لەگەڵ رەنج - سەرژمێری

15 December 2024
لەگەڵ رەنج - سەرژمێری
‏"سەرژمێری دەریخست عێراق ‌و كوردستان گەیشتوون بە پەنجەرەی دیمۆگرافی، ‏ئەوەش واتە گەیشتن بە دەرگای زیڕین". پسپۆڕێكی كارگێڕی ‌و سەرچاوەیی ‏‏مرۆیی لە بەشێكی بەرنامەی ئەم جارەی لەگەڵ رەنج وایگوت، ئەویش پشتبەستن بە دوا ‏سەرژمێریی ئەم ساڵ كە دەریخست 63.7٪ كۆمەڵگای كوردستان تەمەنیان ‏لە نێوان 15بۆ 64 ساڵیدایە.

لە زانستی سەرژمێریدا هەر وڵاتێك رێژەی 60٪ـی ‏دانیشتووانەكەی تەمەنیان لە نێوان 15بۆ 64 ساڵیدا بوو، ئەوا ئەو كۆمەڵگەیە بە ‏كۆمەڵگەیەكی گەنج ناوزەند دەكرێت. واتە ئەو وڵاتە لایەنی ‏مرۆیی بەردەستە بۆ ‏‏ئەوەی ‏ئابوورییەكەی گەشە پێبدات.‏ عێراقیش بەهەمان شێوە 60.2٪ـی كۆمەڵگەكەی ‏تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە، واتە ئەویش بەهەمان شێوەی هەرێمی ‏كوردستان گەیشتووە بە پەنجەرەی دیمۆگرافی واتە گەیشتن بە دەرگای زێڕین.

بە ‏قسەی بەرپرسێكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، لە 2021وە هەرێمی ‏كوردستان گەیشتووە بەوەی 60٪ـی دانیشتووانەكەی تەمەنیان لە نێوان 15بۆ ‏‏64 ساڵی بێت. بەشێكی زۆری ئەو تەمەنانە لەنێو پڕۆسەی خوێندندان، بەتایبەت ‏قوتابییانی زانكۆ. ئەو بەرپرسەی ئامار گلەیی لەوە هەیە كە زانكۆكانی كوردستان ‏بڕوانامە بەرهەمدەهێنن نەك قوتابیی بەرهەمدار بۆ بازاڕی كار ئامادە بكەن ‌و ‏گوتیشی: "بەشێكی رێژەكەش ئافرەتانن كە لە كۆمەڵگەی ئێمە دا نایەنەوێ‌ كار ‏بكەن".‏



خاوەنی كۆمپانیایەكی راهێنان و راوێژكاریی ‏بواری بازرگانی كە میوانێكی بەرنامەكە ‏بوو، لەو بڕوایەدایە لەو 63.7٪ـەی دەتوانرێ‌ بۆ كار سوودی لێببینرێ‌ تەنیا 10٪ دەمێنێتەوە.

ئەو خاوەن كۆمپانیایە پرسیاری ئەوە دەكات، بۆچی دەرچوویەك بە چوار ساڵی ‏خوێندنی زانكۆ كاری دەست ناكەوێت؟ بەڵام بە راهێنانێكی 20 كاژێری كاری ‏دەست دەكەوێت؟ وەڵامەكەی لە بەرنامەكەدا روون دەكاتەوە. مامۆستایەكی ‏زانكۆش كە هەر میوانە لەو بڕوایەدایە كێشە كە لە قوتابی ‌و هێزی كاردا نییە، ‏بەڵكو "كێشە لە ئیدارەدانی دۆخەكەدایە كە دەبێت قوتابیی زانكۆ لە ماوەی ‏خوێندنەكەیدا بە بازاڕی كار ئاشنا بێت".‏

‏12 كاژێر كاركردن مانگی بە 100 هەزار دینار

‏(كەزی شوان) قوتابیەكی قۆناخی چواری یاسایە لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسی ئەو ‏لە بەرنامەكەدا قسەی دڵی هەموو ئەو گەنجە بێكارانەی كرد كە بەتایبەت لە قەزا‌ و ‏ناحیەكاندا دەژین ‌و بێكارن؛ ئەو كە خۆی خەڵكی قەزای قەڵادزێی ئیدارەی ‏راپەڕینە لە قسەی میوانێكی بەرنامە بە گلەیی بوو كاتێك گوتبووی لە ‏كۆمەڵگەی كوردیدا ئافرەتان كار ناكەن، كەزی گوتی: "ئێوە سەیری شارە 
گەورەكان ‏مەكەن كە دەرفەتی كار تاوەكو رادەیەك تێدایە، بەڵام  لە قەزا‌ و ناحییەكان دۆخەكە ‏زۆر خراپە. كەسێكی وەكو من كە 12 ساڵ لە نێو خێزانەكەم ‌و چوار ساڵی و زانكۆش ‏لە دووری خێزانەكەم دەخوێنم كە رۆیشتمەوە ئەگەر بمەوێ‌ كارێك بكەم، دەبێت ‏رۆژی 12 كاژێر كار بكەم، مانگانە بە 300 هەزار دینار ئەویش ئەگەر دەستم ‏بكەوێت، باشە 16 ساڵ خوێندن دەبێت ئەوە بەرهەمەكەی بێت؟"

ئەو قوتابیەی ‏بەشی یاسای زانكۆی (لوبنانی فەرەنسی) باس لە چیرۆكێكی كاریگەرتر دەكات ‏ئەویش باسە لە گەنجێكی دەرچووی شیكاری نەخۆشییەكان كە لە قەڵادزێ‌ ‏ویستوویەتی لە نەخۆشخانەیەكی كەرتی تایبەت كار بكات، كاتێكی سیڤیی خۆی ‏بردووە لەوێ پێیان گوتووە دەبێت رۆژانە 12 كاژێر كار بكەیت ‌و لە هەفتەیەكیشدا ‏دوو شەو ئێشكگربیت ‌و مانگانەش مووچەكەت تەنیا 100 هەزار دینار  دەبێت، ‏كەزی دەڵێت: "ئایا كەسێك دەتوانێ‌ رۆژانە 12 كاژێر كاربكات ‌و مووچەكەشی ‏‏100 هەزار دینار بێت ئەوە رەوایە؟"

نەزمی مووسا نوێنەری وەزارەتی كار ‌و ‏كار‌وباری كۆمەڵایەتی لە بەرنامەكەدا ئاوڕێكی بۆ ئەو قوتابییە كچە دایەوە  ‏لە دەفتەرەكەی بەردەمی شتێكی نوسی ‌و گوتی: "پەیامەكەت گەیشت بەدواداچوون ‏دەكەین".

قوتابییەكی دیكەی زانكۆ لەوە نیگەران بوو كە دەچنە چاوپێكەوتنێكی هەلی كار ‏داوای ئەزموونی كاریان لێدەكەن ئەو دەڵێت: "من دەرچوویەكی تازەی زانكۆبم ‏ئەزموونی كارم لەكوێ‌ هەبێت؟" قوتابییەكی دیكەی ئەم بەرنامەیە گوتی: "من كە ‏چەندین ساڵ لە بوارێكدا بخوێنم بۆچی دەبێت بەوە رازی بم كە دەرچووم لە خوار ‏بڕوانامەكەی خۆم كارێكی دیكە بكەم؟"

یەكێكی دیكە لە قوتابییەكان دەست ‏دەخاتە سەر برینێكی دیكە‌و دەڵێت: 
"بەشێكی زۆری بێكاریی دەرچووانی زانكۆ‌ ‏لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە بە خواستی خۆیان ئەو بەشانە هەڵنابژێرن كە تێیدا ‏دەخوێنن، نمرەكەیان بەشی چ بەشێكی كرد دەبێت بە ناچاری لەو بەشە بخوێنن، ‏مرۆڤیش كە حەزی بە شتێك نەبوو ناتوانێ‌ داهێنانی تێدا بكات ‌و تێیدا ‏سەركەوتووبێت".‏




لە 2021ـەوە پێگەیشتووین

گوهدار محەممەد، بەرپرسی بەشی دانیشتووان ‌و هێزی كار  لە دەستەی ئاماری ‏سەر بە ‏وەزارەتی ‏‏پلاندانانی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات لە قۆناخی ‏دوومی سەرژمێریی ئەم ساڵ گەیشتوون بەوەی رێژەی63.7٪ی كۆمەڵگەی هەرێمی ‏كوردستان تەمەنیان لەنێوان 15بۆ 64ساڵیدایە. گوهدار ئەوەش دەخاتەڕوو هەر ‏لە ساڵی 2021دا گەیشتوون بەوەی 60٪ـی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ‏تەمەنیان لە 15بۆ 64ساڵدایە، واتە "كۆمەڵگاكە گەنجە ‌و خاوەنی دەستێكی كاری ‏باشە".

بەرپرسەكەی وەزارەتی پلاندانان لەو بڕوایەدایە كاركردن لەسەر ئەو ‏رێژەیە (63.7٪) جگە لە خۆیان پەیوەندی بە وەزارەتەكانی كار ‌و پەروەردە‌ و ‏خوێندنی باڵاوە هەیە ‌و گوتیشی: "ئەو 63.7٪ـە هەموویان هێزی كار نین، ئەوەی ‏كار دەكات ‌و ئەوەش كە دەچێتە چوارچێوەی بێكارییەوە، بەوە دەگوترێ‌ هێزی ‏كار نەك هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15بۆ 64 ساڵیدایە".‏

گوهدار محەممەد لەو بڕوایەدایە زۆرینەی ئەوانەی لە زانكۆكان دەردەچن ناتوانن بە ‏بڕوانامەكانیان كارێكیان دەست بكەوێت ئەو دەڵێت: "زانكۆكان بڕوانامە ‏بەرهەمدەهێنن نەك دەستی كاری كارامە بۆ بازاڕ، بەداخەوە لە رووپێویی ساڵی ‏‏2021دا ریژەی بێكار لە دەرچووانی پەیمانگا‌ و بەرە‌و سەر 58٪ كە ئەوەش ‏رێژەیەكی ئێجگار بەرزە".

بە بۆچوونی ئەو، باشترە لە رێگەی وەزارەتەكانی كار ‌و ‏پەروەردە خوێندنی پیشەیی بەهێز بكرێت، چونكە مەرج نییە هەموو خوێندكاران ‏بچنە زانكۆ ئەوجا سەركەوتووبن؛ "لە وڵاتێكی وەك سوێد كەمتر لە 25٪ـی ئەوانەی ‏دەخوێنن دەچنە زانكۆكان".
گوهدار محەممەد جەخت لەوە دەكاتەوە كاری ئەوان ‏خستنەڕووی راستیی ئامارەكانە ‌و دەڵێت: "ئەركی دەستەی ئامار، پلاندانان نییە، ‏كاری ئێمە دەستنیشان كردنی كێشەكان ‌و پێشنیاز ‌و چارەسەرە كە بە قسەمان ‏نەكەن خۆ تاوانی ئێمە نییە".‏

‏"ئافرەتانی ئێمە نایانەوێ‌ كار بكەن"

هەر بەپێی زانیارییەكانی گوهدار محەممەد، رێژەی بەشداریكردنی ئافرەتان لە ‏هێزی كاری هەرێمی كوردستان "زۆر كەمە". ئەو دەڵێت: "بەپێی رووپێویی ساڵی ‏‏2021، 13٪ـی ئافرەتانی ئێمە لە چوارچێوەی هێزی كاردان، ئەو رێژەیە ئەوەمان ‏پێدەڵێت ئافرەتانی ئێمە نایەنەوێ‌ كار بكەن".

سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ئیشانەی ژنان لەنێو ماڵ دەیكەن كار نییە؟ وەڵامی ‏بەرپرسەكەی دەستەی ئامار ئەوە بوو: "ئیشی ماڵەوەی ژنان ناچێتە ‏چوارچێوەی كاركردنەوە". گوهدار محەممەد ئەوە رووندەكاتەوە، بۆ پرسی كار ‏دەبێت وەزارەتەكانی كار ‌و پەروەردە‌ و خوێندنی باڵا پێكەوە كار بكەن.

ئەو بەرپرسە باس لەوەش دەكات، قوتابییەكانی كوردستان لە بەكارهێنانی مۆبایل ‏زیرەكن، بەڵام ناتوانن بە باشی كار لەسەر كۆمپیوتەر بكەن ‌و هەموو دەرچووانیش ‏بێكار نین، بە گوتەی گوهدار محەممەد، "بێكار سێ‌ مەرجی هەیە، لەوانە لە ماوەی ‏حەوت رۆژدا كاری نەكردبێت ‌و بەدوای كاردا بگڕێت ‌و ئارەزووی كاركردنیشی ‏هەبێت".‏

‏‏"ئەو 63.7٪ تەنیا 10٪ دەمێنێتەوە بۆ كاركردن"‏

بڕیار رەئوف، خاوەنی كۆمپانیایەكی راهێنان و راوێژكاریی ‏بواری بازرگانی وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە بۆچوونێكی تایبەتی لەسەر ئەو رێژەی 63.7٪ هەیە. ‏ئەو رای وایە تەنیا ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 40 ساڵیدایە بۆ كار بەكەڵك ‏دێن. ئەوەش پشتبەستن بەو راهێنانەی بە گەنجانی دەكەن بۆ دۆزینەوەی هەلی كار. ‏بڕیار دەڵێت: "98٪ـی بەشداربووانی راهێنانی دۆزینەوەی 
كار تەمەنیان لە سەروو ‏‏30 ساڵییەوەیە". روونیشی دەكاتەوە ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 30 ساڵی ‌و ‏ئەوانەشی كە تەمەنیان لە 40 ساڵی زیاترە زۆرترینیان خەریكی تیكتۆك ‌و ‏سۆشیاڵ میدیان؛ "ئەگەر زۆر وردی بكەینەوە ئەو 63.7٪ تەنیا 10٪ ‏دەمێنێتەوە بۆ كاركردن".

بڕیار رەئوف دەپرسێ‌ بۆچی دەرچوویەك بە چوار ساڵی ‏خوێندنی زانكۆ كاری دەستناكەوێت، بەڵام بە راهێنانێكی 20 كاژێری كاری ‏دەستدەكەوێت؟ وەڵامەكە لەلای بڕیار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە زانكۆكاندا ‏پڕۆگرامەكان هاوتەریب نین لەگەڵ بازاڕی كار، بڕیار رەئوف ئەوەش دەخاتەڕوو، ‏تەنیا بوونی رێژەی 63.7٪ بۆ گەنجان زۆر گرنگ نییە، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە ‏كاریان دەست بكەوێت.‏




‏"رێژەی بێكاری لە 16.3٪ـەوە دەگەیێنمەوە 6٪"‏

ئەو راوێژكارەی ‏بواری بازرگانی باس لەوەش دەكات پێشتر رێژەی بێكاری لە ‏هەرێمی كوردستان 6.2٪ بووە دواتر بەرزبووەتەوە بۆ 16.3٪ ‌و گوتی: ‏‏"دەسەڵاتم بدەنە دەست بەگەرەنتی ئەو رێژەیە دەگەیێنمەوە 6٪. ئەو قسەیە ‏بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە، بەڵام بەڵێن دەتوانم ئەو كارە بكەم".‏

بڕیار رەئوف 12 ساڵە كاری راهێنان ‌و راوێژكاری دەكات، ئەوەش رووندەكاتەوە ‏قوتابیی زانكۆ بە پێنج هەزار پەڕەی خوێندنی زانكۆ كاری دەست ناكەوێت، بەڵام ‏لەلای ئەو هاوپیشەكانی، بەپێنج پەڕەی راهێنانێك كاری دەست دەكەوێت. 
ئەو گوتی: ‏‏"مرۆڤ ئەگەر كار بكات زۆرینەی كات پارە ‌و مووچەی كەرتی تایبەت باشتر بووە لە ‏كەرتی حكومی، هەر بۆ نموونە كەس هەیە لە كەرتی تایبەتدا مووچەكەی چوار ‏هەزار دۆلارە، بەڕێوەبەری گشتیش هەیە دوو ملیۆن دینار وەردەگرێت".‏

بڕیار رەئوف ئامادە نییە ژمارەی ئەو كەسانە ئاشكرا بكات كە لە رێگای ‏كۆمپانیاكەیەوە ‌و بە راهێنانكردن كاریان دەستكەوتووە ‌و دەڵێت "لێرە ناتوانم ‏بڵێم چەند كەسمان خستووەتە سەر كار ئەوە نهێنیی كۆمپانیایە".‏

بڕیار، هیچ كاتێك لەگەڵ ئەوە نییە كە بگوترێ‌ كار دەست ناكەوێت، بۆ پشتیوانی ‏ئەو بۆچوونەشی باس لە گرووپێكی تەلەگرام دەكات كە كار بۆ خەڵكی دەدۆزێتەوە. ‏ئەو گوتی: "ئەو گرووپە لە ماوەی زیاتر لە مانگێكدا 4600 هەلی كاری داناوە، بەم ‏جۆرە دەگەینە ئەو بڕوایەی لە كوردستاندا دەرفەتی كار زۆرە، بەڵام توانا كەمە".‏

بڕیار ئامۆژگاری گەنجانیش دەكات كە هەمیشە ئیش لەسەر بەهێزكردنی هونەری ‏پەیوەندیكردن بۆ دۆزینەوەی كار بكەن ‌و گوتیشی: "قسەكردن ‌و رێزگرتنی كڕیار ‏زۆر گرنگە، با كرێكار لە كارەكەیدا زۆر زیرەكیش بێت، كە رەوشت ‌و مامەڵەكردنی ‏وەكو پێویست نەبوو بۆ خاوەن كارەكەی هیچ باش نابێت".‏

بەدوای كرێكاردا گەڕاون دەستیان نەكەوتووە ‏

بەبۆچوونی نەزمی موسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كار و ‏دەستەبەری ‏‏كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار ‌و كاروباری كۆمەڵایەتی، گەیشتن بە رێژەی 63.7٪ ‏زۆر دڵخۆشكەرە، چونكە هەر كۆمەڵگەیەك ئەو رێژەیەی هەبێت ئەوا دەتوانێ‌ گەشە ‏بە ئابووریەكەی بدات، نەزمی موسا ئەوە دەخاتەڕوو لە 2009 بەپێی روپێوییەكی ‏دەستەی ئامار رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستاندا لە ئاستێكی نزمدا بووە ‏ئەویش 6.2٪ بوو، هەر ئەو كاتە وەک وەزارەتی كار بەدوای كرێكاردا گەڕاون، بەڵام ‏كەمترینان دەست كەوتووە نەزمی گوتی "لە 2009دا وەكو وەزارەتی كار بەدوای ‏خەڵكدا دەگەڕین دیمەزرێنین كەس نەبوو".‏

نەزمی موسا تكا ‌و داوا لە خاوەنكاران دەكات، راهێنان بەو دەرچووانە بكەن كە ‏دەچنە لایان بۆ ئیشكردن و گوتی: "لە هەموو دنیادا ئەوە نییە دەرچویەك  لە ‏یەكەم چاوپێكەوتنی كاردا هەموو شتێک بزانێ‌، دەبێت خاوەنكار رۆڵێكی هەبێت لە ‏پێگەیاندنی كرێكاردا، بەداخەوە هیچ خاوەن كارێك ئەوە ناكات كە خولی راهێنان ‏بكاتەوە بۆ ئەوانەی دایان دەمەزرێنێ‌ هەموو كاتێك دەیانەوێ‌ كرێكارەكە ‏بەزموونێكی زۆرەوە بچێتەلایان بۆ كاركردن".‏

پشتبەستن بەبۆچوونی ئەو قوتابییانەی لە بەرنامەكەدا قسەیان كرد، زۆرینەی ‏ئەوانەی لە قەزاكاندا دەژین بێ‌ كارن، نەزمی دەڵێت: "ئەگەر بزانین لە قەزایەك ‏رێژەی دەستی كار زۆرە، هەر لەو قەزایە سەنتەرێكی راهێنانی پیشەیی دەكەینەوە ‏بۆ ئەوەی زۆرترین بێكار بخەینە سەر كار ‌و زۆرترین هەلی كاریش بڕەخسێنین".‏



پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی 5500ـەوە بكەن

نەزمی ئەوە ناشارێتەوە هەندێ‌ كات ئەوانەی كار دەكەن مافیان پێشل دەكرێت، ‏بۆیە وەك وەزارەتی كار چارەسەر ئەو دۆخەشیان كردووە، بەمەرجێك ئەگەر كرێكار ‏پەیوەندییان پێوە بكات. ئەو گوتی: "لە شارێكی وەكو هەولێر بە نموونە 25 هەزار ‏پڕۆژە هەیە. ئێمە وەک وەزارەت ناتوانین بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو پڕۆژانە بكەین ‏تاوەكو بزانین چ كرێكارێک مافی پێشلكراوە، ئەگەر كرێكارێک مافی پێشلكرا ئەوا ‏دەتوانێ‌ پەیوەندی بە ژمارە 5500ـەوە بكات، ئەو ژمارەیە هەمیشە بەردەستە ‌و ‏بەبێ‌ بەرامبەر سكاڵای ئەو كرێكارانە وەردەگرێ‌ كە مافیان پێشل دەكرێت".

‏نەزمی جەخت لەوەش دەكاتەوە هەر كرێكارێك پەیوەندی بەو ژمارەیەوە بكات، ‏هەموو نهێنییەكی پارێزراو دەبێت. ئەو گلەیی لە كرێكارانەش هەیە، چونكە ‏هەندێكجار ئامادە نین لە بەرامبەر پێشلكردنی مافەكانیان لە دادگەی كار سكاڵا ‏تۆمار بكەن ‌و گوتیشی: "بەنموونە كرێكارێكی ناكارامە، واتە ئەو كرێكارەی هیچ ‏پسپۆڕیەكی نییە مووچەی مانگانەی نابێت لە 350 هەزار دینار كەمتر بێت، ئەگەر ‏لەوە كەمتر بوو گەر كرێكارەكەش قسە نەكات ئێمە بەدواداچوون دەكەین، بەڵام ‏باشتر كرێكارەكە خۆی سكاڵا تۆمار بكات تاوەكو مافەكەی بۆ وەربگرینەوە، ئێمە ‏گرفتەكەمان لەوەدایە هەندێكجار كرێكاران بەدوای مافەكانی خۆیاندا ناچن دوایش ‏گلەیی دەكەن دەڵێن هیچمان بۆ ناكەن". 
بەرپرسەكەی وەزارەتی كار جەخت لەوەش ‏دەكاتەوە كە دەبێت لە هەموو پڕۆژەكانی كاركردن 75% كرێكارەكانی ‏دەستی كاری نێوخۆیی بن ‌و ئەو پڕۆژانەش كە لە چوار كرێكار كەمتر هەیە، نابێت ‏ئیش بە كرێكاری بیانی بكەن .



"لەم كارەدا بۆ كرێكاران پێش عێراق كەوتووین"

نەزمی موسا شانازی بەوە دەكات لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو دا زۆرترین كرێكاریان ‏دەستەبەر كردووە بەوەش دڵخۆشە كە لە دەستەبەركردنی كرێكاراندا پێش عێراق ‏كەوتوون ‌و دەڵێت: "دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران لە عێراق 6٪ـە، بەڵام لە ‏كوردستان 16٪یە، هەرچەندە لە 1971ـەوە دەستەبەری كۆمەڵایەتی ‏هەیە، بەڵام لە چوار ساڵی رابردوو دا ژمارەكە لەلای ئێمە زۆر زیادیكردوە بە نموونە لە ‏هەرێمی كوردستاندا ژمارەكە بووەتە دوو هێندە، ئێستا نزیكەی 200 هەزار كەس ‏لە كوردستاندا دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە".‏

سەبارەت بە راهێنانی گەنجان ‌و ئامادەكردنیان بۆ بازاڕی كار، نەزمی موسا ئەوەی ‏خستەڕوو لە 2018 بۆ شەش مانگی یەكەمی2024، 10 هەزار كەس لەلای ئەوان ‏راهێنانی كاریان پێكراوە ‌و گوتی: "لەو 10 هەزار كەسەی راهێنانمان پێكردوە 
رەنگە ‏شەش بۆ حەوت هەزاری دامەزرابێت ‌و كاری دەست كەوتوبێت".

نەزمی موسا ئاماژە بەوەش دەكات لە 2022 نوسراوێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان ‏وەزارەتی كار‌و خوێندنی باڵا واژۆ كرا بۆ هاوئاهەنگی كاركردن ئەوەش رۆڵی هەبووە ‏لە كاركردنی ئەو دوو وەزارەتە پێكەوە. نەزمی گوتیشی: "پێمان باشە هەندێ‌ لە ‏پڕۆگرامەكانی زانكۆ گۆڕانكاری تێدا بكرێت بەجۆرێك لەگەڵ بازاڕی كار بگونجێ‌ ‏ئەوەشمان بە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتووە".‏

"خوێندنەكەت تەواو بكە ئنجا كار بكە"

هۆشیار دەربەندی، سەرۆك بەشی كارگێڕیی یاسا لە ‏زانكۆی ‏لوبنانی – ‏‏فەرەنسی ‏وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە لەوە نیگەرانە ئەو باوەڕە لەلای قوتابی ‌و بەشێك ‏لە خێزانەكان دروست بووە كە دەبێت قوتابی خوێندن تەواو بكات ئەوجا كار بكات ‏ئەو دەڵێت: "قوتابیم هەیە پێی دەڵێم كار بكە، دەڵێت لە ماڵەوە پێم دەڵێن ‏خوێندنەكەت تەواو بكە دواتر كار بكە، بە بۆچوونی من ئەوە بیركردنەوەیەكی هەڵەیە، ‏دەبێت قوتابی هەر كاتێك بۆی گونجا كاریش بكات ‌و كاری لەلا خۆشەویست ‏بكرێت".‏

هۆشیار دەربەندی ئەوەش رووندەكاتەوە كە لە وڵاتێكی وەكو سوێد قوتابی لە ‏قۆناخی ئامادەییدا فێری لێكۆڵینەوە ‌و كاركردن دەكرێت؛ "لە وڵاتە ‏پێشكەوتووەكاندا كار زۆر پیرۆزە ‌و قوتابی هێندەی باوكی دەوامی هەیە، وەكو لای ‏خۆمان قوتابی 12ی نیوەڕۆ ناڕواتەوە ماڵەوە، بەڵكو چوار‌ و پێنجی ئێوارە ‏دەڕواتەوە".‏

بەبۆچوونی هۆشیار دەربەندی كێشە لە قوتابی ‌و هێزی كار نییە، بەڵكو كێشە لە ‏ئیدارەدانی دۆخەكەیە، "ئەوەش كێشەی زۆربەی وڵاتانی نەوتییە كە بەشێوەیەكی ‏گشتی بەرهەمدار نین".‏

ئەو مامۆستایەی زانكۆی لوبنانی-فەرەنسی شانازی بەوەش دەكات كە لە ‏‏2017ـەوە قوتابیانی خۆیان بۆ وەرگرتنی ئەزموونی كاركردن دەنێرنە بەشێك لە ‏كارگەكان ئەو دەڵێت "ئەبێت قوتابی زانكۆ بە بازاڕی كار ئاشنا بێت".‏

هۆشیار دەربەندی لەگەڵ ئەوەش نییە لەپرسی بێكاریدا زانكۆ یان وەزارەتێك ‏بەتەنیا بەرپرسیار بكرێت. ئەو گوتی: "من وەك مامۆستایەك نزیكەی 20 كۆمپانیام ‏هێناوەتە زانكۆكەی خۆمان تاوەكو هەلی كار بۆ دەرچووانمان بڕەخسێنن".‏

ئەم كارە بە زانكۆكان چارەسەر ناكرێت

رەخنەیەك كە هەمیشە رووبەڕووی قوتابیانی زانكۆ دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە كە ‏زمانەكانی عەرەبی ‌و ئینگلیزی بەباشی نازانن كە زۆرجار هاوكارە لە دۆزینەوەی ‏كار، بەوەش زانكۆكان بە كەمتەرخەم دەزانرێ‌، هۆشیار دەربەندی ئەوە بە ‏پێچەوانەوە دەبینێ‌ ‌و دەڵێت: "كێشەی فێرنەبوونی زمان، بە زانكۆكان چارەسەر ‏ناكرێت. زانكۆكان رۆڵێكی دیكەیان هەیە هەرگیز ئەو كێشەیە بە زانكۆكان چارەسەر ‏ناكرێت".‏

دەربەندی خەیاڵی بۆ رێژەیەكی دیكە دەچێت كە لە سەرژمێریەكەوە بەدەست ‏هاتووە ئەویش ئەوەیە 31٪ـی كۆمەڵگەی كوردستان تەمەنیان 15ساڵ ‌و كەمترە ‌و ‏دەڵێت: "لەو 31٪ـەی دەكرێت لە ئێستاوە بۆ ئاییندە هێزێكی باشی كاریان لێ دروست ‏بكرێت".‏

ئەو دەخوازێ ئەو بڕیارەی كە هەیە بەوەی 75٪ـی كرێكاری پڕۆژەكان دەستی كاری ‏نێوخۆیی بن، "هەر تەنیا قسە نەبێت ‌و كاری جدی لەسەر بكرێت".‏

دەربەندی لەگەڵ ئەوەیە ئەو 63.7٪ بخرێتە بەردەم وەبەرهێنەرانی دەرەكی ‏‏"تاوەكو بزانن هەرێمی كوردستان خاوەنی ئەو هەموو دەستی كارەیە".‏

بەبڕوای ئەو مامۆستایە، كێشەی كارگە‌ و كۆمپانیاكانی كوردستان ئەوەیە بچووكن ‌و ‏توانای لە خۆگرتنی ئەو هەموو دەستیكارەیان نییە ‌و گوتی: "كێشەی كارگە‌ و ‏كۆمپانیاكانی ئێمە ئەوەیە گەورە نابن، لەكاتێكدا كوالێتیی بەرهەمەكانیان زۆر ‏باشە".‏




گەیشتن بە دەرگای زێڕین "خودا سینیی زێڕینی پێداوین"‏

رەنجدەر خالید، پسپۆڕی كارگێڕی ‌و سەرچاوەیی ‏مرۆیی وەك میوانێكی دیكە ‏گەیشتن بە پەنجەرەی دیمۆگرافی بە گەیشتن بەدەرگای زێڕین ناو دەبات ‌و دەڵێت: ‏"گەیشتن بەو رێژەیە 63.7٪ واتە خوا سینی زێڕینی بە ئێمە داوە بۆیە دەبێت ‏كاری باش لەسەر ئەو رێژەیە بكەین، ئێستا ئێمە هێزی كارمان ئامادەیە، بەڵام ئایا ‏كارمان هەیە یان نا؟ بەدڵنیاییەوە وەكو پێویست نیمانە، ئێستا قسەیەك لە نێو ‏خوێندكاراندا هەیە دەڵێن بەخوێنم ‌و نەخوێنم دانامەزرێم".‏

رەنجدەر خالید ئەوە ناشارێتەوە كە دەرچووانی زانكۆ‌ و پەیمانگەكان ئامادەسازی ‏تەواویان بۆ نەكراوە "تاوەكو لە دوای خوێندن بە ئاسانی كاریان دەست بكەوێت".‏

كاتێك دێتە سەر پرسی بێكاری ئەوەش دەخاتەڕوو لە رووی ئابوورییەوە شەش ‏جۆری بێكاری هەیە ‌و دەشڵێت: "بێكاری وەرزی پشتی گەنجانی ئێمەی شكاندوە ‏واتە سێ‌ مانگ كار دەكات ‌و دواتر بێكارە، بەشێكیش لەوانەی لە فەرمانگەكاندان ‌و ‏بێكارن پێیان دەگوترێ‌ بێكاری شاراوە بەشێك لەوانە لەهەشت كاژێری كاركردنی ‏رۆژێكدا تەنیا نیو كاژێر بەرهەمیان هەیە".‏



بەقسەی رەنجدەر خالید ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان جێگای سەرنجە كاتێك ‏كوردستان گەیشتووەتە رێژەی 63.7٪ی پەنجەرەی دیمۆگرافی سیستەمی رۆبۆتیك ‏لە جیهاندا گەشەی زۆری كردوە ئەوەش مەترسی لەسەر دەستی كاری كرێكار ‏دروستكردووە، رەنجدەر گوتی: "یەك رۆبۆت جێگای شەش كەس دەگرێتەوە لە ‏كاركردندا، بۆیە ئێمە لەكاتێكی خراپدا كەوتینە پەنجەری دیمۆگرافییەوە".‏