رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە مانگێکدا نزیکەی 53 هەزار کۆچبەری سووریایی نیشتەجێبووی تورکیا، گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، سەردانی دەروازەی سنووری جیلڤەگۆزو لە پارێزگای هاتای کرد کە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان. وەزیرەکە چاودێریی پرۆسەی گەڕانەوەی خۆ ویستانەی کۆچبەرانی سووریایی کرد کە 13 ساڵە لە تورکیا و باکووری کوردستان نیشتەجێبوون.
عەلی یەرلیکایا لەمبارەیەوە رایگەیاند، مانگێکە حکومەتی بەشار ئەسەد رووخاوە. لەم ماوەیەدا 52 هەزار و 622 کۆچبەری سووریایی خۆ ویستانە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، 41 هەزار کۆچبەر وەک خێزان لە تورکیا تۆمار کرابوون و 11 هەزار کۆچبەری دیکەش سەڵت بوون و بەتەنیا نیشتەجێبوون. دوای پڕکردنەوەی فۆڕمە پێویستەکان کە بەشێکیان پەیوەندی بە گەڕانەوەی خۆ ویستانەی خۆیانەوە هەبوو، گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان.
عەلی یەرلیکایا راشیگەیاند، ئێستا لە سەرانسەری تورکیا، 2 ملیۆن و 880 هەزار کۆچبەری سووریایی ماون. لە 2017ـەوە تاوەکو ئێستاش 792 هەزار و 625 کۆچبەری سووریایی بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە سووریا.
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، پێش گۆڕانکارییەکانی سووریا، بە تێکڕا مانگانە 11 هەزار کۆچبەری سووریایی خۆ ویستانە دەگەڕانەوە وڵاتەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ