمیشەیی دەبێت؟ ئایا هەموو کەلوپەلەکانی ناو باڵیۆزخانەکە دەگوازرێنەوە یان لەپشتی دەرگا داخراوەکانەوە لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە؟ دامەزراوەکانی باڵیۆزخانەکە رادەستی لایەنی عێراقی دەکرێت، یان دەدرێتە دەست نێردەی یەکێک لە شاندە دیپلۆماسییە بیانییەکان؟ چۆڵکردنەکە ئاسمانی یان زەمینی دەبێت؟ ئیتر چەندین پرسیاری دیکە کە جۆر و رێکاری پاشەکشەکە دیاری دەکەن و ئەوەش هەمووی خراوەتە بەردەستی بەرپرسان بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاو بدەن و پاشان بە کردەییکردنی پاشەکشەکە کە ماوەی 60 تا 90 رۆژی پێویستە.
هەمان ئەو سەرچاوانە دووپاتیان کردووەتەوە کە هێشتا زووە باس لەوە بکرێت کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بمێنێتەوە یان نا. چونکە لایەنی ئەمریکی چەندین ئاماژەی روونیان بە سەرکردە سیاسییەکان و بەتایبەت لایەنی کوردی داوە کە بە نیازن کاری کۆنسوڵخانەکەیان لە هەولێر درێژە پێبدەن. لە کاتێکدا کارکردن بۆ تەواوکردنی دامەزراوەکانی باڵیۆزخانەکە لە هەولێر بە چڕی بەردەوامە، بەڵام ئەم مانەوەیە پەیوەندیی بە بەردەوامبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رەزامەندبوونی بەغداوە هەیە. بە مانایەکی دیکە، پلانی پاشەکشەکە "لە قۆناخی جێبەجێکردندایە" و دواتر بڕیار دەدرێت لەوەی پێویستە چی بکرێت. ئەمەش بەپێی گۆڕانکارییەکانی سەر زەوی.
سیاسەتڤانە عێراقییەکان هێشتا پێیانوایە بڕیارەکەی ئەمریکا تەنیا بڕیارێکی "تاکتیکیی سیاسی"ـیە، یان "کارتی فشار"ە لەسەر حکومەتی عێراق و ئەوان، واتە ئەمریکییەکان، لە بڕیاری داخستنەکەدا "سوورنین،" چونکە "عێراق پێگەیەکی ستراتیژی"ـیە بۆ ئەوان و گرنگییەکی گەورەی بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەیە، بەتایبەت بکەری سیاسیی عێراق و دەسەڵاتداری شیعەی وڵاتەکە. هەر بۆیە بایەخ بە هۆشدارییەکانی ئەمریکا نادەن و لەوەش تێناگەن کە ئەمریکا سوورە لەسەر هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی رێوشوێنە بەرگری و هێرشکارییەکانی خۆی، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەری بەردەوام بن، بەبێ ئەوەی حکومەتی عێراق هیچ بکات. بۆ زانین داخستنی باڵیۆزخانەکە لەژێر رێوشوێنە بەرگرییەکاندا دەبێت.
دەکرێt سەرچاوەی ئەم بیرکردنەوەیەی سەرکردە عێراقییەکان بەرامبەر پەرچەکردارەکانی ئەمریکا بۆ چەند شتێک بگەڕێتەوە: رەتکردنەوەی پاشەکشەی ئەمریکا لەلایەن هەندێک ناوەندی ئەمریکی و نائەمریکیشەوە، وەک ئەوەی دەوڵەتانی ئەوروپا رایانگەیاندبوو، یان ئەو نامەیەی دوو سیناتۆری هەردوو پارتە سەرەکییەکەی وڵات نووسیویانە و تێیدا دەڵێن "داخستنی باڵیۆزخانەکە زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات" دەگەیێنێت و بەرپرسەکانی ئەمریکاش دەزانن کە پاشەکشەکە زیانی زۆریان پێدەگەیێنێت و هاوکات پێیانوایە ئەو زیانەی لەو پرۆسەی پاشەکشەکەیەدا بەریان دەکەوێت کەمترە لە قەبارەی ئەو زیانەی بەریان دەکەوێت ئەگەر سیناریۆی بەنغازیی 2012 و تارانی 1979 دووبارە ببێتەوە.
دڵەڕاوکێ لە داڕووخان
چاودێران کۆکن لەسەر ئەوەی عێراق دوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا وەک عێراقی پێش داخستنی باڵیۆزخانەکە نابێت. پرۆسەی سیاسی دەکەوێتە ناو قەیرانێکی قووڵەوە. من لە وتاری پێشووشمدا لەبارەی لێکەوتەکانی پاشەکشەکەوە نووسیم، بەڵام لێرەدا تەنیا ئەوە بەس نییە بڵێین حکومەت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا بۆ پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەکان و کۆنترۆڵکردنی چەکی لەدەستدەرچوو کە لوولەکانیان بەتایبەت ئاراستەی ناوچەی سەوز کراوە، لەژێر فشارێکی زۆردا دەبێت.
رۆژی 30ـی مانگی پێشوو نوێنەرانی 28 دەوڵەت لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە و لە بڵاوکراوەی پاش کۆبوونەوەکەدا دڵەڕاوکێی گەورەی خۆیان "لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارە و جۆری هێرشەکان لە دژی دامەزراوە دیپلۆماسییەکان لە عێراق" دەربڕی. داوایان لە حکومەت کرد، رێوشوێنەکان تووندتر بکات "بۆ چارەسەرکردنی ئەو ترسە" و "پتەوکردنی ئاسایشی بەغدا" و فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەی شارەکە.
بۆچوونی زۆر هەیە لەسەر دیمەنی داهاتووی سیاسی و دۆخی ئێستا بەشێوەیەکی گشتی. هەندێک پێیانوایە لایەنی ئەمریکی کار بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ لایەنە سوننی و کوردییەکان و سازدانی گرێبەستی سیاسی و ئاسایشی لەگەڵ هەردوولا دەکات. ئەمەش لەپێناو پاراستنی ناوچەکانیان، لە کاتێکدا ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق شەپۆلێکی جەنگی ناوخۆیی بە خۆوە دەبینن، چ لەنێوان هەمان ئەو گرووپە چەکدارانە، یان لەنێوان ئەو گرووپانە و هێزە حکومییەکانی وڵاتدا، لەگەڵ بەردەوامبوونی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئێستا لە ناوەڕاست و باشووری عێراق.
ئەوانەی خاوەنی ئەو بۆچوونەن، پشت بە دوو هۆکاری سەرەکی دەبەستن. یەکەمیان بڵاوبوونەوەی بەرچاوی چەکی لەدەستدەرچوو لەنێوان گرووپە زۆرەکاندا کە هەندێکیان یاسایی نین و سەر بە حەشدی شەعبی و حکومەتیش نین. دووەمیان بریتییە لە داڕووخانی پێشبینیکراوی ئابووری، چونکە حکومەتی عێراق دەبێت نزیکەی 7 ملیار دۆلاری مانگانە بدات بۆ مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینەکانی. لە کاتێکدا داهاتی مانگانەی لە نیوەی ئەو پارەیە زیاتر نییە. پێشبینی دەکرێت ئابووریی وڵاتەکە رووبەڕووی پاشەکشەی بێوێنە ببێتەوە و بەوەش حکومەت ناچار دەبێت بەهای دینار ئازاد بکات. ئەم هەنگاوەش سەردەکێشێت بۆ لەدەستدانی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و گرانبوونی نرخەکان. هەموو ئەمانە سەردەکێشن بۆ کەڵەکەبوونی دۆخی خراپی ئابووریی وڵات و بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و پێویستیی بێکارەکان بە چاودێریی کۆمەڵایەتی زیاتر دەبێت.
چاودێران پێیانوایە کارلێکی چەک لەگەڵ داڕووخانی ئابووری بێسەروبەرەییەک دەهێنێتە ئاراوە کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کارکردن بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە بەردەستەکان لەپێناو دەستبەسەرداگرتنیان و فراوانبوونی ئەو ناوچانەی گرووپەکان هەژموونیان بەسەریدا هەیە، ئەمەش لە کۆتاییدا دەبێتە کڵپەی بەرپابوونی جەنگ لەنێوان لایەنە چەکدارەکاندا.
هەندێکیش هەن پێیانوایە ئەمریکا پشت لە عێراق دەکات و وەک لایەنێکی سەر بە ئێران مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. بەوەش سزا ئابوورییە سەپێنراوەکانی سەر ئێران عێراقیش دەگرنەوە و ئەو کات هاتنی دۆلار لە هەموو جیهانەوە بۆ عێراق کەمدەکات و وڵاتەکە دەخاتە دۆخێکی ئێجگار قورسەوە کە ئەنجامەکەی داڕووخانی پرۆسەی سیاسیی لێکدەوێتەوە، چونکە حکومەت بێدەسەڵاتە لە دابینکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرەکانی و بودجەی بەکاربردنی دەوڵەت.
لە رووی سەربازییەوە چاودێران بە دووری نازانن ئەمریکا پەنا بباتە بەر لێدانی بارەگا و بنکە سەربازییەکانی سەر بە گرووپە چەکدارییەکان، بۆ کەمکردنەوەی توانای ئەوان لە هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی.
رێوشوێنە حکومییەکان
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لای خۆیەوە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی 30ـی ئەیلوولدا گوتی حکومەت "رێوشوێنی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان گرتووەتە بەر." بەبێ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر سرووشتی ئەو رێوشوێنانە بدات. چاودێران پێیانوایە گۆڕینی فەرماندەی فیرقەی تایبەت بە پاراستنی ناوچەی سەوز هەنگاوێکی دروستە. لە کاتێکدا ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە مووشەکتەقێنەکانی ئاشکراکرد، لەگەڵ دەستبەسەرکردنی 19 ئەفسەر و بەرسی ئاسایش کە لە ناوچەکانیانەوە مووشەکەکان ئاراستەی ناوچەی سەوز کراون. بەتایبەت لەپاش ئەو هێرشەی چواردەوری فڕۆکەخانەی بەغدای لە 28ـی ئەیلوولدا کردە ئامانج و 5 سڤیل کە منداڵ و ئافرەتیان لەناودابوو، لە رەزوانییە بوونە قوربانی.
لە کاتێکدا حکومەت سنووری پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆست فراوانکردووە بۆ میانگیری لای ئەمریکا تا لەو بڕیارەی پاشگەز ببێتەوە. هەوڵەکانی میانگیری لە داهاتووی نزیکدا زیاتر دەبن، وا پێدەچێت بەشێک لەو هەوڵانە ئەنجام بە دەستەوە بدەن، چونکە زمانی هەڕەشەکانی ئەمریکا لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەکەیەوە بەرەبەرە خاو دەبێتەوە. هەرچەندە ئەمریکییەکان سوورن لەسەر چارەسەرکردنی یەکجاریی ئەو دۆسێیە لە رێگەی پاشەکشەوە.
بێ گومان دۆخی سیاسی، ئابووری و ئاسایش، مەترسیدارانە سەربەرەولێژ دەبێتەوە. مەترسییەکەی رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت و رەهەندی زیاتر وەردەگرێت، ئەمەش لە سایەی نەبوونی رێوشوێنی دەستبەجێی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەکەی ئێستا. هەروەها تەنگژەی دیپلۆماسیی ئێستا زیاتر ئاڵۆز دەبێت.
شارەزایان بە دووری نازانن پرۆسەی سیاسیی ناوخۆیی دابڕووخێت کە بەدوایدا بێسەروبەرەییەکی بێوێنە لە دایک دەبێت لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا، بۆیە پێویستە ژیرەکانی وڵاتەکە، بەتایبەت سەرکردە شیعییە کاراکان، پێکەوە کاربکەن بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا لەپێناو رێگرتن لە داڕووخانی دۆخەکە، ئەگەرنا ئەوان دەبنە یەکەم قوربانیی هەر داڕووخانێک، ئەگەر رووبدات. حکومەتی عێراق لەسەریەتی رێوشوێنی کاریگەر بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی روودەدات، چ بە بوونی ئەمریکا یان بەبێ بوونی ئەمریکا لە وڵاتەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ