رووداو دیجیتاڵ
لە ئەرزەڕۆم بە گۆرانیی "وەرە بۆ ئەرزەڕۆم"ی ئیبراهیم ئەرکاڵ، پێشوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا کرا. ئەردۆغان، جەهەپە و دەم پارتی بە دروستکردنی هاوپەیمانی تۆمەتبار دەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "پاشماوەی بیری تاکەپارت دەستی لەنێو دەستی باڵی رێکخراوی تیرۆریستییە و لە هەموو دەرفەتێکدا دەیسەلمێنێت کە لە بۆسەدایە. لە ئیستەنبووڵ ئەرزەڕۆمییەکان زۆرن، تەلەفۆن بۆ برا ئەرزەڕۆمییەکانی ئیستەنبووڵ دەکەن وایە؟"
سەرۆکی گشتیی جەهەپە چووە ئیستەنبووڵ و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری پارتەکەی ناساند. ئۆزگور ئۆزەل رەتیدەکاتەوە هاوپەیمانییان لەگەڵ هیچ پارتێک هەبێت، بەڵام بەردەوام داوای دەنگ لە کورد دەکات.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە گوتی، "ئەوەی جاری رابردوو ئیستەنبووڵی بردەوە، نە جەهەپە و نە هاوپەیمانیی میللەت بوو، بەڵکو هاوپەیمانیی ئیستەنبووڵ بوو. لە هاوپەیمانیی ئیستەنبووڵدا تورک، کورد، لاز چەرکەز، کۆچبەر و تەواوی دیموکراسیخوازان هەن."
مەراڵ ئاکشنەر، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی لە بورسە بانگەشەی بۆ بەربژێرانی کرد. ئاکشەنەر دەڵێت، لەنێوان ئاکپارتی و دەم پارتی دەمانترسێنن.
سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی رایگەیاند، "لایەنێک دەڵێت: دەنگ بە ئێمە بدەن ئەگەرنا تەیب ئەردۆغان دەمێنێتەوە. لایەنەکەی دیکە دەڵێت: دەنگ بە ئێمە بدەن، ئەگەرنا دەم-یەکان دێن."
کورد لە ئیستەنبووڵ سەنگی خۆی هەیە. دەم پارتی کە گەورەترین نوێنەری کوردە لە تورکیا، ئەمجارە بەربژێری بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەیە.
مەراڵ دانش بێشتاش، هاوبەربژێری دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەڵێت، "لەم هەڵبژاردنەدا ئێمە لە ئیستەنبووڵ دەڵێین، هەین و لێرەین. هەروەها دەڵێین، دەنگمان پێبدەن. دەڵێین ناچار بە ئێوە نین، ئەمجارە دەم پارتی هەیە."
هیچ هێزێک ناتوانێت پشت لە کورد بکات و سەرکەوتووش بێت. بەربژێرانی ئاکپارتی و جەهەپە لە زۆربەی گوتارەکانیاندا بە گرنگییەوە باسی دەنگی کورد دەکەن، بە جۆرێک کە کورد دەتوانن لەسەر شەقامەکان بەربژێرەکان بوەستێنن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ