گەنجێکی بزنسمان لە پاشیڤی رووداو

10 March 2025

بەرنامەی پاشیڤی رووداو لە شەوی دەیەمیدا بە پێشکێشکاریی بێستوون عوسمان کۆمەڵێک بڕگە و بابەتی جیاوازی تێدابوو. بەرنامەکە بە سڵاو و بەخێرهاتنی بینەران دەستی پێکرد، پێشکێشکار ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمشەو سەردانی گەڕەکی تەعجیلی شاری هەولێر دەکەن، یەکێک لە گەڕەکە دێرینەکانی شار.

میوانی سەرەکیی بەرنامەکە کازیوە کەمال بوو، بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیای "کازۆ گرووپ". کازیوە کەمال، کە تەمەنی 31 ساڵە، باسی لەوە کرد کە کۆمپانیاکەی لە 60 گەنج پێکهاتووە و زیاتر لە بواری ئۆتۆمۆبیلی گرانبەهادا کار دەکەن. بە گوتەی کازیوە، کۆمپانیاکە لە دوو شاری هەولێر و دهۆک چالاکی هەیە و لە ماوەی 3 ساڵدا توانیویەتی هەلی کار بۆ 60 گەنج بڕەخسێنێت.

کازیوە چیرۆکی ژیانی خۆی باس کرد، کە چۆن لە تەمەنی 15 بۆ 16 ساڵییەوە لە پاککردنەوەی ئۆتۆمۆبیلەوە دەستی بە کارکردن کردووە، دواتر لە ساڵی 2012 وەکو یاریدەدەری فرۆشیار لە کۆمپانیایەکدا دامەزراوە. هاوکات لەگەڵ کارکردن، خوێندنی زانکۆی دەستپێکردووە. بە تێپەڕبوونی کات، پلەی بەرز بووەتەوە و لەساڵی 2019 بووەتە بەڕێوەبەری فرۆشتنی گشتی لە عێراق. 

لە ماوەی قەیرانی کۆرۆنادا، کازیوە بیرۆکەی دروستکردنی ئەپلیکەیشنێکی مۆبایلی هەبووە بۆ کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمۆبیل. لە ساڵی 2020دا ئەپلیکەیشنی "نیکازۆ"ی دامەزراندووە و لەنێوان ساڵانی2021 بۆ 2022 نزیکەی هەزار ئۆتۆمۆبیل لە رێگەی ئەو ئەپلیکەیشنەوە فرۆشراوە. دواتر، کۆمپانیای "کازۆ گرووپ"ی دامەزراندووە و چەندین شۆڕوومی کردۆتەوە. ئێستا کۆمپانیاکە ساڵانە نزیکەی 650 ئۆتۆمۆبیل دەفرۆشێت.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، هونەرمەند زانا جەبەلی میوانی بەرنامەکە بوو و، موناجاتێکی کورمانجیی پێشکەش کرد. هەروەها حاجی کاوە چەند بەیتێکی ئایینی خوێندەوە.

وەکو هەموو شەوێک، بەشێکی بەرنامەکە تایبەت بوو بە پێشبڕکێی پاشیڤی رووداو، کە تێیدا خاتوو سارا حەمید ئەحمەد لە هەریری هەولێر براوەی پێشبڕکێی دەیەمین شەوی پاشیڤی رووداو بوو. سارا توانیویەتی لە ماوەی 22 چرکەدا وەڵامی 10 پرسیاری پێشبڕکێکە بداتەوە. هەروەها بڕگەی "لەنجە و کۆمێنتەکانی" پێشکەش کرا، کە تێیدا کۆمێنتی بینەران لەسەر بەرنامەکە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، کازیوە کەمال وەڵامی پرسیاری یەکێک لە بینەران دایەوە سەبارەت بە داهاتووی ئۆتۆمۆبیلی کارەبایی و، پێی وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئۆتۆمۆبیلی کارەبایی جێگەی ئۆتۆمۆبیلی سووتەمەنی دەگرێتەوە. کازیوە هەروەها رایگەیاند کە ئامادەیە خەرجی خوێندنی سێ گەنج بگرێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی بچن لە دەرەوەی وڵات خوێندنی ماستەر تەواو بکەن.

بەرنامەکە بە خواردنی تایبەتی پاشیڤ (ساوەر و بامێ) کۆتایی پێهات.