رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە 101ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
راگەیێندراوەکە لە هەژماری فەرمیی دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "لە 101ەمین ساڵی دامەزراندنی کۆمارداین. کۆمار بە راستی، هەڵە و کەموکوڕییەکانییەوە 100 ساڵی دوای خۆیدا جێهێشت. ئەمڕۆش چاوەڕێ دەکرێت بگاتە ئامانجی بونیاتنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و کۆمارێکی دیموکراسیی گونجاو".
دەم پارتی دەڵێت، "بونیاتنان و پێشخستنی کۆمارێکی دیموکراسی، ئامانجی ئێمەیە. جارێکی دیکە پرسی بەدیموکراسیبوون لەگەڵ گەلانی تورکیا هاوبەشی پێدەکەین، ئەویش لەسەر بنەمای دەستوورێکی دیموکراسی، هاوڵاتیبوونی یەکسان و ئازاد، سەروەریی یاسا و کۆمەڵگەی دیموکراسیانە".
دەم پارتی ئێستا سێیەم گەورەفراکسیۆنی تورکیایە و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان، 57 کورسی هەیە. دەم پارتی داکۆکی لە خوێندن بە زمانی کوردی و مافەکانی دیکەی کورد دەکات.
رۆژی 29-10-1923 کۆماری تورکیا لەلایەن مستەفا کەمال راگەیێندرا، ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی 9-9-1923 پارتی گەلی کۆماری ( جەهەپە)ی دامەزراندبوو.
ئەتاتورک ساڵی 1923 تاوەکو 1950، 17 جار حکومەتی پێکهێنا؛ دواتر بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ