نێچیرڤان بارزانی: زۆر خۆشحاڵ دەبین ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ببینین

30-10-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، خۆشحاڵ دەبێت ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ببینێت چونکە "ئەمە بابەتی میللەتێکە و یارمەتیی نەک تورکیا بەڵکو هەموو ناوچەکە دەدات." سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باسی (پەکەکە)ـش گوتی "ئەوان کێشەیەکی گەورەن و رێز لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ناگرن، پێویستە واز لەو کردەوانە بهێنن."
 
رۆژی چوارشەممە 30-10-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری لە هەولێر گوتی "وەکو هەرێمی کوردستان خۆشحاڵ دەبین ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیپێبکرێت و بگاتە ئەنجام."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەمە بابەتی میللەتێکە، هەڵوێستی ئێمەش روونە. ئێمە خۆشحاڵین ئەگەر پرۆسەکە بە هەر جۆرێک بێت دەستپێبکرێت. چارەسەرکردنی ئەو بابەتە نەک تەنیا یارمەتیی تورکیا بەڵکو یارمەتیی ناوچەکەش دەدات."
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا، دەبێت رێگە لەو کەسانە بگیرێت کە "نایانەوێت ئەو پرۆسەیە بگاتە ئەنجام، هێرشەکەی ئەنقەرەش بۆ تێکدانی ئەو گفتوگۆیانە بوو کە لەسەر پرۆسەکە بوون."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گوتی "پەکەکە بۆ تورکیا و بۆ ئێمەش کێشەیەکی گەورەیە، ئەوان هیچ حیساب و رێزێک بۆ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دانانێن. پەکەکە ئەگەر دەیەوێت چارەسەرێکی سیاسی لە تورکیا هەبێت، پێویستە واز لەو کردەوانە بهێنێت و سیاسەتێکی نوێ پەیڕەو بکات."
 
دوای ئەوەی بەرپرسانی تورکیا ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد راگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان، هەڵوەشاندنەوەی باڵی سەربازیی پەکەکە و وازهێنانی بزووتنەوەکە لە ململانێی چەکداری رابگەیێنێت؛ چاوپێکەوتنێکیان لەنێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەک و عومەر ئۆجەلانی برازای رێکخست.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندبوو "گۆشەگیری بەردەوامە. ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە بگۆڕم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی،" ئەمە وەک عومەر ئۆجەلان رۆژی 24-10-2024، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا بڵای کردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە