رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژئاوای کوردستان، بە پلانی دامەزراندنی "دەوڵەتی کوردی" دانا و رایگەیاند، تورکیا بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی پرۆسەکە دەکات.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە (24-6-2024) لە ئەنقەرە سازکرا، عومەر چەلیک گوتەبێژی ئاکپارتی باسی لەو هەڵبژاردنە کرد، کە بڕیارە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە مانگی ئابی ئەمساڵ بکرێت.
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، ئەو پلانە بۆ دروستکردنی دەوڵەتە و تورکیا بە هەموو شێوەیەکی دژایەتیی ئەو پرۆسەیە دەکات، گوتیشی: "دەمەوێ بڵێم، زۆر لە نزیکەوە چاودێریی چالاکییە تیرۆرستییەکانی باکووری سووریا دەکەین. پەیەدە و یەپەگە کە پەکەکەی سووریان، هەوڵی هەڵبژاردنێکی خۆجێیان دا. ئێمە ئەوکات بە تووندی دژایەتیمان کرد. دەبینین ئێستاش هەوڵی جۆراوجۆر هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو هەڵبژاردنە کە پێشتر دواخرابوو."
عومەر چەلیک پێیوایە ئەو هەڵبژاردنە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی پشێویی گەورە لە ناوچەکە. هەروەها زەمینەسازی بۆ هەڵگیرسانی شەڕی پێکهاتە و مەزهەبی. گوتەبێژەکەی ئاکپارتی ئەو هەنگاوەی بەڕێوەبەری خۆسەر بە "هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و ئاسایشی تورکیا" ناوبرد و گوتی "هەنگاوێکی لەمجۆرە، راستەوخۆ بەرپەرچ دەدرێتەوە."
چەلیک هەروەها باسی لە هەڵوێستی وڵاتان کرد، بەتایبەتیش ئەمریکا و گوتی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا، هەڵسەنگاندنی دروستیان بۆ ئەم باباتە کردووە، کە ئەمە جێی خۆشحاڵییە. بەتایبەتیش بە ئاماژەدان بە بڕیاری ژمارە 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، باس لەوە دەکرێت کە بەهیچ شێوەیەک هەڵبژاردنێکی دروست، دادپەروەرانە و شەفاف ناکرێت. بەڕای ئێمەش ئەوە تەواوە و دەبێت بابەتەکە بە تەواوی لە رۆژەڤ بخرێتە دەرەوە."
بڕیار بوو 11ـی حوزەیرانی 2024، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وەک رەقە و دێرەزوور، بەمەبەستی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەڵام پرۆسەکە بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ دواخرا.
دەقی گوتەکانی عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی:
دەمەوێ بڵێم، زۆر لە نزیکەوە چاودێریی چالاکییە تیرۆرستییەکانی باکووری سووریا دەکەین. پەیەدە و یەپەگە کە پەکەکەی سووریان، هەوڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی خۆجێیان دا. ئێمە ئەوکات بە تووندی دژایەتیمان کرد. دەبینین ئێستاش هەوڵی جۆراوجۆر هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو هەڵبژاردنە کە پێشتر دواخرابوو. دەمەوێت بڵێم، ئێمە هەڵوێستی روونمان لەمبارەیەوە هەیە. راستییەکەی ئەمە هەڵبژاردنێک نییە، بەڵکو ئەمە سوودوەرگرتنە لە رێگەیەک بۆ ئەوەی دەوڵەتۆچکەیەکی تیرۆر دابمەزرێنن و تیرۆر-ستانێک بهێننە ئاراوە. دەمەوێت بڵێم بە هیچ جۆرێک چاوپۆشی لەوە ناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ