رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای هەناردەکاری سەربازیی رووسیا Rosoboronexport ئاشکرایکرد، چەند بەشێکی سیستەمی S-400ی رووسی لە تورکیا بەرهەمدەهێندرێت.
ئەلێکساندەر میخایێڤ، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای هەناردەکاری سەربازیی رووسیا Rosoboronexport لەبارەی پەیوەندیی نێوان تورکیا و رووسیا و تەکنۆلۆژیای سیستەمی S-400 بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، چەند بەشێکی سیستەمەکە لە تورکیا بەرهەمدەهێندرێت. بۆ ئەم مەبەستەش دەستکراوە بە گواستنەوەی تەکنۆلۆژیای تایبەتی پێویست بۆ ئەم بوارە.
ئەلێکساندەر میخایێڤ لە میانی بەشداریکردنی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی Airshow لە دوبەی روونیکردەوە، بەپێی رێککەوتنێکی تایبەتمان لەگەڵ حکومەتی تورکیا، تەکنۆلۆژیای سەربازیی تایبەت بە سیستەمی S-400 دەگوازینەوە تورکیا بۆ ئەوەی پارچەکانی ئەم سیستەمە بەشێوەیەکی رێکوپێک لە تورکیا بەرهەم بهێندرێت و پێداویستییەکانی تورکیا پڕبکاتەوە لە بەرنامەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی.
میخایێڤ، رەتیکردەوە زانیاری زیاتر بدات لەبارەی قەبارەی گواستنەوەی تەکنۆلۆژیا و بەرهەمهێنانی پارچەکانی S-400 کە تورکیا بۆ کڕینی تەکنۆلۆژیای سیستەمەکە 2.5 ملیار دۆلاری بە رووسیا دابوو.
پرسی كڕینی S-400 گرژیی خستە نێوان پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكا بەڕاددەیەك واشنتن چەندین سزای خستە سەر ئەنقەرە. دوورخستنەوەی توركیا لە بەرهەمهێنانی نەوەی پێنجەمی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف-35، كە توركیا 100 دانەی داواکردبوو.
رۆژی 11ی نیسانی 2017، حكومهتی ئهنقهره رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ به گوژمهی 2.5 ملیار دۆلار واژۆ کرد بۆ کڕینی سیستەمی مووشهكی S-400، کە هەر یەکێکیان 9 بارهەڵگر و 144 مووشەک لەخۆ دەگرێت. هەر بارهەڵگرێك چوار سهكۆی هەڵدانی مووشهكی جێگیری هەیە.
رۆژی 12ی تهممووزی 2019 یهكهم كاروانی پارچهكانی سیستهمی بهرگریی S-400ی رووسی گهیشتنه توركیا و پرۆسهی رادهستكردنهوه تاوهكو مانگی نیسانی 2020 بهردهوام بوو.
رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2020 تورکیا سیستەمە بەرگرییەکەی تاقیکردەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا کارای نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ