پەرلەمانتارانی کورد: دەبێ ئاڵمانیا پشتیوانی لە ئاشتیی کوردستان بکات

14 March 2025
شەش پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەڵێن دەبێ حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا پشتیوانی لە ئاشتی لە کوردستان بکات

لە کۆی 7 پەرلەمانتاری کوردی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، 6یان راگەیەندراوێکیان بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بڵاوکردەوە. 
لە راگەیەندراوەکەدا هانی حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا دەدەن کە بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لە ئاشتی لە کوردستان بکات. بەگوتەی ئەوان لەبەرئەوەی ژمارەیەکی گەورەی کورد و تورک لە ئەڵمانیا دەژین، پێویستە ئەڵمانیا ئەمە بکات و بەرپرسیارێتیی گەورەی لەسەرشانە. 
لە مێژووی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیادا یەکەمجارە گرووپێکی وا گەورەی پەرلەمانتارانی کورد بەیەکەوە راگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاوبکەنەوە. ئەوان داوا لە سەرۆککۆماری تورکیاش دەکەن چالاکانە هانی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە بدات و هەنگاوی کردەیی وەک ئازادکردنی زیندانییان و چەسپاندنی مافە کولتوورییەکانی خەڵکی کوردستان بهاوێژرێت. 
ئەوانەی راگەیەندراوەکەیان واژۆکردووە بریتین لە قاسم تاهیر ساڵح (لەسەر لیستی سەوزەکان)، گیوکای ئاکبولووت، میرزە ئێدس، جەم ئینجە، فەرات کۆچاک و جانسوو ئیوزدەمیر لەسەر لیستی چەپەکان. 
تەنیا پەرلەمانتارێکی کورد کە واژۆی بەسەر راگەیەندراوەکەوە نییە سەردار یوکسەلە، لەسەر لیستی سۆسیال دێموکراتەکان.

پەرلەمانی سوێد یادی کیمیابارانی هەڵەبجەی کردەوە

یەکشەممەی داهاتوو  یادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. پێش ئەوە، ئەم هەفتەیە لە سوێد بیرئانینێکی هەژیی ئەو یادە بەڕێوەچوو. 
لە شاری ستۆکهۆڵم و لەنێو تەلاری پەرلەمانی سوێد یادەکە کرایەوە. نوێنەرایەتیی حکومەتی کوردستان لە سوێد، بە هاوکاریی تۆڕی سوێدی و کوردیی نێو پەرلەمانی سوێد و فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکانی سوێد یادەکەیان کردەوە. 
هۆڵێكی پڕ لە سیاسەتمەدارانی سوێدی و کوردستانی، لەگەڵ هەندێک لە رزگاربووانی کیمیابارانی هەڵەبجە و نوێنەرانی دامەزراوەکانی دیاسپۆرای کوردی لە سوێد، گوێیان بۆ لاواندنەوەکانی هونەرمەندانی هەورامان شلکرد کە لە یاکردنەوەکەدا بەشداربوون. 

باوکێکی کورد لە تارانەوە لە رێگەی دیاسپۆراوە داوای یارمەتی دەکات بۆ دۆزینەوەی کوڕە دیاسپۆرانشینە ونبووەکەی

ئەمڕۆژانە یەکێک لەو پەیامانەی بۆ هێڵی گەرمی دیاسپۆرا هاتبوو لە باوکێکی پەرۆش و نیگەرانی کوردەوە بوو لە شاری تارانی پایتەختی ئێران. 
باوکی هادی رەهبەر، کە 3 ساڵە لە دیاسپۆرا دیار نەماوە و کەسوکاری سۆراخی تەواوەتیی نازانن. باوکی هادی دەیەوێ داوایەک لە کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا و بەتایبەتیش ئەوانەی شاری لایپزیگ بکات یارمەتیی بدەن بۆ دۆزینەوەی کوڕەکەی. 
رەهبەر لە تارانەوە بە تەلەفۆن بەشداری لە بەرنامەی دیاسپۆرا کرد و رایگەیاند، رێز و حورمەت کاک هێمن گیان، ئەم کاتەتان باش بێت. کوڕەکەی من لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە ئەڵمانیایە، سێ ساڵە هیچ خەبەرێکم لێ نییە، برادەرەکانی دەڵێن لە ئەڵمانیا تووشی نەخۆشیی بیرچوونەوە بووە و کەس ناناسێت، ئەوە سێ ساڵە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە، منیش لێرە کاروبارم باش نییە بتوانم بچم بەدوایدا، ئیتر لە ئێوە داوای کۆمەکی یارمەتیم کردووە، ئەگەر دەبێت سێ ساڵە چاوەڕوانی ئەو کوڕەم، دڵمان خۆش بکەن، خوا دڵتان خۆش بکات.
رووداو: کاک حەسەن لە کوێ بوو، کوڕەکەت دوایین جار لە کوێ بوو، چی لەسەر دەزانیت؟
باوکی هادی: وەڵڵا لە ئەڵمانیا لە شاری لایپزیگ، برادەرێکی سێ مانگ لەمەوبەر لە شاری لایپزیگی ئەڵمانیا گوتی شوێنێک هەیە وەکو نەخۆشخانە یان وەکو هی ئەوە رایانگرتووە لەوێ، کەس ناناسێت، بە دەرزی و دەرمان دەبێت رایبگرن، من چەند کەسم تاوەکو ئێستا ناردووە بەدوای، هیچێکیان بۆ من نەکردووە، گوتوویانە یان دەبێت باوکی بێت یان یەکی کەسێکی نزیک بێت یان وەکیل بێت کەفەکالەتی بێت، منیش لەبەر ئەو خەمە لەبەر ئەوەی ئیشی تاکسی دەکەم ناتوانم، هێندەی ئەوەم نییە بچم بەدوای، داوای یارمەتی و کۆمەکم لە رووداوی خۆشەویستەوە دەستپێکرد.
رووداو: بەڵێ، ئەوانەی کە لە لایپزیگن، دیاسپۆرانشینانی لایپزیگ، ئەگەر ئەو وێنەیەی کە دەیبینن لەسەر شاشە، ئەم باوکە لە تارانەوە، وەکو گوتم، پەیوەندی پێوە کردین و سۆراخی کوڕەکەی دەکات و دەیەوێت بزانێت.
باوکی هادی: ئەوەی کە دەیزانێت، زانیاریی سەد لە سەد نییە، دەگوترێت لەوێ لە نەخۆشخانەیەک بێت، بەڵام هیچی نازانین، وەکو دەڵێن زانیاریی پشتڕاستکراوە نین.
رووداو: کاک حەسەن، دوایین جار کە پەیوەندیت پێوە کرد کەی بوو، هەستت پێ کرد تەندروستیی باش نەبێت؟
باوکی هادی: وەڵڵا دوایین جار کە پەیوەندیم پێوە کرد سێ ساڵ لەمەوبەر بوو،  دواتر گوتیان باش نییە و مێشکی باش کار ناکات و کەس ناناسێتەوەو تووشی لەبیرچوونەوە بووە.
رووداو: بەڵێ، بەڵێ، وەکو دیسانیش دەڵێمەوە کوردی لایپزیگ ئەگەر دەنگی ئەم باوکە دەبیستن، هانای بۆ ئێمە هێناوە بۆ دیاسپۆڕا، هێڵی گەرمی دیاسپۆڕا. هەر سۆراخێکی لەسەر دەزانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی دیاسپۆڕاوە بکەن، ئێمە هەوڵ دەدەین لێرە وا بکەین کە پەیوەندی دروست بێتەوە لەگەڵ باوکی و لەگەڵ کەسوکاری لە تاران، زۆر سوپاس کاک حەسەن، هیوادارین بتوانین لە بەرنامەکانی داهاتوودا، لە رۆژان و کاژێرەکانی داهاتووشدا، ئەگەر هەرچی زوو هەواڵێکمان بیست پێت رابگەیەنین لە رێگەی هێڵی گەرمی دیاسپۆڕاوە.

دیاسپۆرا چیرۆکی نەخۆشی و چارەسەری زیبا دەگێڕێتەوە
چیرۆکی زیبا، ئەو کچە بچکۆلەیەی هێشتا تەمەنی نەبووەتە پێنج ساڵ، بەڵام هێندەی مرۆڤێکی گەورە سەختی ژیانی چێشتووە. 
دوای ئەوەی باوکی زیبا لە کوردستان لە چارەسەری نەخۆشییەکانی کچەکەی نائومێد دەکرێ، بڕیاردەدات بیهێنێتە دەرەوە. بە گیرفانێکی بەتاڵ و بە ئومێدێکی کەمەوە ئامادەکاری بۆ هێنانی دەکات. کەسوکار و دۆستان پێیدەڵێن مەیکە، چونکە ئەنجامی نابێ. بەڵام ئەو تەسلیم نابێ و زیبا دەگەیەنێتە ئەڵمانیا. 
لێرە ئێستا ژیانێكی نوێی دەستپێکردووە و ئومێدی گەورەی هەن. مامۆستایەکی خانەنشینی ئەڵمانی لێی بووەتە باپیر و لەگەڵ هاوژینەکەی یارمەتیی زانای باوکی دەدەن بۆئەوەی ژیانی زیبا ئاسانتر بکات. 
لە چاوانی زیبادا دەیبینیت کە غەریبیی دایکی و براکەی دەکات کە لە کوردستانن و ناتوانن بێنە لای لە ئەڵمانیا.

هەموو خۆشییەکانم لە پێکەنینی کچەکەمدایە
زرار-باوکی زیبا "سەرەتا کە کچەکەم لە دایک بوو، کێشەی لە بڕبڕەی پشتی هەبوو، هەر زوو بردمان بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردن، لە نەخۆشخانەی هەولێر، پزیشک پێشنیاری نەشتەرگەری کرد، پێش نەشتەرگەرییەکە، قاچەکانی بەئاسایی دەجووڵان، بەڵام دوای نەشتەرگەری و لە تەمەنی تەنیا ١٠ سەعاتیدا، توانای جووڵەی قاچەکانی لەدەست دا".
"پزیشکەکان پێیان گوتین کێشەی قاچەکانی چارەسەر ناکرێت، بەڵام ئێوە دڵنیاتان کردینەوە کە کێشەکە چارەسەر دەکرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت هیچ چارەسەرێک نییە"، وەک دایکەکە گێڕایەوە، لە ساڵی یەکەمی ژیانییەوە، کچەکە بەردەوام نەخۆش دەکەوت و تووشی تا دەبوو، دۆخەکە زۆر خراپ بوو تا ئەو رادەیەی دەبوو بۆشایییەک لە ژێر سمتی بکرێت بۆ ئەوەی میزی بێتە دەرەوە، وەک باوکەکە دەڵێت: "ئەمە بۆ من زۆر زۆر ناخۆش بوو".
"هەموو ئەم ناخۆشییانە لە ماوەی یەک ساڵدا روویان دا، هەر بۆیە بڕیارم دا بیبەمە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەرکردن".
باوکەکە، دوای هەشت ساڵ ژیانی هاوژینی، تازە خانووی دروستکردبوو و هێشتا 90 هەزار دۆلار قەرزاری خانووەکەی بوو، کاتێک بڕیاری دا کچەکەی ببات بۆ ئەورووپا، ناچار بوو خانووەکەی بفرۆشێت.
"ناچار بووم خانووەکەمان، کە بە زەحمەت و پاش ٨ ساڵ ژیانی هاوژینی دروستمان کردبوو، بفرۆشم، هەموو شتێکم فرۆشت بۆ ئەوەی کچەکەم رزگار بکەم، هاوژین و کوڕەکەم جێهێشت و بەتەنیا چووم بۆ ئەورووپا".
کاتێک گەیشتە ئەورووپا، هەستی بە نامۆیی کرد، چونکە نە زمانی دەزانی نە کەسیشی دەناسی، بەڵام بە هاوکاری هاوڕێیەک، توانی کچەکەی ببات بۆ نەخۆشخانە، پاش پشکنین، پزیشکەکان پێیان گوت دەبێت تا کۆتایی تەمەنی لەژێر چاودێری پزیشکیدا بێت و نابێت بگەڕێتەوە عێراق.
"گوتیان بەداخەوە، دەبێت تا کۆتایی تەمەنی لەژێر چاودێریدا بێت و ناتوانێت بگەڕێتەوە عێراق، ستوونی فەقەراتی تەواو نییە، سەری تەواو نییە و کێشەی لە قاچەکانییدا هەیە".
پاش ساڵ و نیوێک، پزیشکەکان راگەیاند کە قاچەکانی چارەسەر ناکرێن و تەنیا دەتوانن راهێنانی فیزیایی بۆ بکەن، هەروەها دەرکەوت کە تەنیا یەک گورچیلەی کار دەکات و ئەویش بە رێژەی 20٪ کار دەکات.
"دەبێت رۆژانە پێنج جار بە خۆم میزی بەتاڵ بکەمەوە و دەرزییەکی تایبەت بخەمە میزەڵدانی، کە وەک غوسڵێکی گورچیلەیە".
باوکەکە دەڵێت سەرەتا نەیدەزانی چۆن کچەکەی پاکبکاتەوە، شیری پێ بدات یان خواردنی بۆ ئامادە بکات: "زۆر سەخت بوو، بەڵام لەبەر کچەکەم ناچار بووم فێر بم، ئەگینا دۆخی کچەکەم رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبوو"،
باوکەکە باس لە سەختی دووری لە خێزان و کوڕەکەی دەکات: "زۆر قورسە، کچەکەم داوای دایکی دەکات و کوڕەکەم داوام دەکات بگەڕێمەوە، بەڵام ناتوانم لەبەر کچەکەم بگەڕێمەوە".
ئێستا پیاوێکی ئەڵمانی یارمەتی باوکەکە و کچەکەی دەدات و بووە وەک باپیریان: "لە نەخۆشخانە، لە وەرگێڕان، لە هەموو شتێکدا یارمەتیمان دەدات".
سەرەڕای سەختییەکان، باوکەکە دەڵێت ژیانی کچەکەی لە ئەورووپا زۆر باشترە لە کوردستان: "زۆر گرنگی پێ دەدەن، لە باخچەی ساوایان و لە دەرەوە و لە دوکانەکان، هەموو رێزی دەگرن".
باوکەکە دەڵێت: "کچەکەم بۆ هەموو شتێک سوپاسم دەکات، دەستم ماچ دەکات و پێم دەڵێت 'باوکە گیان' و 'باوکە دڵ'، کاتێک ئەم وشانەم پێ دەڵێت، هەرچی ماندووبوون هەیە لەبیرم دەچێتەوە، هەموو ژیانم ناکاتە ئەو خۆشییەی کە ئەو وشانەم پێ دەڵێت".


نەمسا پرۆسەی هێنانی خێزانی بۆ ئەوانەی مافی پەنابەری یان مانەوەیان هەیە لەو وڵاتە راگرت

حکومەتی نەمسا بڕیاریداوە چیدیکە هیچکەس وەرنەگرێ کە لە چوارچێوەی یاساکانی تایبەت بە یەکخستنەوەی خێزانەوە دەچنە ئەو وڵاتە. واتە هەرکەسێک مافی پەنابەری یان مانەوە بە هەر هۆکارێک وەربگرێ، ناتوانێ ماڵباتەکەی رابکێشێ بۆ نەمسا. 
کریستیان شتۆکە، کە راوێژکاری نوێی ئەڵمانیایە، دەڵێت لە وڵاتەکەیدا چیدیکە جێگە بۆ ژمارەی گەورەی خەڵک نەماوە و توانایان سنووردارە. ئەو راوێژکارە نوێیەی ئەڵمانیا کە کریستیان دێموکراتە، دەڵێ بڕیارەکەیان کۆکە لەگەڵ یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا. چونکە ئەو یەکێتییە ئەوەی گەرەنتی کردووە کە وڵاتانی ئەندام دەتوانن بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییان لە رێسا گشتییەکانی یەکێتییەکە لابدەن. 
راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت دامەزراوەکانی تایبەت بە وەرگرتنی کۆچبەران و نیشتەجێکردنیان توانای ئەوەیان نەماوە لەوە زیاتر گوشاریان لەسەربێت. هەرچەندە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوو لە نەمسا بە بردنەوەی راستئاژۆ تووندئاژۆکان کۆتاییانهات، بەڵام پارتی دژە کۆچبەری (ئێف پێی ئوو) لە حکومەتی نوێدا نییە و هەموو پارتەکانی دیکە پێکەوە حکومەتیان پێکهێناوە. 

ئیتاڵیا.. پۆلیس رایگەیاندووە 1000 کۆچبەر لەلایەن 5 کەسی ئیتاڵی و نائیتاڵییەوە هەڵخەڵەتێندراون و بەڵگەنامەی ساختەیان بۆ دروستکراوە

پۆلیسی هەرێمی تۆسکانیی ئیتاڵیا دەڵێت حاڵەتێکی سەیری ئاشکرا کردووە. ئەویش ئەوەیە کە تۆڕێکی ساختەکاری 5 کەسی، کە سێیان هاووڵاتیی ئیتاڵیان، بەڵگەنامەی ساختەیان بۆ 1000 کۆچبەر دروستکردووە کە بە تۆسکانیدا تێپەڕیون یان ماونەتەوە. 
بەمەش پارەیەکی زۆریان لەو کۆچبەرانە وەرگرتووە. ئەوان بە کۆچبەرەکانیان گوتووە کە بەو بەڵگەنامانە دەتوانن زووتر مافی مانەوە وەربگرن یان ئیش بکەن. بۆیەش فۆرمی جیاجیای ساختەی شارەوانییان بۆ پڕکردوونەتەوە، کە ناونیشان و ئیمەیل ئەدرەسی هەڵە و وەهمییان لەسەر بووە. 
کۆچبەرەکان وا تێگەیەندراون کە ئەگەر ئەو بەڵگەنامانەیان نەبێ کێشەی گەورەی یاساییان بۆ دروستدەبێ، بەڵام پۆلیس دەڵێت هیچیەک لەو بەڵگەنامانە لە هیچ روویەکەوە پێویست نەبوونە. 
تۆڕەکە، کە دەستگیرکراون، بۆ هەر بەڵگەنامەیەک لەنێوان 150 تاوەکو 750 یۆرۆیان لە کۆچبەران ستاندووە.  

کتێبێک لەسەر تەواوی جینۆسایدەکانی باشووری کوردستان بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەبێتەوە

کولتووری جینۆساید: هابیتۆسی کولتووری، ئەندازیاریی نەتەوەیی و دۆکسەی ئایینی ناوی کتێبێکی باڵکێشی د. کازیوە ساڵحە کە بە زمانی ئینگلیزی و لەلایەن وەشانخانەیەکی سەنگینی جیهانییەوە بڵاوکراوەتەوە. 
د. کازیوە لە کەنەداوە میوانی دیاسپۆرا بوو و لە رێگەی سکایپەوە هێمن عەبدوڵڵا هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کردووە.

دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: کولتووری جینۆساید، هابیتۆسی کولتووری، ئەندازیاریی نەتەوەیی و دۆکسەی ئایینی، ناوی کتێبێکی بەڵکێشی دکتۆر کازیوە ساڵحە کە بە زمانی ئینگلیزی و لەلایەن وەشانخانەیەکی سەنگینی جیهانییەوە بڵاوکراوەتەوە.
دکتۆر کازیوە لە کەنەداوە میوانی دیاسپۆرایە، دەمەوێت زۆرتر لەسەر کتێبەکەی و کارەکانی دیکەی قسە لەگەڵ بکەم، کازی یۆهان، دوو دەستەواژە لە کتێبەکەتاندا بۆ من بەڕاستی سەرنجڕاکێش بوون، پێتان گرنگە بە کوردیش وەکو خۆیان دابندرێنەوە و وەرنەگێڕدرێن، کە رەنگە بۆ زۆر کەس دەستەواژەی نوێ بن و کەمتر بیسترابن: "هابیتۆس" و "دۆکسە"، دەمەوێت پێمان بڵێی مەبەستت لەو دوو دەستەواژەیە چییە؟ بۆچی پێتوایە ناکرێت وەربگێڕدرێن؟ 
د، کازیوە ساڵح: زۆر سوپاس کاک هێمن، سوپاس بۆ ئەم میواندارییە، ئەم دوو دەستەواژەیە دەستەواژەی سۆسیۆلۆجیست و فەیلەسووفی سۆسیۆلۆجی فەرەنسی "پیێر بۆردیۆ"یە کە خۆی بۆ خوێندنەوەی لایەن و چینە کۆمەڵایەتییەکان دروستی کردوون، من هێناومەتە ناو لێکۆڵینەوەی جینۆساید و خوێندنەوە بۆ بەگشتی ئەقڵی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت عەرەب لە پرۆسەی جینۆسایددا، دەستەواژەی 'هابیتۆس' هەموو ئەو کردار و رەفتار و تێگەیشتن و بۆچوونەی بکەر دەکات دەربارەی دنیای دەوروبەری کە لە رێگەی ئەزموونەکانی رابردوو، لایەن و لایەنە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانەوە بەرجەستەی کردووە لە خۆیدا، چونکە لە رووی گیانی و کۆمەڵایەتیشەوە هابیتەس کاریگەریی دەکاتە سەر مرۆڤ و هەروەها مرۆڤیش کاریگەریی دەکاتە سەر هابیتەس، بەگشتی ئەو فاکتەرانەی کە 'هابیتەس'دروستی دەکەن، ئەوانەن کە بۆ نموونە ئێمە لە نووسینی کوردیدا یان تەنانەت نووسینەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ریز وشەمان هەیە و ریزیان دەکەین، دەڵێین کاریگەریی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی، ژینگەیی، خوێندن، خێزان و هتد،، هابیتەس هەموو ئەمانە و هەموو ئەوانەش کە لەو "هتد"ـیەدا نەوتراون، هەمووی دەگرێتەوە و لە هەمان کاتدا لە رێگەی خوێندنەوە بۆ 'هابیتەسی' مرۆڤ، دەتوانی ئاکاری داهاتووی تاک یان کۆمەڵگەیەک بخوێنیتەوە،ئەمە یەکێکە لەو چەمکانەی کە من ساڵانێکە بە ئاواتەوە بووم چەمکێک بدۆزمەوە و ئیتر پێویستم بەوە نەبێت چونکە کەسێکم باوەڕم بە رەش و سپی نییە، کە حەزم دەکرد خوێندنەوەی هەموو ئەو لایەنانەی کە کاریگەریی لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگەکەی هەیە بکەم، کاتێک وشەی 'هابیتەس'ـم دۆزییەوە وا بوو خەڵات کرابم، چونکە ئیتر پێویستم بەو لیستە دوور و درێژە نییە، دەتوانم بڵێم هابیتەس، دۆکسە، مەبەست لە دۆکسا بیروبۆچوون و پرەنسیپ و عەقیدەیەکە کە چەسپاوە و باوە. پرسیارکردن قبووڵ ناکات بە دوو مەبەست: یەکیان پێیوایە هێڵی سوورە و ئەو شتە ئەگەر هەڵەش بێت هەر راستە، یەکێکیشیان لەبەر ئەوەی بووەتە بەشێک لە کارەکتەری مرۆڤ، پێیوایە لە ژیان و لە مێژوودا هەروا بووە و هەرواش دەبێت و پێویستە هەر بەو شێوەیە بڕوات، من پێم باش نییە بکرێت بە کوردی لەبەر ئەوەی زۆر وشە هەیە ئێمە هەموو زمانەکانی جیهان وەکوو خۆی بەکاری دەهێنینەوە، چونکە وشەی لاتینین، ئێمە دیموکراسیمان هەیە، جینۆسایدمان هەیە، دۆگمامان هەیە و لەبەر ئەوەی من زۆر گەڕاوم وشەیەکی تەواو دروست نابینمەوە، پێم وایە باشترە هەر وەکو خۆی بمێنێتەوە.

رووداو: زۆر باشە ئەمە هابیتەس و دۆکسە روونکردنەوەیەکی ئەکادیمی جوانە بۆ ئەوەی مرۆڤ تێبگات مەبەستەکە چییە؟ ئەوەی کە سەرنجی منی راکێشا بەڕاستی ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە لە مێژووی ئێمەدا زۆر جار پاساو دەهێنینەوە بۆ ئەوانەی کە ئەنجامدەری جینۆسایدەکانی کوردستان بوون، ئێوە بە قووڵی لێکۆڵینەوەتان لەسەر جینۆسایدەکانی باشووری کوردستان کردووە و ئەوە بوو کە دەڵێن ئەمانە مەئموور بوون، جێبەجێکاری بڕیار بوون، رەنگە بەرپرسیارەتی زۆریان نەکەوێتە سەر شان، بەڵام ئێوە دەڵێن ئەمە راست نییە، ئێمە دەبێت تێگەیشتنێکی نوێمان بۆ ئەو جینۆسایدانە هەبێت کە بەسەرمان هاتوون بە کەرەکانیشیانەوە، ئەوانەی کە ئەنجامیشیان داوە هەر کەسێک بن، دەمەوێت لەسەر ئەوە زیاتر قسەم بۆ بکەیت، بۆچی پێتوایە ئەمانە هەر جێبەجێکاری بڕیار نین، سەربازێک لە سوپایەکدا فەرمانی پێدەکرێت دەبێت فەرمانەکە جێبەجێ بکات.
د، کازیوە ساڵح: بەڵێ لەبەر ئەوەی من سەیری گشتی کۆمەڵگام کردووە بەڕاستی لەبەر ئەوەی ئەو چەمکەی کە دروستم کردووە کە ناوی کولتووری جینۆسایدە، بیسەلمێنم تەنیا سەیری کۆمەڵگای عەرەبی و کۆمەڵگای عێراقیم نەکردووە، سەیری کۆمەڵگای ئەڵمانیم پێش هۆلۆکۆست کردووە، سەیری کۆمەڵگای ئەفریقیم پێش رواندا کردووە، سەیری کۆمەڵگای تورکیم پێش روودانی ئەرمەنییەکان کردووە، لە هەموویاندا شتێکم بۆ سەلمێندراو کە کولتوورێک هەیە لەناو ئەو کۆمەڵگایە بەڕاستی هانی دووبەرەکی دەدات و هانی پاش دووبەرەکی لەناوبردنی ئەو کۆمەڵگایە دەدات کە با بڵێین تارگێتە - کە کراوە بە ئامانج - و زۆر جار ئەو کۆمەڵگایە کۆمەڵگەیەکی کەمینەیە یان بە زۆرینە کەمینە کراوە، هەموو جارێک کۆمەڵگەکان کەمینە نین، من بۆ خوێندنەوەی ئەم مەسەلەیە لەناو مێژووی عەرەبدا مشتومڕەکەم ئەوەیە کە نەک تەنیا بە دەیان ساڵ بەر لەدایکبوونی سەددام حوسێن و دروستبوونی حیزبی بەعس لە سووریا و لە عێراقدا، شتێک هەیە کە هانی جینۆسایدی کورد دەدات، بەڵکو گەڕاومەتەوە بۆ کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی عەرەب و بۆ ناو خێڵەکان و کولتووری خێڵەکانیان کە چۆن چەندین خێڵی گەورە خێڵی بچووکی کوردی لە ناو خۆیان توانووەتەوە کە ئەمە جینۆسایدە، گەڕاومەتەوە بۆ مەسەلەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی کە ناسیۆنالیزمێکە لەسەر بنەمای فاشیستی نازی و هەروەها ئەو فاشیستەی کە لەناو تورک'ـدا لەناو ناسیۆنالیزمی تورکیادا هەبووە، لەم لایەنەشەوە بە هەمان شێوە دەرکەوتووە کە ناسیۆنالیزمی عەرەب بەر لە فەرمیبوون زۆر زۆر جینۆسایدی کولتووری و جینۆسایدی لایەنی زمانیی کوردی کردووە، بەڵام لە 1921ـەوە بە فەرمی ناسیۆنالیزمی عەرەب بە دۆکیومێنت بڕیاری داوە کە جینۆسایدی کولتووری کورد بکات، سەیری لایەنی ئایینیم کردووە، سەیری ئەمڕۆی میدیای عەرەبی و لایەنی ژیارییانم کردووە، هەروەها سەیری شارستانیەتیانم کردووە کە شارستانییەتێکی فیقهییە وە لە راستیشدا شارستانییەتی فیقهی لەگەڵ 'شارستانییەتی کورد'ـدا هەر ئێجگار جیاوازە کە ئێمە شارستانییەتێکی پشتوکۆڵی و مرۆییم، لەلایەکی ترەوە شارستانییەتێکە کە لەسەر بنەمایەکی فارسە، ئەوەی سەیرم کردووە لە هەموو ئەم فاکتەرانەیە، عەرەب ئەوەی کە زیادڕەویی کردووە بۆ شارستانییەت و ژیانی خۆی ئەوەیە کە مۆدێکی ئێجگار توندڕەو و تووندوتیژی خستووەتە سەر ئەم فاکتەرانەی کە هەن و کە هەندێکم باس کرد، ئەم تووندوتیژییە، تووندوتیژییەکی بکوژە کە من ناوم ناوە کولتووری جینۆساید، ئەم کولتوورە لە بوونیانەوە لە ناوچەکەیە بەرامبەر بە کورد و بەرامبەر بە نەتەوەکانی دیکە - کە هەندێکیان بە زۆر کراون بە کەمینە - وەکوو قوپتییەکان، ئاشوورییەکان، کلدانییەکان هەموو ئەوانی دیکە کە عەرەب نین یان موسڵمان نین، ئەم کارەیان بەرامبەر کراوە، بۆیە کاتێک ئەم کارە جێبەجێ دەبێت مشتومڕی من ئەوەیە ئەگەر سەددام حوسێنیش نەبێت ئەم کارە بەرامبەر بە کورد هەر دەکرێت و وا بزانم واقیعی ئێستا ئەوە دەردەخات کە راستە سەددام هەبێت یان نەبێت کۆمەڵێک تووندوتیژی جینۆسایدییانە بەرامبەر بە کورد هەر کراوە و هەر دەکرێت.

رووداو: بەڵێ، وەکو لێت تێگەیشتم ئەوەی کە بەپێی ئەو توێژینەوانەی کردووتە ئەو جینۆسایدەی کە لە باشووری کوردستان، جینۆسایدانەی لە باشووری کوردستان کراوە، ئەنجامدەری جینۆسایدەکە کولتووری جینۆسایدی هەبووە، پێشتریش شتێکی قوڵترە لەوەی کە تازە پەیدا بووبێت و جینۆسایدی کولتووریشمان بەرامبەر کراوە،ئێوە دەڵێن بەوەی کە بۆ نموونە رژێمی سەددام حوسێن رووخا، جینۆسایدی کرد ئەنفال کیمیاباران واتە رابردوویەکی زانراوە و لە هەموو دنیا دەزاندرێت بەڕاستی، بەڵام ئێوە دەڵێن بەمە جینۆساید بەرامبەر کورد، مەترسیی جینۆساید بەرامبەر کورد کۆتایی پێ نایەت، ئەی چی بکرێت؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی کورد جارێکی دیکە لە باشووری کوردستان جینۆساید نەکرێتەوە؟ ئێوە لە رووی ئەکادیمییەوە گەیشتوونەتە چ ئەنجامگیرییەک لەو بوارەدا؟
د، کازیوە ساڵح: سەبارەت بەوەی کە لەناو ئەم کتێبەدا هەیە، من تەنیا سەیری ئەو خاڵانەم کردووە کە شتێک هەیە وا دەکات لە عەرەب ئەگەر سەرکردایەتیشی نەبێت خەڵکە ئاساییەکەی هێشتا هەر کورد جینۆساید بکات، ئەمە لەم کتێبەدایە و ئەمە روونکراوەتەوە، ئەوەی کە ماوە سەبارەت بەوەی کورد پێویستە ئەمە زۆر بە باشی بزانێت و چی بەرامبەر بە ئەمە بکات، ئەو فاکتەرانەی باسمان کرد ئەمە دەبێت لە کتێبی دووهەمدا بێت، ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی وەکو بواری پسپۆڕیی خۆم کە جینۆسایدە ئێمە خاڵێکمان هەیە هەنگاومان بۆ نەناوە و هیچ کۆمەڵگایەک کە جینۆسایدی کراوە بە خراپترینیشیانەوە ئەم خاڵەیان پشتگوێ نەخستووە، ئەویش ئەوەیەکۆمەڵگای پاش جینۆساید لە پاش جینۆسایدەکە یەکەم هەوڵ کە پێویستە بدرێت ئەوەیە کە کۆمەڵگاکە تێبگەیەنرێت جینۆساید چییە، ئەم خاڵانە کە کاریگەرییان کردووەتە سەر ئەو جینۆسایدە، تراماکانی جینۆساید لەناو کۆمەڵگاکەیە چارەسەر بکرێت، رۆحێکی نیشتمانی لەناویدا بچێنرێت کە لەگەڵ هەلومەرجی پاش جینۆساید گونجاو بێت، ئەو مێژووەی کە ئەوانی کرد بە قوربانی و بوون بە جینۆساید و کۆمەڵگایەکی پاش جینۆساید بخرێتەوە بەرز رابگیرێت و پیرۆز رابگیرێت، ئێمە ئەم هەنگاوەمان نەناوە، من لە دوو هەزاردا کتێبێکی تەواو سەد و بیست لاپەڕەم سەد و بیست لاپەڕەیە، هەڤپەیڤینە، باسی ئەوەم کردووە چی بکرێت بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم هەنگاوە نەنراوە، بەداخەوە هەرچییەک بڵێین بەتاڵە و هیچ شتێک ناکرێت هەتا یەکەم شت ئەم هەنگاوە نەنرێت، هەر کۆمەڵگەیەک جینۆساید کرابێت ئەم هەنگاوەی تێیدا نەنرابێت، چارەسەری دەرگاکانی رابردووی نەکرابێت، نرخێکی و بەهایەکی نەتەوەیی پێ نەبەخشرابێت کە لە ناوەوە وەکو مرۆڤێک شانازی پێ بکات و ببێت بە "هابیتەس"، بەرامبەر بەو 'هابیتەس'ـەی کە بەرامبەری کراوە، بەداخەوە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و ژیارییەوە سەرکەوتوو نابێت، ئێمە هەتا ئەمە نەکەین وا بزانم بە گرنگی نازانم جاری کە بچینەوە سەر ئەوەی باسی ئەوە بکەین چی بکەین.

رووداو: باشە دکتۆر کازیوە با بگەڕێینەوە سەر کتێبەکەت، مادەم وایە کتێبەکەتان یەکەمین کتێبە لە زنجیرە کتێبێک، دەمەوێت زانیاریمان بدەیت کە کتێبەکە چۆن، لەکوێ چاپ کراوە، چۆن دەست دەکەوێت و ئەو زنجیرە کتێبەی کە باسی دەکەین بەرهەمەکانی دیکەت چۆن دەبن؟ خەڵک لە کوردستان رەنگە پرسیار بکات ئەو کتێبەم چۆن دەست دەکەوێت، دڵنیام زۆر کەسی ئەکادیمی دوایی تەلەفۆن دەکەن بۆ هێڵی گەرمی دیاسپۆراش دەپرسن ئەو کتێبەمان چۆن دەست دەکەوێت لە کوردستان؟
د، کازیوە ساڵح: بەڵێ زۆر جار لە خۆشم دەپرسن، نامەم بۆ دێت زۆر بۆیە لە فەیسبووکەوە، من بەر لەوەی بێمە بەرنامەکە پێم گوترا لە شەش هەزار چەناڵی جیاوازەوە دەفرۆشرێت وە لە ئۆنلاین دەفرۆشرێت، ئەمازۆن 'راوتڵێج' کە کۆمپانیاکەیەکی بڵاوی کردووەتەوە، لە هەموویان نرخەکەی نزمترە تەنانەت ئەو شوێنانەش کە دایانناوە،لەبەر ئەوەی کتێبێکی ئینگلیزییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێم وانییە، نازانم بەڕاستی هەیانە لە کتێبخانەکاندا یان نا پێم وانییە، بەڵام لە هەموو رۆژئاوایە لە کتێبخانەکاندا دەست دەکەوێت و نوسخەی ئەلیکترۆنیشی هەیە بۆ خەڵکێک لە کوردستاندا بتوانێت بیکڕێت، دواجار هیوادارم ئەو کتێبە و زۆر کتێبی ئێستا دەکرێت بە کوردی بکرێت، بە کوردییەکی باش بۆ ئەوەی خوێنەری کورد سوودی لێ ببینێت، هەروا بشکرێت بە عەرەبی بۆ ئەوەی ئەو عەرەبە بەڕێزانەی کە پێیان وایە ئەوان هیچ نییەتێکی خراپیان نییە، چونکە وەکو گوتمان 'هابیتەس' و 'دۆکسا' هەندێک جار دەکرێت لە نائاگاییدا جێبەجێ بکرێت، ئەوەی کە پێیوایە لە نائاگاییدا جێبەجێ دەکرێت بتوانێت ئەوەی کە من ناوم ناوە 'وردە سەددام' لەم لێکۆڵینەوەیە، 'وردە سەددام'ـەکانی ناو خێزانەکە و ناو ناخی خۆی بکوژێت، سەبارەت بە زنجیرەکانی تری ئەم کتێبە بەداخەوە دەستم پێ نەکردووە، من پلانم وابوو 2025 دووەم و 2026 سێیەمیان تەواو بکەم، بەڵام بۆ ئەم مەبەستە من پێویستم بە لێکۆڵینەوەی مەیدانییە، پێویستم بەوەیە بۆ کتێبی دووەمیان لایەنی کەم دوو مانگ لە کوردستاندا بم بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی بکەم، بۆ ئەوەی سێیەمیان تەواوی دی دیاسپۆرا لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەگەڵ بکەم، چونکە سێیەمیان دەکەوێتە سەر ئەو کێشانەی کە لە دیاسپۆرا ئێمە رووبەڕوومان دەبێتەوە و بووەتە هۆی تەگەرە لە رووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمانەوە لەبەر ئەوەی من لە وڵاتێک دەژیم کەنەدا بەداخەوە هیچ فەندێکی بۆ دراساتی کوردی نییە و من تەنانەت چیرۆکم دەنووسی پاداشت و خەڵاتم وەردەگرت لەوەتەی جەختم کردۆتە سەر دۆزی کورد یەک دۆلارم وەرنەگرتووە و نەمتوانیوە، لەبەر ئەوەیە جارێ نەمتوانیوە دەستی پێ بکەم، گەرچی ئەمانە لە کولتووری دنیادا دەکەوێتە سەر ئەو وڵاتەی کە جینۆسایدەکەی کردووە بۆ حکومەتی عێراقی لەم شتانە بەرپرسیار بێت و پاش حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک حکومەتە بێگانەکان، بەڵام من ئێستا لە گەڕانی فەندێکمدا هیوادارم بتوانم لە وڵاتێک فەندێک بدۆزمەوە و بتوانم دوو کتێبەکەی کە جێبەجێ بکەم، وەکو گوتم هێشتا دەستم پێ نەکردووە و دواکەوتووم لەو پلانەی کە خۆم دامنابوو.
رووداو: زۆر سوپاس


ئەڵمانیا.. 21ی ئەم مانگە لە شاری کوێلن گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز سازدەکرێ

هەفتەی داهاتوو لە شاری کوێلنی ئەڵمانیا گەورەترین و فراوانترین جەژنی نەورۆزی دیاسپۆرا بەڕێوەدەچێ. بە سەتان دیاسپۆرانشینی کورد لە سەرتاسەری ئەوروپاوە دێنە کوێلن و بەشداری لەو جەژنە گەورەیەدا دەکەن. 
لەئێستاوە خەڵکێکی یەکجار زۆر یان هوتێلی لەم دەوروبەرە گرتووە یانیش پەیوەندیی بە کەسوکاری و ئاشنایانی لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنەوە کردووە بۆئەوەی میوانیان بن و پێکەوە بچنە جەژنەکە. 
جا هەر کورد نین کە تامەزرۆی ئەو رۆژەن، بەڵکو ئەم خانمە بەتەمەنە ئەڵمانەش کە هاوکارانم پیشانتاندەدەن ناوی کریستیانا ئیپشتاینە و بە ئوم عەبدۆ ناسراوە. ئەو بە زمانی ئەڵمانی دەڵێت شەممەی هەفتەی داهاتوو وەرنە کوێلن با پێکەوە ئاهەنگی نەورۆز بگێڕین. هەڵبەت لەبیریشی ناچێ بڵێ بژی کوردستان!