بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار

02-11-2023
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
A+ A-
بەرایی
 
حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی رۆژانە رێکاری نوێ لەبارەی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار دەگرنەبەر، بەڵام نرخی دینار جێگیر نییە و، رۆژ بەرۆژیش لەبەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان روو لە دابەزینە، بەشێوەیەک لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا جیاوازیی نێوان بانکی ناوەندی و بازاڕ بۆ یەک دۆلار هێندەی ئەم ساڵ و مانگی رابردوو نەبووە کە گەیشتووەتە 296 دینار بۆ هەر دۆلارێک!
 
بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی لە ماوەی رابردوودا بەردەوام جیاوازیی بازاڕ و بانکی ناوەندی بۆ یەک دۆلار لە 10 بۆ 50 دینار بووە، بەڵام لەسەرەتای ئەم ساڵەوە جیاوازییەکە سەروو 100 دینار بووە، هەندێک مانگ گەیشتووەتە 300 دینار بۆ هەر دۆلارێک، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردەکان و زانستی دارایی و بانکی جیاوازییەکە ئاساییە ئەگەر 1 بۆ 5 هەزار دینار یاخود رێژەی 1% بۆ 3% بێت. 
 
بەڕوویەکی دیکەدا، ئەوەی ئێستا لە بازاڕی دۆلارەکان و بەناو "بۆرسەکان" لە عێراق دەگوزەرێت، شتێکی زۆر سادەیە بازرگانانی دینار بۆ دۆلار (ئاڵۆگۆڕی دراو) لە بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق دەسەڵاتیان زیاترە بۆ دەستنیشانکردنی نرخ لە بازاڕ! چونکە نزیکەی 8 مانگە حکومەتی عێراقی بەهای دیناری لە بەرامبەر دۆلار بەرزکردەوە، بەڵام لە بازاڕ رۆژ بە رۆژ دادەبەزێت.

 

لەڕووی هەنگاوەکانەوە، کابینەکەی سوودانی لە 7ی شوبات 2023دا یەکەمین هەنگاوی کرداری گرتەبەر، کە نرخی یەک دۆلاری لەبانکی فیدراڵی لە 1450 دینارەوە کرد بە 1300 دینار، ئەویش بەئامانجی بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرەڕای دوو هێندەبوونی رێکارەکان، بەڵام رۆژ بە رۆژ جیاوازییەکە زیاتر دەبێت.

 
لەم رۆژانەدا، گوتەبێژی کابینەکەی سوودانی لەنوێترین پێشهات ئاماژەی بەوەکردووە "ئەگەر نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلار ناجێگیری زیاتر بەخۆوە ببینێت ئەوا ناچار دەبن راستەوخۆ دۆلار بە هاوڵاتیان بفرۆشن! کە هەڕەشەیەکی روونە لەوانەی رۆژانە ملیاران دینار قازانج دەکەن، کە قازانجەکانیان تاوەکو کۆتایی ئابی 2023 گەیشتووەتە 1.9 تریلۆن دینار، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئێستا حکومەتی عێراق مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ چین بە یوان، لەگەڵ ئیمارات بە درهەم و ئێران بە تمەن دەکات".

 

لێرەدا هەڵوەستە لەسەر دوو خاڵی گرنگ دەکەین، یەکەمیان بۆچی بەهای دینار لە بازاڕ و بانکی ناوەندی لەیەک دوور دەکەونەوە، لەکاتێکدا دەبێت نزیکی یەکتر بن و جیاوازییەکەیان پەیوەندی بەچییەوە هەیە؟ دووەمیان جێبەجێکردنی بڕیاری راگرتنی مامەڵەکردن بە دۆلار لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر هاتنە ناوەوە و چوونە دەرەوەی دۆلار بۆ عێراق دەبێت؟ هەروەها تیشکێک دەخەینەسەر بڕیارەکانی بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراقی بۆ مامەڵکردن بە دینار لەنێوخۆدا و چ کاریگەرییەکی لەسەر متمانە بە بانکەکان، گرفتی ئەو کۆمپانیا و دامەزراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییانەی کە مووچەی کارمەندەکانیان بە دۆلار دەدەن. ئایا دەگەڕێنەوە بۆ دابەشکردنی مووچە بە کاش و لە بەردەم پەنجەرەی ژوورەکان یاخود دەرچەی دیکە دەدۆزنەوە بۆ مامەڵکردن بە دۆلار و پێدانی مووچەی کارمەندەکانیان لەرێگەی بانکەکانەوە؟  
 
بۆچی بەهای دینار لە بازاڕ وەک بانکی ناوەندیی عێراق نییە؟
 
بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق لەماوەی 10 مانگی رابردوودا (1-1-2023 بۆ 31-10-2023) بانکی ناوەندیی عێراق بەشێوەی کاش بڕی (8.244 ) ملیار دۆلار و بەشێوەی حەواڵەکردن بڕی ( 29.955 ) ملیار دۆلاری خستووەتەڕوو، لەکاتێکدا لەهەمان ماوەدا لە 2022دا بە کاش بڕی ( 7.613 ) ملیار دۆلار و بە حەواڵەکردن بڕی (35.474  ) ملیار دۆلار بووە.
 
ئەگەر بڕوانین بۆ ساڵانی پێشووتریش وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە، ئەم ساڵ بەرزترین ئاستی خستنەڕوو بە کاش هەبووە کەچی تاوەکو دێت بەهای دینار ناجێگیرتر دەبێت لە بازاڕەکان، چونکە حەواڵەکردن کەمبووەتەوە بۆ نموونە لە 2022دا بە بەراورد بە 2023 لەماوەی 10 مانگ دا حەواڵەکردن بە بڕی 5.51 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە، لە بەرامبەردا خستنەڕووی کاش 630 ملیۆن دۆلار بۆ هەمان ماوە زیادیکردووە!
 
لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرەڕای خستنەڕووی زۆرترین کاش لەماوەی 10 مانگی رابردوودا بە بەراورد بە 5 ساڵی رابردوو کەچی جیاوازی تێکڕای ساڵانەی نرخی دۆلار لەنێوان بانکی ناوەندی و بازاڕ بەشێوەیەکە لە 2023دا بەتێکڕا گەیشتووەتە 200 دینار، لەکاتێکدا لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو لەنێوان 20 بۆ 40 دینار بووە، بڕوانە گرافیکی دووەم لە خوارەوە. تێبینی: ساڵ تەنیا 10 مانگ هەژمارکراوە، بۆ نموونە لە 2023دا لە 1-1-2023 بۆ 31-10-2023. 
 

 

 
 

 

 
هەروەها، راستییەکی دیکە پەیوەستە بە کاری بانکی ناوەندییەوە لە عێراق، کە بانکەکە پارێزەری دینارە نەوەکو دۆلار، چونکە ئەویش دۆلار وەردەگرێت و بڕێکی دەخاتەسەر و دەیکاتەوە بە دینار بۆ وەزارەتی دارایی، ئەی بۆچی ناتوانێت بەهای دینارەکەی ئەو بەهایە بێت کە دایناوە، چونکە ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت شتێکی تەواو جیاواز و دەگمەنە، چونکە نابێت جیاوازییەکە بەوشێوەیە بێت و کۆمەڵیک بازرگان لەماوەی کاژێرێکدا ملیۆنان دینار قازانج بکات، وەکو لە گرافیکی سێیەمەدا هاتووە. تێبینی: بۆ نرخی بازاڕ لە 2023دا بۆرسەی بەغدا وەرگیراوە.
  
ئەم دابەزینە بەردەوامەی دیناری عێراقی پەیوەست نییە بە بازاڕەوە، واتە هیچ پەیوەندییەکی بەو دابەزینەوە نییە لە لیرەی تورکی و تمەنی ئێرانی روویداوە و رۆژانە دەبینین، چونکە ئابووری عێراق تەواو جیاوازە و ئابوورییەکی ئازاد و بازاڕی ئازاد نییە، بەڵکوو تێکەڵەیەکی تەواو جیاواز یاخود نەبوونی سیستەمی ئابوورییە، چونکە کۆمپانیاکانی دەوڵەت گەورەترین سێکتەری بەرهەمهێنان لە وڵاتەکە بەڕێوە دەبەن کە نەوت و گازە و رێژەی 88% کۆی کاڵای هەناردەکراو بۆ دەرەوە پێکدەهێنێت و داهاتەکەی دەگەڕێتەوە دابەشدەکرێت! لەهەمان کاتیشدا ناتوانرێت بگوترێت بازاڕێکی مۆنۆپۆڵکراو و داخراوە، چونکە بازاڕەکە بەشێوەیەک ئازادە ساڵانە بە بەهای ملیاران دۆلار کاڵا لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، کە نرخ و پێکهاتەکەی بەشێوەیەکە کە تێکەڵەیەکی ئۆرجیناڵ، کۆپی و لەبەرگیراوە بە ماددەی نێوخۆ و دەرەکی، هەروەها بە چەند دەیکڕیت و بە چەند دەیفرۆشیتەوە ئازادی!
 
هەروەها، سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ئازادیی ئابووری لە عێراق بەشێوەیەکە کەوا بەپێی دوایین راپۆرتی "Economic Freedom of the World" عێراق لە رێزبەندی خراپترین وڵاتەکان دایە، بەشێوەیەک ریزبەندی 143مین وڵات لەکۆی 165 وڵات وەرگرتووە، کە لە راپۆرتەکەدا، لە 5 رووی جیاوازەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ئابووری وڵاتان کردووە، وەک قەبارەی حکومەت، سیستەمی یاسایی و مافی موڵکدارێتی، هەبوونی پارە، ئازادی بازرگانی لەڕووی نێودەوڵەتی و هەبوونی یاسا و رێساکان، کە عێراق تەنیا لە هەبوونی پارە لە 10 خاڵ 7.53 خاڵ کۆکردووەتەوە باشە، بەپێچەوانەوە لەڕووی سیستمی یاسایی و مافی موڵکداریتی 2.29 خاڵ کۆکردووەتەوە و لەریزبەندی خراپترینەکان دایە و پلەکەی 160 لەکۆی 165وڵاتەکەی جیهان.  
 
لەڕاستیدا، روویەکی دیکەی سەرەکی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دینار پەیوەستە بە مامەڵەی بازرگانیی عێراق بە وڵاتانەوە، بۆ نموونە لە 2021دا عێراق رێژەی 57% هەناردەکردنی بۆ هیندستان و چین بووە، لە بەرامبەردا رێژەی 68.8% هاوردەکردنی لە ئیمارات، تورکیا و چینەوە بووە، کە ئەمە لەهیچ مامەڵەیەکی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوان دەوڵەتان یەکناگرێتەوە و زۆر لاسەنگە. بۆ نموونە ئاڵۆگۆڕی نێوان عێراق و ئێران لەوانەیە روویەکی سەرەکیی دابەزینی بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکان بێت، چونکە ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی عێراق و ئێران دەگاتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار بەبێ سووتەمەنی، کە بەپێی هەموو پێوەرەکان ئێستا تاران نابێت دۆلاری ئەمریکی بۆ بڕوات، ئەی عێراق ساڵانە چۆن نزیکەی 10 ملیار دۆلار ئاڵۆگۆڕی بازرگانی هەیە و کاڵا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات پارەکەی دەدات؟ لەکاتێکدا ئاڵۆگۆڕەکەش بەشێوەیەکە بۆ نموونە ئێران بە بەهای 8.95 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەکردووە و تەنیا بە بەهای 57.4 ملیۆن دۆلار کاڵای لە عێراقەوە هاوردەکردووە (2018 ). 
 
بەپێی رێکارەکانی بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق ئێستا لەگەڵ سێ هاوبەشی سەرەکیی عێراق کە ئێران، چین و ئیمارات بە دراوی ئەو ولاتانە مامەڵەی بازرگانی دەکرێت، بەڵام تورکیا کە دووەم هاوبەشی عێراق و لە 2021دا بە بەهای 11.1 ملیار دۆلار کاڵای لێوە هاوردەکردووە، بە لیرە مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، بۆچی؟ نازانرێت! خۆ ئەگەر بەهای لیرە دابەزیوە و ناجێگیرە، بەهای تمەن خراپتر! 
 
روویەکی دیکەی ئەم جیاوازییە تەواو پەیوەستە بە چاپی دیناری عێراقی و هەبوونی دینار لە بازاڕ لە جیاتی بانکەکان، بۆ نموونە بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی پارەی چاپکراوی عێراقی لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا تاوەکو 31-10-2023 گەیشتووەتە سەروو 100 تریلۆن دینار، لەکاتێکدا لە سەرەتای 2004 دا تەنیا 6 تریلۆن و لە سەرەتای 2019دا 44 تریلۆن دینار بووە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەو 100 تریلۆن دینارە نزیکەی 91 تریلۆن لە دەرەوەی بانکەکان و تەنیا 8.3 تریلۆن لەنێو بانکە بازرگانییەکان دایە بڕوانە گرافیکی 4 لە خوارەوە.

 

هاتنەناوەی دۆلار و رۆیشتنە دەرەوەی دۆلار لە عێراق
 
رۆژی 5ی تشرینی یەکەمی 2023 حکومەتی عێراق بڕیاریدا کەوا لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە هەموو مامەڵەیەکی دۆلار و بەکارهێنانی دۆلار و دەرهێنانی دۆلار لە ئامێرەکانی پارە راکیشان ATMـەکانەوە رابگرێت و کۆتایی پێبهینێت، ئایا ئەم بڕیارەش وەک بڕیارەکانی پێشووە یان دیراسە کراوە، بۆ نموونە باسی کۆمپانیا گەورەکان و وەبەرهێنانە بیانییەکان ناکەین، تەنیا باسی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکان و رێکخراوە مرۆییەکان و رێکخراوە نێودەڵەتییەکانی دیکە دەکەین کە لە دەرەوە پارەیان بۆ دێتە سەر هەژمارەکان و بە دۆلارە و مووچەی کارمەندەکانیان بە دۆلار رێککەوتنی لەسەر کراوە. ئایا لە سەرەتای ساڵەوە چ دەکەن، دۆلارەکە دەکەنەوە بە دینار و گرێبەستەکان هەڵدەوەشیننەوە و دووبارە بە دینار لەگەڵ کارمەندەکانیان دەیکەن؟ ئەی چ لە مووچەی هەموو ئەو کارمەندە بیانیانە دەکرێت کە تەنیا بۆ پێداویستی رۆژانە یاخود بۆ چەند شتێکی کەم پێویستیان بە دیناری عێراقییە، مووچەکانیان بە دینار دەدرێتی یان بە دۆلار، کێ قازانج دەکات لە گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار و  دیسان دینار بە دۆلار !
 
ئەگەر لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، بەدڵنیاییەوە ناسەقامگیرییەکی دیکە دەخاتە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، بە هۆی دروستکردنی شڵەژانێکی گەورە لە بازاڕ و زۆربەی کۆمپانیاکان و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، چونکە پرسی دابەزینی دۆلار پەیوەست نییە بەم خاڵەوە بەڵکو پەیوەستە بە دەرچەکانی دزەکردنی دۆلار بۆ دەرەوە، ئەگەر حکومەت بتوانێت کۆنترۆڵی بکات بەدڵنیاییەوە بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دراوەکانی دیکەش بەرزدەکاتەوە، چونکە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار، ئەو نرخەیە حکومەت دایدەنێت نەوەکو بازرگانەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو. 
 
ئێستا رێکخراوەکان و کۆمپانیاکان بەدوای دەرچەی جیاوازەوەن بۆ شێوازی مامەڵکردن لەگەڵ ئەو گرێبەستانەی بە دۆلار لەگەڵ کارمەندەکانیان کردوویانە، هەر چۆنێک بێت بۆ کۆمپانیا نێوخۆییەکان ئاسانە و رێکاری یاسایی تووندی نابێت، بەڵام بۆ بیانییەکان قورسە و دووبارە کردنەوەی کارێکی بێ سوودە لە دۆلارەوە بۆ دینار لەلایەن ئەوانەی مووچەکانیان دەدەن و دیسانەوە لەلایەن خۆیانەوە لە دینارەوە بۆ دۆلار، کە کەمترینی ئەم گۆڕانکارییانە دەگاتە سەروو رێژەی 3%، واتە نزیکەی 6% بۆ هەر 100 دۆلارێک کە لە هیچ شوێنێکی دیکە نموونەی لەمشێوەیە بەدی ناکرێت. 
 
هەروەها، ئەو رێکارانەی ئێستا لە بانکەکان جێبەجێدەکرێت تەواو جیاوازن، بۆ هەر هاوڵاتییەک مانگانە 13 ملیۆن دینار راستەوخۆ دەتوانێت حەوالەی دەرەوە بکات، گەشتیاری عێراقی دەتوانێت 3 هەزار دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی وەربگرێت، بازرگانان دەتوانن دۆلار بەنرخی بانکی ناوەندی وەربگرن، هەموو ئەمانە هەرچەندە خراپیش بەکارهێنرابێت و دەرچەی جیاواز بدۆزرێتەوە بۆ بەکارهێنانی بەهۆی قۆستنەوەی ئەو جیاوازییەی ئێستا لە نرخی بازاڕ و بانکی فیدراڵی هەیە، بەڵام دیوێکی گەورەی بەیاساییکردنی هاتنە ناوەوە و چوونە دەرەوەی پارەیە لەعێراق، کە نزیکەی دوو دەیەیە عێراق راهاتووە بە ناردنە دەرەوەی دۆلاری ئەمریکی لە دەرەوەی رێکارە فەرمییەکان و بەستنەوەی بە سیستمە داراییەکانی جیهان وەک سویفت. 
 
کۆتایی
 
رۆژانی داهاتوو جێگیریی بەهای دینار و نرخەکەی بەرامبەر دۆلار سەختدەبێت، چونکە سەرەڕای زیادکردنی رۆژانەی خستنەڕوو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە، بەڵام نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلار رووی لە دابەزین کردووە، کە ئەمەش خاڵێکی پێچەوانەی رێکارەکان بووە، چونکە دراوی چاپی عێراقی گەیشتووەتە سەروو 100 تریلۆن، ئالۆگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران بەردەوامە کە نابێت دۆلاری ئەمریکی بۆ بڕوات کەچی بۆی دەڕوات، بازرگانەکانی پارە یاری بە نرخەکان دەکەن، چونکە رێژەی 90% پارەی چاپکراوی عێراقی لە بازاڕ دایە. 
 
خاڵیکی دیکەی سەرنجڕاکێش لە خستنەڕووی دۆلار لە عێراق، لێدوانی رۆژی 30ی تشرینی یەکەمی 2023 گوتەبێژی حکومەتەکەی سوودانی بوو کە گوتی: "ئەگەر ناجێگیریی نرخی دینار بەمشێوەیە بەردەوامبێت، ئەوا حکومەتی عێراق ناچار دەبێت راستەوخۆ دۆلار بە هاوڵاتیان بدات"، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بوو لە کڕیارانی دۆلار لە بانکی ناوەندی و فرۆشتنەوەی لە بازاڕ، کە وەزارەتی دارایی تاوەکو 31ی ئاب 2023 زیانی گۆڕینەوەی دۆلار بەرامبەر دینار لە داهاتی وڵات بە (1.9-) تریلیۆن دینار زیان داناوە، کە پێشتر وادانرابوو کە داهات بۆ عێراق بهینێت. 
 
لە کۆتاییدا، ناجێگیریی و گەڕانەوەی بەهای دینار بۆ نزیک ئەو نرخەی بانکی ناوەندی دایدەنێت بە رێکاری مامەڵکردن بە دۆلار و دینار لەنێوخۆدا نایەتە دی، بەڵکو بە رێگریکردن لە چوونە دەرەوەی دۆلار بە قاچاخ و نایاسایی دێتە دی. ئەم هەنگاوانەی عێراق بۆ پابەندکردنی کۆمپانیاکان و دامەزراوە تایبەتەکان و تەنانەت هەندێک لە دامەزراوە گشتییەکان بۆ مامەڵکردن بەدینار کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت، چونکە کێشە سەرەکییەکە لە شوێنێکی دیکەیە نەوەکو مامەڵەی ئەم کۆمپانیا و دامەزراوانە بە دۆلار، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە جیهانێکدا کە بەرەو نەمانی پارەی کاش دەڕۆین تازە بە تازە عێراق خەریکە کۆمپانیاکان ناچار بکات مووچەی مانگانەی کارمەندەکانیان لە جیاتی بانکەکان لە ژوورەکانەوە دابەشبکرێت، وەکو مانگی رابردوو کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات لەجیاتی گواستنەوەی پارەی فەرمانبەرەکانی بۆ بانک و دابەشکردنی لەبانکەوە ناچاربوو لە ژووری داراییەوە دابەشی بکات!
 
ئێستا، راستە کارئاسانی بۆ حەواڵەکردنی دۆلار بە نرخی 130 هەزار دیناری بە هەموو شێوەیەک دەکرێت و لەرێگەی هەژمارێکی بانکییەوە و بە کەمتر لە کاژێرێک کارەکە ئەنجامدەدرێت، کە هەموو ئەمانەش وادەکات چوونە دەرەوەی دۆلار بۆ دەرەوە زۆرتر و هاتنە ناوەوەی بۆ نێوخۆی عێراق کەمتر بێت، بەڵام یاسایی دەبێت و دەزانرێت بۆ کوێ و بۆچی جوڵە بە دۆلار کراوە؟
 
 
سەرچاوەکان
 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هیوا جەمال

خاکژمێری

لەسەر خاکی کوردستان هەر نەتەوەیەک بژیت، هەر خاکی کوردستانە، گرنگە ئەمە تۆخبکرێتەوە کە خاکی کوردستانە، نەوەکو خاکی کورد، چونکە لە کوردستان نەتەوەی دیکەی دەژین، کورد نابێت نکۆڵی لەوە بکات، عەرەب لەسەر خاکەکەی بژین، هەروەک چۆن نکۆڵی لە نەتەوەی تورکمان، ئاشووری، کلدان، سریان و ئەرمەن ناکات.