شیعرێکی شێرکۆ بێکەس بۆ هەڵەبجە

16 March 2025

بەرنامەی پاشیڤی ئەمشەو هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە. بێستوون عوسمان، پێشکێشکاری پاشیڤ، بەرنامەکەی بە دەربڕینی هاوسۆزی خۆی بەبۆنەی ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە دەستپێکرد و، شێعرێکی شێرکۆ بێکەسی بۆ یادی هەڵەبجە پێشکێشکرد. هەروەها هیوای خواست کە ئەو کارەساتەی بەسەر گەلی کورد دا هات، هەرگیز دووبارە نەبێتەوە و، باشترین وەڵام بۆ ئەو رووداوانە بەردەوامبوونە لە ژیان.

لە بەرنامەکەدا، دایکی بێستوون عوسمان پەیوەندی بە بەرنامەکەوە دەکات و، دەستخۆشی لە کوڕەکەی دەکات بۆ خوێندنەوەی شیعری شێرکۆ بێکەس. گفتوگۆیەکی خۆش لەنێوان دایک و کوڕدا روویدا و، دایکی بێستوون هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ کوڕەکەی خواست.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، سیما، براوەی پێشبڕکێی شەوی رابردوو، لە ستۆدیۆ ئامادە بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی. هەروەها دیمەنەکانی شەوی رابردوو پێشاندران، کە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر بێستوون عوسمان و میوانەکەی سەردانی ماڵی مام فارسیان کرد و پێکەوە ژەمی پارشێویان خوارد. 

میوانی سەرەکی بەرنامەکە، دکتۆر دانا قاسم، دامەزرێنەری سەنتەری ڤیلۆسیتی بوو، کە سەنتەرێکە تایبەت بە جوانکاری و ددان. لە بەرنامەکەدا گفتوگۆ دەربارەی کارەکانی د. دانا و چۆنیەتی دامەزراندنی سەنتەرەکە کرا. 

شێفی پاشیڤ، خاتوو مەتێ، بۆ ئەمشەو هەریسەی دروستکردووە. بێستوون عوسمان و میوانەکەی دەچنە لای مەتێ بۆ بەشداری کردن و هاوکاری کردنی مەتێ لە دروستکردنی خواردنەکەی. 

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکە، داهێن، کە خوێندکاری کۆلێژی پزیشکییە، بە قاپێک سەوزەوە دێتە نێو بەرنامەکە و باسی گرنگی سەوزە و سوودەکانی دەکات.
هونەرمەند و گۆرانیبێژی خەڵکی هەڵەبجە، دلڤین بە چەند گۆرانییەکی تایبەت بە ساڵیادی کیمیابارانی شارەکەی لە بەرنامەکەدا بەشداری کرد.