رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە ریزە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند.
سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا ئاکپارتی لە پارێزگاکەیدا یەکەم بوو و پۆستی سەرۆکی شارەوانیی بردەوە، بەڵام حیکمەت ئایار، سەرۆکی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە ریزە دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و رایگەیاند، دەنگی ئاکپارتی لە ریزە وەکو پێویست نەبووە.
ئایار ئێوارەی سێشەممە 21-05-2024 لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، پێش هەڵبژاردنەکانی شارەوانی کە رۆژی 31-03-2024 بەڕێوەچوو، داوای دەست لەکارکێشانەوەی کردووە، بەڵام داواکارییەکەی پەسند نەکراوە.
لەبارەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی حیکمەت ئایار رایگەیاند، "لەپێناوی رێخۆشکردن لەبەردەم سەرۆککۆمارمان، من ئەم کارە لە ریزەوە دەستپێدەکەم و داوا دەکەم لە ئەرکی سەرۆکی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە ریزە، بمبەخشن. دووبارە جەختی لەسەر دەکەمەوە، ئەگەرچی لە ئاستی رەزامەندیی ئێمەدا نەبوو، بەڵام ئێستاش بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ریزە لە پلەی یەکەمە. ئەم بڕیارەم هیچ پەیوەندییەکی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە نییە. پێش هەڵبژاردنیش دوو جار ئەو داوایەم بەرزکردەوە."
ئایار هیوای خواست ئەمجارە داواکارییەکەی لەلایەن سەرکردایەتیی ئاکپارتییەوە پەسند بکرێت.
حیکمەت ئایار لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا باسی لە ئەنجامەکانی ئاکپارتی لە پارێزگای ریزە کرد و گوتی: "هاوشێوەی تەواوی تورکیا، لە ریزەش دەنگەکانمان کەمی کرد. ئەو کەمبوونەی بە گشتی لە دەنگەکانی ئاکپارتی هەبوو، لە ریزەش بە هەمان رێژە بینرا. هەروەها لە رێژەی بەشداریش بە هەمان شێوە دابەزین هەبوو."
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی دەڵێت، بەراورد بە هەڵبژاردنی 2019ی شارەوانیی تورکیا لەگەڵ هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵ، رێژەی بەشداریکردن لە 84.6% بۆ 78.5% دابەزیوە. لەکاتێکدا ئەمجارەش رێژەی بەشداری لە ریزە 83.2% بوو.
لە هەڵبژاردنی شارەوانیی 2024'دا ئاکپارتی 54.7%ی دەنگەکانی ریزەی بەدەستهێنا و پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی بردەوە. سەرلەنوێ رەفاه 17.7% و جەهەپە 12.1%ی دەنگەکانی ئەو پارێزگایەیان بەدەستهێنا.
ئاکپارتی لە هەڵبژاردنەکەی 2019ی شارەوانیدا 72.9%ی دەنگەکانی ئەو پارێزگایەی بردبووەوە. ئەوکات جەهەپەنزیکترین پارت بوو لێیەوە کە رێژەی دەنگەکانی 13.3% بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ