رووداو دیجیتاڵ
لە پرۆگرامێکی تایبەتدا لە پارێزگای ئەنتاڵیای تورکیا، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی ماناڤگاتی دووبارە بەربژێر کرد بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا.
ئامادەکاری پارتە سیاسییەکانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە 31-3-2024، بەڕێوەبچێت، بەردەوامە. ئەمڕۆ یەکشەممە 3-12-2023 ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە لە پرۆگرامێکی تایبەت لە پارێزگای ئەنتاڵیا، لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەی کۆبووەوە و تاوتوێی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیان کرد.
ئۆزگور ئۆزەل کە رۆژی 8-11-2023 لە 38مین کۆنگرەی پارتەکەدا بووە سەرۆکی جەهەپە، ئێستا بە سیاسەتێکی نوێوە دەیەوێت پارتەکەی بباتە نێو هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە کە یەکەمین تاقیکردنەوە دەبێت بۆی. ئۆزگور ئۆزەل لە ئەنتاڵیاوە یەکەمین بەربژێری پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی راگەیاند کە ئەویش شوکرو سۆزەن، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی ماناڤگاتی ئەنتاڵیا بوو. شوکرو سۆزەن کە ئێستا سەرۆکی شارەوانیی ماناڤگاتە و پێشتر رایگەیاندبوو ئەمجارە خۆی بەربژێر ناکات، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرسانی جەهەپە، بڕیارەکەی گۆڕی و جارێکی دیکە بەربژێر کرایەوە.
بەو جۆرە جەهەپە یەکەمین بەربژێری بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان راگەیاند. لە هەڵبژاردنی رابردووی شارەوانییەکاندا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، جەهەپە و ئیی پارتی وەکو هاوپەیمانیی میللەت بەشدارییان کرد و هەدەپەش پشتگیریی کردن. بەڵام ئێستا ئیی پارتی لە هاوپەیمانییەکە دەرچووە و دەڵێت لە هەموو پارێزگاکاندا بەربژێری خۆی دەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە کۆبوونەوەی نێوان جەهەپە و ئیی پارتی بەردەوامە. هەروەها جەهەپە بڕیارە لەگەڵ پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش کۆببێتەوە.
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی 44.33٪ و جەهەپە 30.12٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە و ئیی پارتی) کرد کە بەو پشتیوانییە هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەدەنە، مێرسین، ئەنتاڵیا، کڕشەهیر، ئارتڤین، ئەردەخان، بۆڵو و چەند شوێنێکی دیکەی گرنگی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ