رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا داوا دەکات سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە ئازادبکرێن.
سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە شەش ساڵ و نیوە لە زیندانن؛ رۆژی پێنجشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2023 کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا جارێکی دیکە داوای ئازادکردنیانی کرد.
مەحسوونی کارامان، پارێزەری سەلاحەدین دەمیرتاش هەمان رۆژ بڕیارەکەی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر بڵاوکردەوە و لە پۆستێکدا نووسی، "کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا لە بڕیارەکەیدا، داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی دووپاتکردەوە. ئەگەر تاوەکو دانیشتنی مانگی ئەیلوول ئازاد نەکرێت، کۆمیتەکە هەنگاوەکانی داهاتوو تاوتوێ دەکات. هەروەها کۆمیتەکە داوای کردووە فیگەن یوکسەکداغـیش دەستبەجێ ئازاد بکرێت."
دوای بڕیارەکە، هەدەپە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە سۆشیال میدیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "سەرەڕای ئەو هەموو رێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی کە تورکیا واژۆی لەسەر کردوون و هۆشدارییەکانی ئەو دامەزراوانەی کە ئەندامیەتی، دەسەڵاتی دادوەریی ئاکپارتی هاوسەرۆکانی پێشوومان سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئازاد ناکات کە بە بارمتە گیراون. ئەگەر تاوەکو مانگی ئەیلوول ئازاد نەکرێن، تورکیا رووبەڕووی سنووردارکردنی نوێ دەبێتەوە. کۆتایی بە سیاسەتی بارمتەگرتن بهێنن و هاوڕێکانمان ئازادبکەن."
سەلاحەدین دەمیرتاش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر لە 4ـی تشرینی دووەمی 2016 ەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە بەندکراوە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا رۆژی 22ی کانوونی یەکەمی 2020 رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستەکراو نییە بۆ ئەوەی سەلاحەدین دەمیرتاش بەتۆمەتی تیرۆر سزا بدرێت و رایگەیاند، بڕیاری هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زیندان "پاڵنەری سیاسی" لەپشتە.
ئەوکات دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای لە حکومەتی تورکیا کرد بە 60 هەزار یۆرۆ قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دەمیرتاش بکاتەوە و خەرجییەکانی دادگەش بدات، کە 31 هەزار و 900 یۆرۆیە.
پێشتر لە رۆژی 18ی تشرینی یەکەمی 2018دا دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کردبوو، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ