رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی تورکیا دوای زمانی کوردی، سانسۆر خرایە سەر زمانی لازی، مایکرۆفۆن لەسەر پەرلەمانتارێکی لازی کوژێندرایەوە.
تەحسین ئۆجاکڵی، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی 21-2-2024 کە رۆژی جیهانیی زمانی دایکە، لە گوتاری خۆیدا ویستی چەند وشەیەک بە زمانی دایکی خۆی کە لازییە قسە بکات، بەڵام مایکرۆفۆنی لەسەر داخرا.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا، تەحسین ئۆجاکڵی داوای لە بریکاری سەرۆکی پەرلەمان کرد بەشێک لە گوتارەکەی بە زمانی لازی پێشکێش بکات، بەڵام جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان ئەمەی رەتکردەوە و گوتی: "جگە لە تورکی بە هیچ زمانێکی دیکە قسە مەکە."
ئۆجاکڵی گوتی چەند رستەیەک بە زمانی لازیی تایبەت بە دایکی پێشکێش دەکات و ئەگەر مایکرۆفۆنەکەی دابخرێت، عەیبێکی دیموکراسییە. ئۆجاکڵی جەختی کردەوە کە بنەماڵەکەیان هەر بە زمانی لازی قسە دەکەن و ئەو لە تەمەنی 7 ساڵیدا فێری زمانی تورکی بووە.
تەحسین ئۆجاکڵی دەستی بە قسەکردن بە زمانی لازی کرد، بەڵام دوای دوو وشە مایکرۆفۆنەکەی داخرا. ئۆجاکڵی گوتارەکەی خۆی هەر تەواوکرد و دواتریش بە زمانی تورکی گوتی: "ئێوە هێندە دژایەتیی ئەو هەموو زمانە مەکەن. با ئەو زمانانە بتوانن لێرە گوزارشت لە خۆیان بکەن".
هەمان رۆژ بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ژمارەیەکی دیکەش لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە بە زمانی کوردی قسەیان کرد، بەڵام رووبەڕووی هەمان دۆخ بوونەوە و مایکرۆفۆنیان بەسەردا داخرا.
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە ئەندامی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) گوتی:"بەگوێرەی سێیەم بڕگەی دەستوورمان، دەوڵەتی تورک لەگەڵ گەلەکەی یەکگرتوو و جیانەکراوەیەوە. زمانەکەشی تورکییە و پێویستە گوتارەکان بە زمانی تورکی پێشکێش بکرێن".
سەزایی تەمەللی وەڵامی دایەوە و رەتیکردەوە کە قسەکردن بە زمانی کوردی پێشێلکردنی دەستوور بێت و جەختیشی کردەوە، کە ئەوان بەردەوام دەبن لە بە کوردی قسەکردن.
لازی، زمانێکی باشووری قەوقازە و لە گرووپی زمانە کارتۆ-زانەکانە. ئەو زمانە لەلایەن لازەکانەوە قسەی پێدەکرێت، بەڵام باس لە بوونی مەترسیی لەنێوچوونی زمانەکەیان دەکەن. لازەکانی تورکیا زمانی تورکی و لازەکانی جۆرجیاش زمانی جۆرجی بەسەریاندا زاڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ