رووداو دیجیتاڵ
ئەکرەم ئیمامئۆغلو، بەربژێری جەهەپە بۆ گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، بە بەدەستهێنانی 52٪ی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە رایگەیاند، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئیستەنبووڵ بە بێ کێشە بەڕێوەچوو و سوپاسی خەڵکی ئیستەنبووڵ، هەموو رێکخستنەکان و بەرپرسانی حیزبەکەی، گەنجان و بەتایبەت خۆبەخشەکانی کرد کە ماندوونەناسانە رۆڵیان لە سەرکەوتنی جەهەپەدا هەبووە.
ئیمامئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساتەکانی کۆتایی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان نزیکبوونەتەوە و رایگەیاند، "دەتوانین بڵێین لەم هەڵبژاردنەدا خەڵکی ئیستەنبووڵ بۆ سەردەمێکی نوێ دەسەڵاتی دا بە ئێمە، بێگومان شتە سەرەکییەکە کاتی راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکانە لە لایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەوە لەگەڵ داتاکانی ناوچە و پارێزگاکان. تائێستا دەتوانم بڵێم، بە زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگەوە ئەنجامەکان دیار بوون."
بەربژێری جەهەپە بۆ گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ دەڵێت، "بەپێی ئەو داتایانەی لە بەر دەستیانە، ئەنجامی هەڵبژاردن لە 9 ناوچەی پارێزگای ئیستەنبووڵیش نزیکە لە کۆتایی و لەو ناوچانە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە کە بریتین لە: بەیئوغلو، بایرام پاشا، بەیکۆز، چاتلاجا، سیلڤیری، چەکمەکوی، توزلا، سانجاکتەپە و شیلە."
ئیمامئۆغلو گوتی، "لە دوو ناوچەی گازی ئۆسمان پاشا و پەندیک رکاربەرییەکی توند لە نێوان بەربژێرانی جەهەپە و ئاکپارتیدا هەیە و دەنگەکانی زۆر لە یەکتر نزیکن."
ئیمامئۆغڵو هەروەها رایگەیاند: "رەنگە کۆن و دێرینەکانی ئەم شارە، خەڵکی ئەم شارە، کوردانی ئەم شارە، عەلەوییەکانی ئەم شارە، چەرکەسەکانی ئەم شارە، ئەو ئیستەنبووڵیانەی کە لە هەموو شارەکانی ئانادۆلو بۆ ئەم شارە کۆچیان کردووە، لەم شارە بە شێوەیەکی ئازاد مافەکانیان دەپارێزرێن. لە هەموو شوێنێک لە نێو هەموو دام و دەزگەکان و شارەوانییەکاندا دەبنە خاوەنی مافی هاوبەش و یەکسان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ