ئاڵتان تان: سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کاریگەرییان لەسەر کاراکتەرانی پرۆسەی چارەسەری هەیە

29-10-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
ئاڵتان تان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ قسە دەکات
ئاڵتان تان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ قسە دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سیاسەتڤان و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە (دەم پارتیی ئێستا) دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنتەوە، لەوانە "دیزایینکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، "کەمبوونەوەی دەنگەکانی ئاکپارتی"، "مەیلی ئەردۆغان بۆ خۆبەربژێرکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار."
 
بەرنامەی ئەمجارەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییە بوو، کە لەلایەن دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نراون. 
 
ئاڵتان تان، سیاسەتڤانی کورد و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە میوانی بەرنامەکە بوو، لەبارەی پێناسەی پرۆسەکە گوتی "هەر چ ناوێکی لێدەنێن، جیاوازیی نییە، ئەم کارە ئەگەر جارێک دەرگای لەسەر واڵاکرا، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو چارەسەری دەڕوات. ئێستا 24-25-26 رۆژە ئێمە لە تورکیادا گفتوگۆ لەسەر ئەمە دەکەین. ئاخۆ حکومەت یان دەوڵەت بۆچی هەنگاوێکی وەهای نا؟ بەتایبەتیش بە دەستی سەرۆکی پارتێکی نەتەوەپەرستترین و راستڕۆترین کە دەولەت باخچەلییە و رێک دژی کوردە. بەڕای من، ئەنجام گرنگترە لە لێکدانەوەی هۆکارەکان." 
 
ئەگەرچی ئاڵتان تان جەختی لەوە کردەوە خاڵی گرنگ ئەنجامە نەوەک هۆکار، بەڵام دیسانەوە رایگەیاند، کە دەتوانن هۆکارەکان لە چەند خاڵێکدا ئاماژە پێ بدەن و گوتی "یەکەم؛ بە گشتی لە سیاسەتی دەرەوە کێشەی جیدی هەن. چونکە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتەواوەتی شڵەژاوە و دووبارە دیزایین دەکرێتەوە. لەوانەیە سنوور و دەسەڵاتی زۆر لە وڵاتان بگۆڕێن. جا لێرەدا تورکیا دەیەوێت کورد لە تەک خۆی ببینێت نەوەک لە دژی. دووەم هۆکار ئەوەیە، دەسەڵاتی تەیب ئەردۆغان دەنگی لەدەستداوە. هەروەها کێشەی هەیە و چی دەکات ئابووریی وڵاتەکەی بۆ راستەڕێ نابێتەوە. لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کە چاوەڕێی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکرێت، پێویستی بە دەنگی کورد دەبێت. سێیەمیش ئەوەیە تەیب ئەردۆغان دەیەوێت دووبارە ببێتە بەربژێر و بۆ ئەمەش بەگوێرەی دەستوور، پێویستی بە 360 دەنگ هەیە و دەیەوێت ئەمەش لەڕێی پشتیوانیی کوردانەوە فەراهەم بکات." 
 
ئاڵتان تان پێیوایە، ئەم هەنگاوانە لە ناچاری کراون و سیاسەتیش هونەری دەرهێنانی بەرژەوەندییە لەم ناچارییانەوە. 
 
سەبارەت بە بژاردەی بەردەم کوردان، گوتی "کورد دوو رێگەیان لەبەردەمە؛ یان تاوەکو قیامەت هەوڵی سەندنی مافەکانیان بە شەڕ لەگەڵ تورکیا دەدەن کە رێگەی تێناچێت بتوانن ئەمە لەڕێی چەکەوە بکەن. دەتوانن پشتیوانی چەک لە ئەمریکا، ئێران، رووسیا و ئیسرائیل وەربگرن و لەگەڵ تورکیا شەڕ بکەن، بەڵام ئەمە رێگەیەکی باش نییە و هیچ خێرێکی بۆ کورد نییە. بۆ تورکیاش دۆخێکی وەها جێی باسە؛ یان ئەم شەڕە 40 ساڵییە بۆ ماوەی 40 ساڵی دیکە درێژە پێدەدات، یان لەگەڵ کوردان لەنێو تورکیا و دەرەوەی تورکیاش؛ سووریا و عێراق، واتا لە باشوور و رۆژئاوا، دەگاتە رێککەوتنێک."
 
سەبارەت بەو هەنگاوەی دەولەت باخچەلی و بانگەوازی چەکدانان، ئاڵتان تان پێیوایە هەوڵی دانانی چەک زۆر گرنگە و پێویستە ئەو پرۆسەیە پشتیوانی لێ بکرێت. بە پێویستیشی دەزانێت سیاسەتڤانانی کورد ئەو بابەتە بە بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان تەواو بکەن، ئەگەرنا شەڕ 40 ساڵی دیکەش بەردەوام دەبێت کە خێری بۆ تورکیا و کوردانیش نابێت.
 
ئاڵتان تان هەروەها پێیوایە دەبوو پرسی چارەسەریی ساڵی 2013 کە ئاکپارتی دەستیپێکرد، بگەیشتبایە ئەنجام و چارەسەر بووایە، لەمبارەیەوە گوتی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەردۆغان؛ واتا دەوڵەت لەبارەی دانانی چەک و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی دیموکراسی رێککەوتبوون. من ئەندامی ئەو شاندە بووم کە دەڕۆیشتە ئیمراڵی، ئەندامی ئەو شاندە بووم کە دەڕۆیشتە قەندیل. چەندین جار لە کۆبوونەوەکانی بەڕێز مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و جەلال تاڵەبانی بووم. من گەواهیدەرم کە لەم بابەتەدا رێککەوتن و دانوستاندنێک لە نێوان ئاکپارتی، ئەردۆغان و ئۆجەلان هەبوو. بەڵام ئەوکات، ئەمریکا، جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن، کەمالیستە دێرینەکانی تورکیا، مەهەپەی ئەوکات، جەهەپە و قەندیل ئەو کارەیان تێکدا. بەداخەوە ئەوکات؛ واتا 2013 سەڵاحەدین  دەمیرتاشیش لەڕووی هەڵوێستی سیاسییەوە، چووە ریزی ئەو تێکدەرانەوە." 
 
ئاڵتان تان هەروەها باسی لەوە کرد ئێستا زۆربەی لایەنەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو پرۆسەیە رادەگەیەنن. هەروەها رەخنەی لەو لایەنانە گرت کە لە پرۆسەی چارەسەریی ساڵی 2013 هاواری کردووە کە پەکەکە خەندەق لێنەدات و بگەڕێنەوە دیالۆگ، گوتیشی "ئێستا لە دوێنێ باشترین، چونکە پارتی گەلی کۆماری، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی؛ دەولەت باخچەلی و بەشێکی گرنگی سیاسەتڤانانی کورد پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکەن. بەڵام ئایا قەندیل پشتگیریی تەواوەتی دەکات؟ سیاسەتڤانانی کورد لە ئەورووپا پشتیوانیی دەکەن؟ ئایا سەڵاحەدین دەمیرتاش درێژە بەو گوتەیەی دەدات، کە گوتی پشتیوانی سیاسەتی ئۆجەلان دەکەم؟ جا بەیەکەوە سەیر دەکەین و دەبینین."
 
سەبارەت بە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی چارەسەری و ئەم هەواڵانەی ئێستای تورکیا، ئاڵتان تان گوتی "بەرێز مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانیش کاریگەریی گرنگیان لەسەر گەلی کورد هەیە. لە پرۆسەی چارەسەریی 2013-ش من دوای ئەوەی رۆیشتمە قەندیل و گەڕامەوە، لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی بوومە میوان. بە درێژی باسمان لەو بابەتانە کرد. زۆر قسەمان لەسەر کرد و هەمان رۆژ کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیشمان سازکرد. بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش لەپێناوی پێشکەوتنی ئەم کارە بە شێوەیەکی تەندروستانە، کاریگەریی جیددیان لەسەر هەردوو لا، تەنانەت لەسەر هەرسێ لا؛ واتا  پەکەکە، حکومەتی تورکیا؛ ئەردۆغان و کوردانی تورکیا و رۆژئاواش کاریگەریی جیددییان دەبێت. چونکە ئەوانیش لە سەرەتاوە داکۆکی لە رێککەوتنی تورک-کورد دەکەن. ئەوان رێککەوتنیان دەوێت نەوەک پێکدادان." 
 
سەبارەت بە دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاڵتان تان پێیوایە نابێت قەندیل ئەو کارە بە مەرج بکات و گوتی:" نابێت چەک وەکو کارتی گوشار بەکاربهێنرێت. باشە ئەگەر چەک دانەنێت، چی دەبێت؟ دەوڵەت زیاتر سەر دەنێتە سەر سەرت و دەچێتە رۆژئاڤاش، ئەوەتا خۆ لە رۆژئاڤایە. ئەمریکا لەپێناوی کورد شەڕ لەگەڵ تورکیا دەکات؟ بەڵام ئەگەر چەک دانرا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گرتووخانە دەرچوو، بمانەوێت یان نا رێگەی دیموکراسی دەکرێتەوە و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. جا باخچەلی و ئەردۆغان هەرچی بڵێن، ئەمە هەر روودەدات. بەڵام ئەگەر پەکەکە مەرج دابنێت، هیچ ئەنجامێکی نابێت".
 
ئاڵتان تان هەروەها رۆڵی جەهەپەی بە گرنگ وەسفکرد کە ئەمجارە پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکات. هاوکات گوتی، نابێت وا بیربکەنەوە هەموو پرۆسەکە لە ماوەیەکی کورت تەواو دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە