لەگەڵ رەنج - خوێندنی كوردی لە عێراق ‌و ... | رووداو.نێت

لەگەڵ رەنج - خوێندنی كوردی لە عێراق ‌و ناوچەكێشەلەسەرەكان پڕگرفتە

10 November 2024
كورد لە كەركووك زۆرینەیە، بەڵام خوێندنەکەی نا
خوێندنی كوردی لە عێراق ‌و ناوچەكێشەلەسەرەكان پڕگرفتە


كورتەیەك لە بەرنامەكە

بەپێی دواین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كەركووك، كە ساڵی ‏‏2023 كراوە دەنگی كورد لەبەرامبەر عەرەب ‌و توركمان زۆر زیاتر، ‏بەجۆرێك لەو هەڵبژارنەدا پێكهاتی كورد 243هەزار‌و 113 دەنگی هێناوە ‌و ‏بەوەش رێژەكەی گەیشتە 44%. دوای كورد، پێكهاتەی عەرەب دێت كە ‏‏212هەزار‌و 89دەنگەی هێناوە ‌و رێژەكەی 38%.، دوای ئەوانیش بەپلەی ‏سێیەم دەنگی پێكهاتەی توركمان دێت كە  97هەزار‌و 870 دەنگی ‏بەڕێژەی 18% هێناوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، ژمارەی خوێندكار‌و ‏خوێندنگای كوردی لە سنووری پارێزگاكەدا بەتایبەت بەراوورد بە خوێندنی ‏عەرەبی زۆر لەپاشترە، هەرچەندە، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە ‏كەركووك لەم بەرنامەیەدا بە شانازییەكی زۆرەوە باسی لەوە دەكرد لە 550 ‏قوتابخانەی كوردی زیاتر لە 100هەزار قوتابی كوردیان هەیە، بەڵام ‏مامۆستایەكی هەمان بەرنامە وێنەكە پێچەوانەی ئەوە دەبینی ‌و ئاشكرای ‏دەكات كە ژمارەی قوتابیان ‌و قوتابخانەكانی خوێندنی عەرەبی بەراوورد بە ‏قوتابیان ‌و قوتابخانەكانی خوێندنی كوردی زۆر زیاترە ‌و گوتی "لە سنووری  ‏پارێزگای كەركووك عەرەب نزیكەی 2200 قوتابخانە ‌و 650بۆ 700هەزار ‏قوتابیان هەیە، ئێمەش باسی 100هەزار قوتابی ‌و 550قوتابخانەی ‏خوێندنی كوردی دەكەین، شانازی بە چی بكەین؟ لە كاتێكدا ئێمە وەك كورد ‏لە كەركووك بەپێی دواین هەڵبژاردن بێت زۆرینەین، بەڵام وەك دیارە لە ‏خوێندنی كوردیدا كەمینەین". هەر لەبەرنامەكەدا ئەندامێكی دەستەی ‏كارگێڕی مامۆستایانی ‏خوێندنی ‏كوردی ‏‏‏لە كەركووك ئاشكرای دەكات كە ‏بەشێك لە مامۆستایان خوێندنی كورد منداڵەكانیان دەبەنە قوتابخانەی ‏عەرەبی. سەرۆكی كوتلەی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ‏لەبەشێكی بەرنامەكەدا ئەوە خستەڕوو ئاست بەرزی خوێندكارانی كورد بۆ ‏هەموویان جێگای شانازییە ‌و گوتی "ئەمساڵ یەكەم ‌و دوومی هەموو عێراق ‏قوتابی خوێندنی كوردی بوو".‏
خوێندنی كوردی لەشارەكانی عێراقدا  تەوەرێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە بوو ‏هەرچەندە لە شارە جیاوازەكانی عێراق 20بەشی خوێندنی كوردی هەیە، ‏بەڵام پڕۆگرامەكانی ئەو خوێندنە زۆر خراپن ‌و هیچ كەسێك فێری كوردییەكی ‏خراپیش ناكەن نەك باش، هەر بۆیە مامۆستایەك لە بەرنامەكەدا گوتی ‏‏"ئەگەر بەم جۆرە بێت بەشی زمانی كوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق ‏هەر نەبێت باشترە".‏
مامۆستیەكی دیكە ئاماژەی بەوەدا منداڵی كورد لە كەركووك باجی ململانێی ‏ناشریفانەی حیزبی دەدان ‌و گوتی "لە كەركووك یەكێتی و پارتی نوسراوی ‏یەكتری ناخوێنەوە زۆرترین دژایەتی یەكتری دەكەن، جگەلەوە بەئۆپۆزسیۆن ‏و دەسەڵاتەوە مامۆستایانی خوێندنی كوردیان لە كەركووك فەرامۆش ‏كردوە". هەر لە بەرنامەكەدا باس لە خراپی خوێندنی كوردی لە خانەقین ‌و ‏خورماتووە كرا مامۆستایەكی قەزای خورماتوو ئەوەی خستەڕوو بۆ 32 ‏قوتابخانەی كوردی 500 مامۆستای كوردی هەیە "ئەوەش زۆر كەمە ‌و ‏گرفتی بۆ دروستكردوین". بەپێی گوتەی مامۆستایەكی دیكە لە كەركووك ‏كردنەوەی خوێندنگای ئەهلی زۆر بووە "ئەوەی گرفتە هەموویان خوێندن ‏تێیاندا بە عەرەبییە".‏

‏100هەزار قوتابی ‌و550 قوتابخانەی كوردی
كامەران عەلی‏، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی ‏لە ‏كەركووك بەروویەكی ‏گەشەوە باسی لەوە دەكرد هیچ كاتێك هێندەی ئێستا ژمارەی قوتابی ‌و ‏قوتابخانەی خوێندنی كورد لە كەركووك زۆر نەبووە ‌و گوتی  "ئێستا زیاد لە ‏‏100هەزار قوتابی خوێندنی كوردیمان هەیە لە550 قوتابخانە دەخوێنن، ‏ئەو ژمارەیە زۆر باشە، چونكە لە 2003وە قوتابخانە كوردییەكان لە ‏كەركووك كراونەتەوە".‏
بەرپرسی یەكەمی خوێندنی كوردی لە كەركووك ئەوە ناشارێتەوە ‏كەقوتابخانە كوردییەكان زیاتر لە گەڕەكە كوردنیشتەكاندان ‏
بەبڕوای كامەران عەلی، نزیكەی 10بۆ 15هەزار قوتابی كورد لە قوتابخانە ‏كوردییەكاندا ناخوێنن، ئەوەش بە گرفت ناو دەبات ‌و دەشڵێت "ئەوانەی لە ‏قوتابخانەی كوردی دەخوێنن ئاسۆیان روونترە، چونكە لە زانكۆكانی ‏كوردستان ‌و عێراقیشدا وەردەگیرێن".‏
كامەران عەلی باسی نادادییەكانی حكومەتی عێراق دەكات بەرمبەر كوردی ‏كەركووك بە تایبەت پارێزگاری بەوەكالەتی پێشووی كەركووك راكان جبووری ‏ئەو دەڵێت "ئەوەی راكان بە كوردی كرد كەس نەیكردوە". ‏
جگەلە بەرپرسانی سیاسی بەرپرسانی ئیداریش وەك كامەران عەلی دەڵێت ‏ستەمیان لە كوردی كەركووك كردوە ئەو گوتی "لە دوو ساڵدا نزیكەی ‏‏20هەزار مامۆستا بۆ كەركووك دامەزراوە، تەنیا  هەزارێكی بۆ كورد بووە ‏ئەویش نازانین چۆن بووە".‏

ئەمساڵ 540قوتابی گەڕاونەتەوە بۆ خوێندنی كوردی
بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی ‏لە ‏كەركووك بە شانازییەكی زۆرەوە باسی لەوە ‏كرد ساڵانە ژمارەیەكی زۆر قوتابی كورد لە خوێندنی عەرەبییەوە ‏دەگەڕێنەوە بۆ خوێندنی كوردی ‌و گوتی "هەر بۆ نمونە ئەمساڵ 540 ‏قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە هاتونەتە خوێندنی كوردی".‏
ئەوەی كامەران عەلی ‌و هاوكارەكانی لە خوێندنی كوردی بێزار دەكات كۆنی ‏بینای قوتابخانەكانی خوێندنی كوردییە هەروەك دەڵێت "نزیكەی 100 ‏قوتابخانەمان پێویستی بە نۆژەنكردنەوەیە، زۆر قوتابخانەمان هەیە كە ‏بارانێك دەبارێ‌ كێشەی بۆ دروست دەبێت ‌و ئاو دەچێتە پۆلەكانییەوە".‏
كامەران عەلی ئەوەشی خستەڕوو لەیەكەم بارانی كەركووكدا ئاو چووە ‏هەندێك قوتابخانە كوردییەكانەوە، ئەو سوپاسی وەزارەتی پەروەردەی ‏هەرێمی كوردستان كرد بەوەی زۆر هاوكاریانە جگەلە مووچە‌و خەرجییەكانی ‏دیكە بەتەنیا ئەمساڵ یەك ملیۆن پەرتووكی بۆ ناردوون "ئەمە جگلەوەی هەر ‏لەم چەند رۆژی رابردوو 1100 مامۆستای وانەبێژیان بۆ كردینە گرێبەست".‏
كامەران عەلی ئەوەشی روونكردەوە كە تاكە پەروەردەیە هیچ بودجەیەكی ‏دیاركراویان نییە گوتی "بۆ 100هەزار قوتابی مانگانە 6بۆ10ملیۆن ‏دینارمان بۆ دێت، ئەوەش زۆر كەمە ‌و هەموو مانگێك قەرزدار دەبین ‏لەسەری، چونكە حكومەتی عێراق یەك دیناری بۆ خوێندنی كوردی تەرخان ‏ناكات".‏


داهاتی فرۆشگاكان بۆ حكومەتی عێراق دەگەڕێتەوە
گرفتێكی دیكە كە كامەران عەلی زۆر نیگەران كردوە گەڕانەوەی داهاتی ‏فرۆشگای قوتابخانە كوردییەكانە بۆ بەغدا هەروەك گوتی "تاكە پەروەردەین ‏كە داهاتی فرۆشگای قوتابخانەكانمان بۆ ناگەڕێتەوە، ئەوەش زیانی زۆر ‏لێداوین". كامەران عەلی ئەوەش ناشارێتەوە كە بەرپرسانی كورد لە بەغدا ‏زۆر هاوكاریان بوون بۆ چارەسەری بەشێك لە گرفتەكانیان هەروەها زۆر ‏سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكات كە دەستپێشخەربوون ‏لەوەی زەوی بە مامۆستایانی خوێندنی كوردی بدەن گوتی "بۆ وەرگرتنی ‏زەوی پێنج هەزار فۆڕمان پڕكردۆتەوە، بڕیارە حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏بمانداتێ‌".‏
بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك جەختلەوە دەكاتەوە ئەو ‏دڵسۆزییە لە خوێندنی كوردیدا لە كەركووك هەیە هەرگیز لە خوێندنی ‏عەرەبیدا نییە
گوتی "هەر لەبەر ئەوەشە دۆخی خوێندنی عەرەبی لە كەركووك زۆر خراپە". ‏ئەوەی بۆ كامەران عەلی هاوكارەكانی بووەتە كێشە خوێندنی كوردی ‏پڕۆگرامەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستانە، بەڵام تاقیكردنەوەو كاتی ‏دەوامان لەگەڵ بەغدایە ئەوەش زۆرجار كێشەی لابەلای بۆ دروست كردون.‏
بەشێك لە مامۆستایانی خوێندنی كوردی گلەیی ئەوەیان هەبوو بۆ مووچە ‏وەرگرتنێك دەبێت بچنە دەرەوەی كەركووك ‌و بۆیە داوایان كرد مووچەكانیان ‏لەنێو كەركووك پێبدرێت، كامەران عەلی ئەوە بە قورس دەبینێ‌ دەڵێت ‏‏"گواستنەوەی حەوت ملیار دینار مووچەی مامۆستایان بۆ كەركوك كارێكی ‏ئاسان نییە بەرپرسیارێتییە بۆیە لە دەرەوەی كەركووك دەریدەگرن".‏
لە دوای قسەكانی لەبەرنامەكەدا بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی هیوای ‏خواست پارێزگاری ئێستای شارەكە كە كوردە ببێتە هاوكاری خوێندنی ‏كوردی ‌و گوتی "ئێستا كە پارێزگار گۆڕاوە هیوایەكی باشمان هەیە ‏خزمەتێكی باشتری خوێندنی كوردی بكات".‏

‏20بەشی خوێندنی كوردی لە شارەكانی عێراق هەیە
نەوزاد محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی ‏كوردی لە ‏وەزارەتی ‏پەروەردەی عێراق میوانێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە بوو نەوزاد محەممەد لە ‏دەستپێكی قسەكانی ئەوەی خستەڕوو كە هەر چەندە 20بەشی خوێندنی ‏كوردی لەشارەكانی عێراقدا هەیە، بەڵام خراپترین دۆخدان، وەك ئەو ‏بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عێراق روونیدەكاتەوە بەپێی ‏دەستووری عێراق بێت دەبێت وانەی كوردی لە چواری سەرەتای بخوێنرێ‌، ‏بەڵام بەپێچەوانەی ئەوە خوێندنی كورد لە عێراق لە قۆناخی چوار‌و پێنجی ‏ئامادەیی دەخوێنرێ‌ "ئەو خوێندنە كەس فێری هیچ ناكات ‌و كەمترین گرنگی ‏پێدەدرێت". هەر بەپێی قسەی نەوزاد محەممەد پێشتر لە پڕۆگرامی ‏خوێندنی كوردی هەڵەی زمانەوانی زۆری تێدا بووە، بەڵام ساڵی رابردوو ئەو ‏هەڵانە لە چاپی نوێی كتێیبەكاندا چاككرانەوە ئەو گوتی "گرفتیكی دیكە ‏ئەوەیە ئەوانەی لەلای ئێمە وانەی كوردی دەڵێنەوە خۆیان كوردنین".‏
نەوزاد محەممەد ئەوەشی روونكردەوە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان لە بەغدا ‏لە2016دا نوسراویان بۆ ئەوە كردوە كە خوێندنی كوردی لە جیاتی چواری ‏ئامادەیی، لەچواری سەرەتایی بخوێنرێ‌ "بەڵام تاوەكوئێستا ئەو كارە لە ‏نوسراوەكەدا ماوەتەوە كاری پێنەكراوە".‏
نەوزاد محەممەد جەخت دەكاتەوە بۆ گرفتەكانی خوێندنی كوردی لە هەموو ‏دەرگاكانیانداوە، بەڵام هێشتا كێشەكانیان وەك خۆیەتی ئەو گوتیشی "ئەو ‏مێزو كۆمپیوتەرەی كاری لەسەر دەكەم هی ساڵانی هەشتاكانا".‏
لە كۆتایی قسەكانی بەرپرسە كوردەكەی خوێندنی كوردی لە وەزارەتی ‏پەروەردەی عێراق ئەوەی خستەڕوو هەرچەندە ساڵی پێشوو خوێندنی ‏كوردی لەكۆلێژی كراوەی كەركووك داخرا، بەڵام بە هەوڵەكانی ئەوان ئەمساڵ ‏دەكرێتەوە.‏

سێ‌ دەوامی لە قوتابخانە عەرەبی ‌و توركمانەكانیش هەیە
گرفتەكانی خوێندنی كوردی لە كەركووك هی ئەوە نییە كۆبونەوەیەكی ‏تایبەتی بۆ رێكبخرێت؟ ئەوە پرسیار رەنج سەنگاوی پێشكەشكاربوو لە  ‏حەسەن مەجید، سەرۆكی كوتلەی پارتی لە ئەنجوومەنی ‏پارێزگای ‏كەركووك ‏كە میوانێكی سەرەكی بەرنامەكە بوو، وەڵامی حەسەن مەجید بۆ ئەو ‏پرسیارە بەڵێ‌ بوو، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە كە ئێستا ئەنجوومەنەكە خۆی ‏بەكۆمەڵێك پرسەوە گرفتارە "هەر كاتێك ئەو گرفتانە نەمان ئەوكاتە ‏پێویستە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بۆ بكرێت". ئەوەش وەڵامی حەسەن ‏مەجید بوو
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەوەشی خستەڕوو سێ‌ دەوامی ‏قوتابخانەكان نەك لە خوێندنی كوردی، بەڵكو لە قوتابخانە عەرەبی ‌و ‏توركمانەكانیشدا هەیە‌و گوتیشی "لە قوتابخانە عەرەبییەكانیش كێشەی ‏جۆراوجۆر هەیە، بەڵام بەراوورد بە خوێندنی كوردی كەمترە".‏
ئەوەی حەسەن مەجید ‌و هاوكارە كوردەكانی  دڵخۆش دەكات ئەوەیە ‏ئەمساڵ یەكەم ‌و دوومی هەموو عێراق قوتابی خوێندنی كوردی بوو.‏
سەبارەت بە‌و خوێندنە كوردییەش كە لەشارەكانی عێراق هەیە حەسەن ‏مەجید ئەوە رووندەكاتەوە "ئەو خوێندنە كوردیەی كە لە چوار ‌و پێنجی ‏ئامادەیی لە عێراق دەخوێنرێ‌، زۆر سەرەتاییە ‌و كەس فێری كوردی ناكات"‏
بۆ حەسەن مەجید ‌و هاوكارە كوردەكانی، گەشەی خوێندنی كوردی لە ‏كەركووك جێگای شانازییە، چونكە وەك ئەو گوتی "یەكەم ساڵ كە ‏قوتابخانەی كوردیمان كردەوە، مۆڵەتی حەوت قوتابخانەمان هەبوو، بەڵام  ‏ئێمە 15مان كردەوە ئێستاش دیارە گەیشتۆتە چەند".‏
حاڵەتێكی دیكە كە حەسەن مەجید بە هۆكارێكی دڵخۆشی دەزانێ‌ ئەوەیە ‏تەواوی پێداویستی قوتابخانە كوردییەكان لە هەرێمی كوردستانەوە دابین ‏دەكرێت، بەڵام حكومەتی عێراق ناتوانێ‌ بیناكانیش نۆژەن بكاتەوە ‏لەكاتێكدا هەروەك ئەو گوتی "بەنموونە هەر كاتێك باران ببارێ‌ ئاو دەچێتە ‏قوتابخانەی شۆراوی بنەڕەتی". لە كۆتایی قسەكانی سەرۆكی كوتلەی پارتی ‏لە ئەنجوومەنی ‏پارێزگای ‏كەركووك باسی لەوە كرد كە مامۆستایانی خوێندنی ‏كوردی لە كەركووك جگەلە دڵسۆزی بۆ كارە پەروەردەیەكەیان هەمیشەش لە ‏ریزی پێشەوەی خەباتی كوردایەتی بوون ‌و گوتی "لە رێپێوانەكەی 28ی ‏تەموزدا كە 26كەس شەهید بوون نۆ یان مامۆستابوون". ‏

خۆیان مامۆستای خوێندنی كوردین، بەڵام منداڵەكانیان...‏
‏ هیوا حەسەن، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مامۆستایانی ‏خوێندنی ‏كوردی ‏‏‏لە ‏كەركووك، وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد بەشێك لە ‏مامۆستایانی خوێندنی كوردی لەكاتێكدا خۆیان لە قوتابخانەی كوردین، ‏كەچی منداڵەكانیان لە قوتابخانەی عەرەبی دەخوێنن ‌و گوتیشی "منداڵی ‏كوردیش هەیە لە قوتابخانەی توركمانی دەخوێنێ، دەبێت ئەوەش بڵێم ‏منداڵی عارەبیش هەیە لە قوتابخانەی كوردییە".‏
سەبارت بەوەش كە وەك دەستەی كارگێڕی مامۆستایانی ‏خوێندنی ‏كوردی ‏تۆمەتبار دەكرێن كە دژی خوێندنی كوردی بن ئەو رەتی دەكاتەوە دەڵێت ‏‏"ئێمە دژی خوێندنی كوردی نین، تەنیا دەمانەوێ موچەكانمان بچێتەر بەغدا ‏ئەوەش مافێكی خۆمانە".‏
هیوا حەسەن، ئەوەش ناشارێتەوە بەهۆی خراپی دۆخی سیاسییەوە، بەشێك ‏لە خەڵكی متمانەی بە خوێندنی كوردی نەماوە ‏
هیوا حەسەن بەپێویستی دەزانێ‌ بۆ ئەو مامۆستا عەرەبانەی لە شارەكانی ‏عێراق وانەی كوردە دەڵێنەوە بەردەوام خولی بەروپێشچوونیان بۆ بكرێتەوە ‏ئەو گوتی "تاوەكوئێستا هیچ خولێك بۆ ئەو مامۆستایانە نەكراوەتەوە كە لە ‏قوتابخانەی عەرەبی وانەی كوردی دەڵێنەوە".‏

دۆخی خوێندنی كوردی لە خانەقینیش باش نییە
ماهیر هۆشەنگ، پسپۆڕی زمانی كوردی ‌و ئەندامی كەمپینی بەڵێ‌ بۆ ‏خوێندنی كوردی لە خانەقین كە لە خانەقینەوە لەبەرنامەكەدا بەشداربوو ‏ئەوەی خستەڕوو كە دۆخی خوێندنی كوردی لە خانەقینیش باش نییە ماهیر ‏هۆشەنگ گوتی "بەرپرسی كورد هەیە منداڵەكەی بردۆتە قوتابخانەی ‏عەرەبی، ئیتر ئێمە گلەیی لە كێ‌ بكەین". ئەو مامۆستا كوردەی خانەقین ‏ئەوەشی روونكردەوە كە نەك لە بواری خوێندن، بەڵكو لە زۆر رووەوە ‏خانەقین لەبیركراوە ‌و گوتیشی "لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە دەسەڵاتی ‏عێراق لە خانەقین سەپێنراوە".‏
ماهیر هۆشەنگ شانازی بەوە دەكات كە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا خانەقین ‏هەمیشە دەنگی زۆری بۆ كورد هێناوە، ئەو گوتی "بەڕاستی ئەركی ‏دەسەڵاتدرانی كوردە بەشێوەیەكی گشتی داكۆكی لە خەڵكی ناوچە ‏جێناكۆكەكان بكەن".‏
ماهیر هۆشەنگە ئەوەش ناشارێتەوە كەلەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە كورد ‏قورسایی جارانی  لە خانەقین نەماوە.‏

بە مامۆستاكانی گوتووە لەسەر خوێندنی كوردی قوتابی مەخەن
محەممەد عەبدوڵڵا، كە وەك كارگێڕی لقی ‏كەركووكی ‏یەكێتی ‏‏‏مامۆستایانی ‏كوردستان لەبەرنامەكەدا بەشدار بوو جەختی لەوە كردەوە كە بەڕێوەبەری ‏قوتابخانە عارەبییەكان هانی مامۆستایانیان دەدەن كە زمانی كوردی ‏فەرامۆش بكەن ‌و گوتی "بەڕێوەبەری ئامادەییەكی عەرەبی هەیە بە ‏مامۆستاكانی گوتووە خوێندنە كوردییەكە فەرمامۆش بكەن ‌و قوتابی لەسەر ‏مەخەن". محەممەد عەبدوڵڵا لە دژی ئەوەش كە خوێندنی زمانی كوردی لە ‏چوار‌و پێنجی ئامادەیی بخوێنرێ‌ ئەو دەڵێت "ئەگەر زمانی كوردی لە ‏قۆناخی سەرەتایی نەخوێنرێ‌ كەس فێر نابێت بۆیە دەبێت لەجیاتی چوار‌و ‏پێنجی ئامادەیی لە قۆناخی سەرەتایی  زمانی كوردی لە قوتابخانە ‏عەرەبییەكاندا بخوێنرێ‌".‏

ئەم بەرنامەیە شەوی 10-11-2024 پێشكەش كراو میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە
‏1-كامەران عەلی‏، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی ‏لە ‏كەركووك  ‏
‏2- نەوزاد محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی ‏كوردی لە ‏‏وەزارەتی پەروەردەی عێراق
‏3- هیوا حەسەن، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مامۆستایانی ‏خوێندنی ‏كوردی ‏‏‏‏لە كەركووك ‏
‏4-حەسەن مەجید، سەرۆكی كوتلەی پارتی لە ئەنجوومەنی ‏پارێزگای ‏‏كەركووك 
‏5- محەممەد عەبدوڵڵا، كارگێڕی لقی ‏كەركووكی ‏یەكێتی ‏‏‏مامۆستایانی ‏كوردستان
‏6 - ماهیر هۆشەنگ، پسپۆڕی زمانی كوردی ‌و ئەندامی كەمپینی بەڵێ‌ بۆ ‏خوێندنی كوردی لە خانەقین ‏