رووداو دیجیتاڵ
دەم پارتی باسی کوژرانی سەربازانی تورکیا لەلایەن پەکەکەوە دەکات و بانگهێشتی ئاکپارتی بۆ دیالۆگ و چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد دەکات.
شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و سوپای تورکیا لە رۆژانی 22 و 23ـی ئەم مانگە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان بووە و پەکەکە دەڵێت، "36 سەربازی تورکیایان کوشتووە و دەست بەسەر 17 چەکیشدا گیراوە." هەروەها حکومەتی تورکیا لە 24 کاژێردا کوژرانی 12 سەرباز و برینداربوونی 13ی دیکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و دەڵێت، 25 گەریلای پەکەکەش گیانیان لەدەستداوە.
لە رۆژی شەممە، 23-12-2023وە بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی تورکیا گوشار لەسەر پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان – دەم پارتی دروست دەکەن و تۆمەتباری دەکەن بەوەی گوایە پشتیوانی لە پەکەکە دەکات.
هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ دەسەڵات: دڵنیانین لەوەی ئێوە دەتانەوێت شەڕ کۆتایی بێت
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە کۆنگرەی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە ئامەد، گوتارێکی پێشکێشکرد و وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە ئاراستەی پارتەکەی دەکرێن. باکرهان رووی دەمی لە ئاکپارتی و حکومەتەکەی کرد و گوتی: "ئەگەر ئێوە راستگۆن و دەتانەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، فەرموون با بەیەکەوە چارەسەری بکەین. ئێمە وەکو دەم پارتی لەپێناوی چارەسەری ئەم کێشەیە لەڕێگەیەکی دیموکراسییەوە، ئامادەی لە ئەستۆگرتنی هەموو بەرپرسیارێتییەکین کە لە تواناماندا بێت، بەڵام ئایا ئێوە باوەڕ بەمە دەکەن؟ دەتانەوێت شەڕ کۆتایی بێت؟ دەتانەوێت چیتر گەنجانمان گیان لەدەستنەدەن؟ ئێمە لەمانە دڵنیا نین".
باکرهان: شەڕ بۆ ئومیت ئۆزداخ خۆشە، چونکە منداڵی ئەو لە شەڕەکەدا نییە
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی هەروەها رەخنەی لەو هەڵوێستانەی پارتەکان لە دژی خۆیان گرت و بە هێرشی نەژادپەرستیی چواندن و گوتی: "بانگەواز لەوانە دەکەین کە هێرشی قبووڵنەکراومان دەکەنە سەر و دەڵێن، "ماوەی 500 ساڵ لەمەوبەر لە سەردێڕی کتێبێکدا نووسرابوو: 'شەڕ خۆشە بۆ ئەوانەی تێیدا نین'. شەڕ بۆ ئومیت ئۆزداخ [سەرۆکی گشتیی پارتی زافەر] خۆشە، چونکە منداڵی ئەو لە نێو شەڕ و پێکدادانەکاندا نییە. شەڕ بۆ نەژادپەرست، نەتەوەپەرست و فاشیستەکانیش خۆشە، چونکە ئەوان جەرگیان ناسووتێ، بەڵکو جەرگی دەستکورتەکان دەسووتێ. فەرموون ئەمە ئەرز و ئەوەش گەز! ئەمڕۆ لە دیاربەکرەوە بانگەواز لە خەڵکی تورکیا، عەقڵی دەسەڵاتی تورکیا دەکەم؛ ئامادەن بۆ ئەوەی چیتر گەنجانمان گیان لەدەست نەدەن؟ فەرموون کورد ئامادەیە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی: پرسی چارەسەری ئیرادەیەک بوو بۆ پێکەوەژیان
هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی لە قۆناخی چارەسەری پرسی کوردی کرد کە دواجار ساڵی 2015 بە تەواوی هەرەسی هێنا و گوتی: "ئیرادەیەک دروست بوو بۆ ئەوەی گەنجانی تورک و کورد گیان لەدەستنەدەن، بۆ ئەوەی کوردیش بە شێوەیەکی یەکسان هاووڵاتی بن، بۆ ئەوەی لەم خاکەدا وەکو برا بژین. دەی فەرموون دووبارە بانگهێشتتان دەکەین بۆ دیالۆگ و دانوستاندن. لەم بابەتەدا ئێمە وەکو دەم پارتی، پەرلەمانتارانمان و جەماوەرەکەمان ئەرکی سەر شانمان بە زیادەوە لە ئەستۆ دەگرین".
باکرهان: ناتوانین وەکو برا بژین، چونکە ئێوە گەلێک بە نەبوو دادەنێن
تونجەر باکرهان رەخنەی لە دەسەڵات گرت و باسی لەوە کرد کە ئەوان "راستگۆ نین"، تەنانەت بۆ ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە (سەربازانی کوژراوی تورکیا) فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن و رۆژی دواتر لەبیری دەکەن. گوتیشی: "ئەوان ناچنە ژێر هیچ بارێک و هەوڵ و بەرپرسیارێتیش هەڵناگرن. تەنیا لە پشت تاکڕەوی، تورکچییەتی، پاکتاوی و حساب بۆ نەکردن دەوەستن، بەڵام چارەسەر بەمجۆرە ناکرێت و ئاشتی لەم خاکەدا بەدی نایەت. ناتوانین وەکو برا بژین، چونکە ئێوە گەلێک بە نەبوو دادەنێن و حساب بۆ زمان و کولتوورەکەی ناکەن".
دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی پرۆسەی چارەسەری
رۆژی 30-9-2013 رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو لە گوتارێکدا 'پاکێجی دیموکراسی'ی راگەیاند کە لە 63 بڕگە پێکهاتبوو و كۆمەڵێك چاكسازی و گۆڕانكاری لەخۆگرتبوو كە بۆ كورد گرنگ بوون. سەرەکیترینیان پرسی خوێندن بوو بە زمانی دایک کە لەو بارەیەوە ئەردۆغان رایگەیاند: "لە خوێندنگە تایبەتییەکان رێگە بە زمانی جیاواز دەدرێت بۆ خوێندن، ئەو یاسایە هەڵدەوەشێنرێتەوە کە رێگری لە خوێندن بە زمانی دیکە دەکات. هەروەها هەر پارت و لایەنێک دەتوانێ بە زمانی خۆی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات".
ئەو هەنگاوەی ئەردۆغان لە مێژووی کۆماری تورکیادا یەکەمین هەنگاوی کردەیی و کاریگەری بوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرۆسەی چارەسەریی بەدواداهات. ئەوکات حکومەتی تورکیا و قەندیل بە نێوەندگیریی پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ دەکرد، بەڵام دواجار نەگەیشتنە یەک و لە قۆناخی دۆڵمەباخچە پرۆسەی ئاشتی لەبارچوو. سەبارەت بە لەبارچوونی پرۆسەکە ئاکپارتی و دەم پارتی (هەدەپەی ئەوکات) یەکدی تۆمەتبار دەکەن.
دانوستاندنی دۆڵمەباخچە
کۆبوونەوەی نێوان شاندی دەوڵەت و هەدەپە بوو کە رۆژی 28-2-2015 لە کۆشکی دۆڵمەباخچەی ئیستەنبووڵ لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەڕێوەچوو. قەندیل و ئیمراڵی رێککەوتبوون لەسەر ئەو کۆنفرانسەی پلانی بۆ دانرابوو کە بڕیار بوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بانگەواز لە گەریلا بکات چەک دابنێن. لایەنەکان رازی بوون لەسەر ئەوەی دانانی چەک و کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادان هیچ پێش مەرجێکی بۆ دانەنرێت.
کۆبوونەوەی دانوستاندنی دۆڵمەباخچە ئەوکات بە بەشداریی یاڵچن ئاکدۆغان یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی تورکیا؛ ئەفکان ئالا وەزیری نێوخۆی تورکیا؛ ماهیر ئونال بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی؛ محەممەد دەرڤیشئۆغڵو یاریدەدەری پێشووی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (MIT) لەلایەنی دەوڵەت، هەروەها هەریەک لە سڕی سورەیا ئۆندەر، پەروین بوڵدان و ئیدریس باڵوکەن لە لای هەدەپە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا دەقی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانانی گەریلا، لەلایەن سڕی سورەیا ئۆندەر خوێندرایەوە.
هەدەپە 10 خاڵی بۆ داهاتووی تورکیا ئامادەکرد کە تێیدا جەختی لەسەر چارەسەر، دیموکراسی، شوناس، متمانە و زۆر خاڵی دیکە دەکردەوە. لە کۆتاییەکانی ئەو ئامادەکارییەدا دووبارە گرژی لە نێوان دەوڵەت و قەندیل دروستبوو و رۆژ بە رۆژ ناکۆکییەکان زیاتر دەبوون. تا گەیشتە دوورکەوتنەوە و جارێکی دیکە دەستپێکردنەوەی شەڕ.
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: بەردەممان واڵاکردن بەڵام نزیک نەکەوتنەوە
لەکاتی بەشدارییکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژە لە گۆڕەپانی مەولانا لە شاری کۆنیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 17-12-2018 گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد. ئەردۆغان گوتی، "ئێمە گوتمان پرسی چارەسەری و بەردەمی ئەوانمان کردەوە، کەچی نزیکنەکەوتنەوە. بەڵام جارێکی دیکە چاوەڕێی پرۆسەی چارەسەری مەکەن، ئەو کارە تێپەڕی و چوو".
دوای لەبارچوونی پرۆسەکە
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا، شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دروستبوو و تاوەکو نیسانی 2016 بەردەوام بوو. لەو قۆناخە بەدواوە شەڕ دەستیپێکرایەوە و بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) درا. ئێستا بەرپرسانی باڵای ئاکپارتی لەسەرووی هەموویانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی پارتەکە و سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند کە شتێک بە ناوی کێشەی کورد نەماوە و هەموو کێشەکانیان چارەسەرکردووە. بەڵام هێشتا روونیان نەکردووەتەوە کەی و چۆن ئەو کارەیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ