ئەردۆغان لەبارەی پرسی کورد: تیرۆری تێدا نەبێت، هەمیشە ئامادەین

13-10-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی قۆناخێکی نوێ لە پرسی کورد رایگەیاند، ئەگەر تیرۆر لە بابەتەکەدا نەبێت، هەمیشە ئامادەن. 
 
لەدوای گەڕانەوەی لە ئەلبانیا، رۆژی شەممە 12-10-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان وەڵامی چەند پرسیارێکی سەبارەت بە نزیکبوونەوەیان لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و ئەگەری قۆناخێکی نوێی چارەسەری، گوتی "بەرەنگاری هەموو جۆرێکی تیرۆر دەبینەوە و لە دژی دەوەستین. هەموو کاتێکیش ئامادەین بۆ ئەوەی بە رێگەیەکی دوور لە تیرۆر، بابەتەکان چارەسەر بکەین. چونکە ئێمە لەپێناوی بەهێزکردنی ئارامی و یەکێتیی وڵاتەکەمان سیاسەت دەکەین. هەروەها لەپێناو پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بەو کوالێتییەی گەلەکەمان شایستەیە، سیاسەت دەکەین." 
 
ئەردۆغان لەبارەی هەنگاوەکانیان بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ گوتی "ئەمە رێگەی رزگارکردنی تورکیایە لە کۆت و بەندی کودەتاکان. دەمانەوێت ئەو کۆت و بەندەی لێ بکەینەوە، کە ئەمەش بە نووسینەوەی دەستوورێکی دادپەروەر، سڤیل و ئازادیخوازانە دەکرێت." 
 
چی روویدابوو؟
 
بەنزیکەیی تەواوی پارتە سیاسییەکان لەگەڵ نووسینەوەی دەستووریکی تازەن بۆ تورکیا،. بەڵام داواکارییەکان و نیگەرانییەکان جۆراوجۆرن. هەریەک لە پارتەکان داواکاریی جۆراوجۆر و هێڵی سووری خۆیانیان هەیە. 
 
هەوڵێک لەلایەن ئاکپارتییەوە لە پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکردووە و کۆبوونەوە لەگەڵ فراکسیۆنەکان کراوە. 
 
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 1-10-2024 لە پەرلەمانی تورکیا چووە لای فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و تەوقەی لەگەڵدا کردن. ئەمە بووەتە رۆژەڤی تورکیا و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت. بەشێک باس لە ئاساییبوونەوە و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە چارەسەکردنی پرسی کورد دەکەن، بەشێکیش بابەتەکە بە نووسینەوەی دەستوورەوە گرێدەدەن.
 
ئەو چوار مادەیەی لە هەموارەکانی دەستووری تورکیا تاوەکو ئێستا هێڵی سوورن:
 
مادەی یەکەم: پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیا کۆمارییە. 
 
مادەی دووەم: کۆماری تورکیا لەسەر بنەما سەرەکییەکانی ئارامی کۆمەڵگە، هاودەنگی و کۆکبوونی نیشتمانی، هەستکردن بە دادپەروەری، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، دڵسۆزی و وابەستەیی بۆ بنەماکانی نیشتمانپەروەریی ئەتاتورک، دەوڵەتێکی دیموکراسی، سیکۆلار، سۆسیاڵ و یاساسالارە.
 
مادەی سێیەم: دەوڵەتی تورکیا بە خاک و میللـەتیەوە یەکپارچەی نەبڕاوەیە، زمانەکەی تورکییە، ئاڵاکەی وەک لە ستایلەکەیدا هاتووە مانگ و ئەستێرەی سپییە باگراوندەکەی رەنگی سوورە. سروودی نیشتمانی "سروودی سەربەخۆییە" و پایتەخی ئەنقەرەیە.
 
مادەی چوارەم: مادەی یەکەم و دووەم و سێیەم بەهیچ شێوەیەک هەموار و دەستکاری ناکرێن و تەنانەت پێشنیازی هەموار و دەستکاریکردنیشی ناکرێت.
 
پرسی داڕشتنی دەستووری نوێ ماوەیەکە لە کارنامەی تورکیادایە. ئەو دەستوورەی ئێستا تورکیا بەڕێوەدەبات لە ساڵی 1982 دوای کودەتای سەربازی ساڵی 1980 بە سەرکردایەتیی کەنعان ئەڤرەن ئامادە کراوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن، یاساکە لە سەردەمی کودەتاکە بەجێماوە و پێویستە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە