رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی دەنگیان بە خۆی و ئاکپارتی داوە، ستافەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت قسەی ناخۆشیان بە زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە گوتووە.
کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی ئەردۆغان لە سەمسوور لە رۆژی شەممە 20-5-2023 بەڕێوەچوو کە لەو رۆژەدا دەنگدانی گەڕی دووەمی سەرۆکایەتیی کۆمار لە دەرەوەی تورکیا و خاڵە سنووری و فڕۆکەخانەکان دەستیپێکرد. ئەردۆغان نیگەرانیی خۆی سەبارەت "بەو هێرش و رەخنانەی ئاراستەی سەمسوور و شارەکانی دیکەی بوومەلەرزلێدراو دەکرێت" نیشاندا و بەڵێنی بە زیانبەرکەوتووان دا وەکو دەوڵەتی تورکیا بەردەوام پشتیوانییان بکەن.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کڵچدارئۆغڵو هیچ سوودێکی بۆ وڵاتەکە نەبووە و ساڵی 1992 کە کرایە بەڕێوەبەری گشتیی بیمەی تەندروستیی تورکیا، دۆخی نەخۆشخانەکانی تورکیا زۆر خراپ بوو.
ئەردۆغان داوای لە سەمسوورییەکان کرد بەوپەڕی هێزەوە بڕۆنە سەر سندووقەکان و دەنگ بدەن. راشیگەیاند، لە دڵەوە باوەڕی بەوەیە، هاووڵاتییانیان لە دەرەوەی وڵات بە رێژەیەکی بەرزی بەشداریکردن، دەڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی رۆژی 14-5-2023 لە پارێزگای سەمسوور، ئاکپارتی 52.3٪، جەهەپە 18.7٪، یەسەپە (هەدەپە) 12٪، پارتی یەنیدەن رەفاهـ 4.7٪ و مەهەپە 4.3٪ی دەنگەکانیان بردەوە. هەروەها 66.2٪ـی سەمسورییەکان دەنگیان بە ئەردۆغان و 31.2٪شیان دەنگیان بە کڵچدارئۆغڵو دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ