رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. سبەی لەگەڵ هاوشانە هاکان فیدان کۆدەبێتەوە.
ئەمشەو 12ـی کانوونی یەکەمی 2024 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا. لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا، لەلایەن ئەحمەد جەمیل میرئۆغڵو، بەڕێوەبەری پرۆتۆکۆڵی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و میشێل گۆڵدمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە و بەرپرسانی دیکەی تورکیا و ئەمریکا پێشوازی لێکرا.
میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، بە یاوەریی شاندی وەزارەتی دەرەوە گەیشتنە کۆشکی بێشتەپەی سەرۆکایەتیی کۆمار. هاکان فیدان، هاوشانە تورکیەکەی پێشوازی لێکرد و دواتر چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان کەوت.
میدیای فەرمیی تورکیا بەبێ ئاماژەدان بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئەوەی خستەڕوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان نیو کاژێر لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەتەوە.
بڕیارە سبەی هەینی 13ـی مانگ، ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ هاکان فیدان، لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کۆببێتەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی نێوان بلینکن و فیدان تایبەتە بە دۆخی دوای کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سووریا. هەروەها دۆخی ئاگربەستی غەززە و پرۆسەی سیاسیی لە فەلەستین دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، هاکان فیدان پەیامی تورکیا بە ئەنتۆنی بلینکن رادەگەیێنێت، بەوەی "تورکیا دەرفەت بە داعش و هەسەدە نادات دۆخی سووریا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە".
تۆنی بلینکن، پێش سەردانەکەی بۆ تورکیا، سەردانی ئوردنی کرد و لەگەڵ هاوشانە ئوردنییەکەی و بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە کۆبووەوە.
بڕیارە دوای ئەنقەرە، بلینکن گەشتێک بۆ چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەنجام بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ