چیرۆکێکی جیاواز لە پاشیڤی رووداو
بەرنامەی "پاشیڤی رووداو" لە دوازدەیەمین رۆژی مانگی رەمەزانی ساڵی 2025 پێشکێش کرا و چەندین بڕگەی جیاوازی لەخۆ گرت. سەرەتا پێشکێشکاری بەرنامەکە بێستوون عوسمان، باسی لەوە کرد کە پاشیڤ لە هەموو بەشەکانی کوردستان بینەری هەیە، ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژی پێشوو هاونیشتمانییەک لە نەغەدەوە پەیوەندی پێوە کردووە و پێیگوتووە کە بەرنامەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەنگدانەوەی هەیە. هەروەها بێستوون روونکردنەوەیەکی لەسەر ناوی بەرنامەکە دا کە ناوی راستەقینەی "پاشیڤ"ە، بەڵام خۆی هەندێک جار وشەی "پارشێو"ی بەکارهێناوە.
میوانی سەرەکی بەرنامەکە کەمال ئەحمەد عەباس ئاغا (کەمال گەردی) بوو، بەڕێوەبەری رێپێدراوی گرووپی کۆمپانیاکانی هەرشەم. لە سەرەتای بەرنامەکەدا، ئەو خاوەنکارە باسی لە هەستی خۆی بۆ مانگی رەمەزان کرد و سوپاسی بەرنامەکەی کرد کە کولتووری رەمەزانی کوردستانی زیندوو کردووەتەوە.
بەشێکی گرنگی بەرنامەکە تەرخان کرابوو بۆ چیرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی هەرشەم و چۆنیەتی دامەزراندنی. کەمال گەردی روونی کردەوە کە ناوی کۆمپانیاکە لە ناوی گوندی زێدی دایکی وەرگیراوە کە گوندی هەرشەمە. کۆمپانیای هەرشەم لەساڵی 2000 دامەزراوە و، سەرەتا کاری بەڵێندەرایەتی و بیناسازی کردووە. کەمال گەردی ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا کۆمپانیاکەیان خەریکی وەبەرهێنانە لە کەرتی خانووبەرە و، نزیکەی 250 کارمەندی هەیە. هەروەها روونی کردەوە کە باوکی بەڵێندەر بووە و ئەویش لە منداڵییەوە فێری کاری بەڵێندەرایەتی بووە. ساڵی 1998 بۆ 1999 دەستی بە کاری سەربەخۆ کردووە و، یەکەم پرۆژەکانی لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامداوە. هەروەها گوتی کە دایکی بۆ دەستپێکردنی کارەکەی پشتگیریی داراییی کردووە.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، بێستوون عوسمان و کەمال گەردی چوونە لای مەتێ بۆ ئەوەی خواردنی تایبەتی ئەو شەوە ببینن کە "شلۆپکۆری" بوو، خواردنێکی کوردی کە لە برنج و کاردوو (جۆرێکی گیای کوێستانی) پێکهاتووە. پێکەوە یارمەتی مەتێیان دا لە ئامادەکردنی خواردنەکەدا.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، گەنجێکی خوێندکاری پزیشکی بە ناوی نوور لەگەڵ هاوڕێکانی داهێن و هودا بەشدارییان کرد و باسیان لە فریاگوزاریی خێرا کرد. ئەوان بە شێوەیەکی کرداری پێشانیان دا کە چۆن دەتوانرێت یارمەتی کەسێک بدرێت کە بۆریی هەوای گیرابێت.
لە بەرنامەکە هەریەک لە حاجی کاوە و حاجی سیروان موناجاتێکیان پێشکێش کرد. پاشان گفتوگۆیەک لەسەر سۆفیزم و تەسەوف بەڕێوەچوو، کە تیایدا کەمال گەردی باسی ئاشنابوونی خۆی بە تەسەوف کرد لەڕێگەی بنەماڵەکەیەوە. هەروەها باسی لە مەولانا جەلالەدینی رۆمی و کاریگەریی لەسەر ئەو کرا.
لە کۆتاییی بەرنامەکەدا، براوەی پێشبڕکێی ئەو شەوە راگەیەندرا کە سەوری عەلی موستەفا بوو لە مێرگەسۆر. هەروەها کەمال گەردی بەڵێنی دا کە ئەرکی خوێندنی سێ خوێندکار بگرێتە ئەستۆ. بێستوون عوسمان راگەیاند کە تاوەکو ئێستا 34 کورسی خوێندن بۆ گەنجانی کوردستان دابینکراوە. بەرنامەکە بە پێشکەشکردنی پارچەیەک میوزیک کۆتایی هات و مێوانەکان و ستافی بەرنامەکە بەیەکەوە خواردنیان خوارد.