دەوڵەت باخچەلی بۆ کوردی باکووری کوردستان: کەسانێک هەن ئاستەنگ دروست دەکەن

19-11-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی مەهەپە رووی دەمی کردە کوردی باکووری کوردستان و گوتی، کەسانێک دەیانەوێت هەنگاو بنێن، بەڵام ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێت.
 
فراکسیۆنی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی سێشەممە 19-11-2024 کۆبووەوە و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتەکە گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
سەبارەت بە هەوڵەکانی نزیکبوونەوە لە پرۆسەیەکی ئاشتی باخچەلی گوتی، "لێرەوە بانگ لە تەواوی برا کوردەکانم دەکەم و دەڵێم، پەکەکە ناتوانێت نوێنەرایەتیی کورد بکات. ئێستا بە روونی بیندرا، کەسانێک هەن ئاستەنگ لەبەردەم ئەوانە دروست دەکەن کە دەیانەوێت هەنگاوێک بڕۆنە پێشەوە."
 
سەرۆکی مەهەپە کە پێشنیازی دەرچوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی خستە بەردەم دەم پارتی و حکومەت، گوتی، "ئەوانەی دوێنێ هاوڕێبازی سەردەستەی تیرۆریستان بوون، ئێستا بوونەتە بێچووی ئەمریکا... ناتوانین رۆڵەی رەسەنی تورک بە قوربانی زڕ رۆڵەکانی بایدن بکەین. مافی ئەمەمان نییە. وەرن با یەکبگرین، بەیەکەوە بین و هەموومان بەیەکەوە ببینە تورکیا."
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، بەشێک لە بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆن باس لەوە دەکەن، گوایە لە بابەتی پرسی کورد ناکۆکی لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە هەیە.
 
باخچەلی وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە و گوتی، "ئەوانەی رۆژانێکە باس لە بوون و نەبوونی ناکۆکی لە هاوپەیمانیی جمهوور دەکەن، بە خۆڕایی خۆیان ماندوو دەکەن و رۆژەڤی وڵات سەرقاڵ دەکەن."
 
باخچەلی پەیوەندیی خۆی و سەرۆککۆماری تورکیای بە پەیوەندییەکی قووڵ و بێ بەرامبەر ناوبرد و رایگەیاند، ئەوان هاوخەمی نیشتمان و گەلن.
 
باخچەلی رۆژی 1-10-2024 لە پەرلەمانی تورکیا چووە لای فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و تەوقەی لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمانتارانی کرد. هەر زوو ئەوە بووە رۆژەڤی تورکیا.
 
باخچەلی رۆژی 22-10-2024 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.
 
ئەو هەڵوێست و هەنگاوانە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت. بەشێک باس لە دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە چارەسەکردنی پرسی کورد دەکەن؛ بەشێکیش بابەتەکە بە نووسینەوەی دەستوورەوە گرێدەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە