ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای زانیاری

05 March 2025
ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای زانیاری

لە پاشیڤی شەوی پێنجەمی مانگی رەمەزانی 2025، بێستون عوسمان پێشکێشکاری بەرنامەی پاشیڤ میوانداری ئەندام عومەری کرد، کە بەڕێوەبەری کۆمپانیای "تێک ئای"، کە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیای زانیاری و بازرگانیی ئەلیکترۆنییە. ئەندام عومەر خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە ئەندازیاریی کۆمپیوتەر لە بەشی زیرەکی دەستکرد  یاخود AI.

ئەو ئەندازیارە گەنجە باسی لە چۆنیەتی دەستپێکردنی کارەکەی، گەشەی کۆمپانیاکەی و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی کرد. لەسەرەتای قسەکانی گوتی کە کۆمپانیاکەی لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە: سۆفتوێر و هاردوێر، هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەی "سمارت هاوس" کرد، کە یەکەم پڕۆژەی "ماڵی زیرەک"ە لەسەر ئاستی عێراق. ئەندام ژیاننامەی خۆی باس کرد، کە لە منداڵییەوە خەونی بەوەوە بینیوە کە ببێتە ئەندازیاری کۆمپیوتەر، ساڵی 1990 لەدایکبووە و توانیویەتی بە سکۆڵەرشیپێکی تەواو لە ئیستەنبوڵ بخوێنێت و ماستەر لە زیرەکی دەستکرد تەواو بکات. 

ئەندام عومەر باسی ئەوەشی کرد کە ئەمڕۆ پارە پەیداکردن لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت زۆر ئاسانتر بووە لە رابردوو، کۆمەڵێک رێگەی جیاواز هەن بۆ پارە پەیداکردن وەکو سۆفتوێر، زمان، سۆشیال میدیا، گرافیک و بوارەکانی تر. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە داهاتوودا تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد شوێنی زۆر کەس دەگرێتەوە و، پێشبینی کرد کە تاوەکو ساڵی 2040، لە %45ی مرۆڤایەتی کاریان لەدەستدەدەن بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە. باسی ئەوەشی کرد کە زیرەکی دەستکرد مەترسی هەیە وەکو تەکنەلۆژیای دیپفەیک (Deepfake) کە دەتوانێت وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی خەڵک دروستبکات کە زۆر بە ئەستەم جیادەکرێنەوە لەگەڵ ڤیدیۆی راستەقینە. 

لە بەرنامەکەدا سەردانی شەوی پێشووی تیمی بەرنامەکەی بۆ گەڕەکی سەیداوە لە هەولێر پێشاندرا. لە کۆتایی بەرنامەکەدا، بێستون عوسمان رایگەیاند کە لە کۆتایی مانگی رەمەزاندا، کۆمەڵێک گەنج دەنێردرێت بۆ خوێندن لە دەرەوەی کوردستان. ئەندام عومەر بەڵێنی دا کە دوو سکۆڵەرشیپ لە ئەستۆ بگرێت، یەکێکیان لە بواری AI و ئەوی دیکەیان لە بواری سایبەر سکیوریتی. 

لە بەشی پێشبڕکێی پاشیڤ، 9540 کەس بەشدارییان تێداکردبوو و تەنیا 305 کەس وەڵامی پرسیارەکانیان بە دروستی دابوویەوە. یەکێک لە بەشداربووان لە 24 چرکەدا وەڵامی هەردوو پرسیارەکەی بە دروستی دابوویەوە. ئەو کەسە وەک براوەی پێشبڕکێکە دیاری کرا. 

بەشێکی گرنگی بەرنامەکە، پێشکەشکردنی خەڵاتی ئۆتۆمبێلێکی "تۆیۆتا ئێربان کرووز" بوو کە رووداو بە بینەرانی دەبەخشێت، و بۆ بەشداریکردن پێویستە بینەران لە کۆمێنتدا "پاشیڤی رووداو" بنووسن و، لە کۆتایی مانگی رەمەزان کەسێک بە هەڕەمەکی هەڵدەبژێردرێت.