لە فرۆشتنی گۆرەوییەوە بۆ بزنسمانێکی سەرکەوتوو

11 March 2025

بەرنامەی پاشیڤی رووداو لە شەوی یازدەیەمیدا بە پێشکێشکاریی بێستوون عوسمان کۆمەڵێک بڕگە و بابەتی جیاوازی تێدابوو. بەرنامەی ئەمشەو کە هاوکاتە لەگەڵ یادی راپەڕینی شاری هەولێر. بێستوون عوسمان لە سەرەتای بەرنامەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمشەو تاموچێژی 10 شەوی رابردوو دووبارە دەکەنەوە، بەڵام بە چەندین تایبەتمەندی و سوپرایزی نوێوە. یەکێک لەو سوپرایزانە ئامادەکردنی خواردنی یاپراخی کەلەرمە لەلایەن مەتێوە، کە یەکەمجارە لە ژیانیدا ئەو خواردنە ئامادە دەکات. هەروەها، موناجاتە کرمانجییەکەی حاجی کاوە، پێشکەش دەکرێت. میوانی بەرنامەی ئەمشەو کەسایەتییەکی ناسراوی شاری سلێمانییە، کە لە گۆرەویی فرۆشییەوە بووەتە یەکێک لە سەرمایەدارە گەورەکان. بێستوون عوسمان بە پەرۆشەوە باسی چیرۆکی سەرکەوتنی ئەو کەسایەتییە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆتایی بەرنامەکەدا، لەگەڵ ئەو سەرمایەدارە دەچنە گەڕەکی سێتاقانی هەولێر و دەبنە میوانی کاک موئەیەد عەبدوڵڵا و، پێکەوە پارشێو دەکەن. 

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، سارا، براوەی خەڵاتی شەوی رابردوو، لە ستۆدیۆ ئامادەیە و خەڵاتەکەی وەردەگرێت. لە هەمان کاتدا، براوەی پێشبڕکێی ئەمشەویش رادەگەیەنرێت. لەنجە، پێشکەشکاری کۆمێنتەکانی سۆشیاڵ میدیا، بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشدارە و کۆمێنتە سەرنجڕاکێشەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەخوێنێتەوە. 

دواتر، بێستوون عوسمان میوانی سەرەکی بەرنامەکە، مەلا یاسین، خاوەن و بەڕێوەبەری گرووپی کۆمپانیاکانی بەڕێز، بانگهێشت دەکات. مەلا یاسین باسی شاری سلێمانی دەکات و، ئاماژە بەوە دەکات کە شاری سلێمانی هەمیشە زیندووە و ئەو کەسەی لە سلێمانیدا بێ تاقەت نابێت، هەروەها باسی گرووپی کۆمپانیاکانی بەڕێز دەکات و ئەو کەرتانەی کە تێیدا کار دەکەن. ئەو سەرمایەدارە کوردە لەساڵی 1975لەدایکبووە و خەڵکی شارباژێڕە، بەڵام لە سلێمانی گەورە بووە. لە تەمەنی منداڵییەوە حەزی لە کار و کاسبی بووە و سەرەتا بە فرۆشتنی گۆرەوی دەستی پێکردووە. دوای راپەڕینی 1991 و کۆڕەوەکە، ماوەیەک کرێکاری کردووە و دواتر کۆمپانیای بەڕێزی دامەزراندووە. 

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، مەلا یاسین بەڵێن دەدات کە خوێندنی شەش خوێندکاری کورد لە ئەستۆ بگرێت بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات ماستەر بخوێنن.