رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نیگەرانیی خۆی بۆ کوژرانی دوو پاسەوانی سنووری عێراق دەربڕی و رایگەیاند، "هێرشەکە رووی راستەقینەی رێکخراوی تیرۆریستی بەدیارخست."
شەوی رابردوو، 25ـی کانوونی دووەمی 2025، ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کوژرانی دوو پاسەوانی سنووری عێراق، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، لە ناخەوە نیگەرانن بە گیانلەدەستدانی دوو پاسەوانی سنووری عێراق، کە (24ـی کانوونی دووەم) بە گوتەی ئەو، لە ئەنجامی هێرشێکی پەکەکەدا لە دهۆک گیانیان لەدەستداوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی لە گەلی عێراق کردووە و نزای لێخۆشبوونی بۆ دوو سەربازەکە کردووە، هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ سەربازە بریندارەکە خواستووە.
ئۆنجو کەچەلی، پەکەکە بە "هەڕەشە" بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و تورکیا دەزانێت و بە پێشێلکردنی "سەروەریی عێراق" تۆمەتباری دەکات و، دەڵێت، دوایین هێرش، رووی راستەقینەی رێکخراوەکەی دەرخست.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە "بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق."
رۆژی هەینی، 24ـی کانوونی دووەمی 2025، لەنێوان گوندەکانی سۆریا و شلین لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دوو ئەندامی پاسەوانی سنووری عێراق کوژران. هاوکات لە هەمان رۆژدا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی دوو گەریلای پەکەکەی لە سنووری ناحیەی باتیفای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ راگەیاند، کە وەکو وەزارەتەکە دەڵێت، "رێگرییان لە چالاکیی هێزەکانمان بۆ پشکنین و تووندوتۆڵکردنی ئاسایشی ئەو ناوچەیە کردووە."
لە بەرامبەردا میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا لەگەڵ هێرشەکانی بۆ سەر گەریلا لە سنووری باتیفا، بۆردوومانی خاڵێکی پاسەوانی سنووری عێراقی لە گوندی شیلنێی سەر بە شارەکە کردووە و لە ئەنجامدا ئەو دوو ئەندامەی پاسەوانی سنوور گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ