رووداو دیجیتاڵ
لە نوێترین لێدواندا لەبارەی پرسی کورد لە وڵاتەکەی، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، کۆماری تورکیا موڵکی کەسێک، نەتەوەیەک، پێکهاتەیەک یان کوتلەیەک و مەزهەبێک نییە و "ئەم کۆمارە چەند کۆماری تورک بێت، ئەوەندەش کۆماری کوردە."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "ئەم کۆمارە، کۆماری عەلەوی و سونییە، کۆماری راستڕۆ و چەپڕۆیە. دەبێت ئەمە قبووڵ بکەین کە لە چەند سەردەمێکدا رۆڵەکانی ئەم کۆمارە جیاکارییان لەدژ کرا."
ئەردۆغان باسی لەوە کرد، "کاتێک هاتینە دەسەڵات، شارەکانی باشوور و باشووری رۆژهەڵات کە فەرامۆش کرابوون، خزمەتگوزاریمان پێ گەیاندن. لەپێناو گەشەپێدانی برایەتیی کورد و تورک ئەوەی پێویست بوو کردمان، بەڵام هەموو جارێک دیوار و ناپاکی هاتنە بەردەممان، ئەوانەی مشەخۆری سەر کێشە و تیرۆرن ئاستەنگیان دروستکرد."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "ئێمە قوربانیی زۆرمان دا و زۆر جار هیوامان داڕما، لە پشتەوە خەنجەرمان لێدرا، بەڵام هیوا و راستگۆییمان لەدەستنەدا، هەرگیز لە مافی برایەتی دانەبڕاین. ئەوەی بۆ تورکیا و داهاتووی رۆشنی گەلەکەمان پێویستە هەرگیز لە ئەنجامدانی سڵمان نەکردەوە و سڵ ناکەینەوە."
قسەکانی ئەردۆغان لەسەر پرسی کورد لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی ئاکپارتیدا بوو. ئاکپارتی پشتگیریی لە هەنگاوەکانی دەوڵەت باخچەلی دەکات و ئەردۆغانیش بەم لێدوانانەی هەنگاوێکی زیاتری نا.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "ئەگەر خوا تەمەن و دەرفەت بدات، نیازمان هەیە ئەم پرسە لە رۆژەڤی وڵاتەکەمان بە تەواوی دەربهێنین و تاج بخەینە سەر 40 ساڵەی سیاسیمان کە بە خزمەتی گەل تێپەڕیوە."
دەم پارتی، داوای کۆمارێکی دیموکراسی دەکات، هاوکات داوای ناسنامە و ئیرادەیەک بۆ کورد دەکات کە پێیوایە زەوت کراوە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، "100 ساڵە ناوبەناو نیازپاکی و هیواداریمان بیستووە، بەڵام لە دەستپێکی دووەمین 100 ساڵدا کوردان ئیدی هیواداربوونیان ناوێت، گەرەنتیی دەستوورییان دەوێت."
پێشنیازی ئازادبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بۆئەوەی کۆتاییهاتنی رێکخراوەکە رابگەیێنێت، لەلایەن باخچەلییەوە کرا. ئەردۆغان پشتگیریی دەکات و بەڵێن دەدات، پرسی کورد چارەسەر بکات. ئێستاش چاوەکان لەسەر هەنگاوی کردەیی حکومەتی تورکیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ