رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رووی دەمی کردە وڵاتانی رۆژئاوا و رایگەیاند، لەکاتێکدا ئەوان پاداشتی پەکەکە، یەپەگە و گولەنییەکان دەکەن و پێشوازییان لێدەکەن، ناتوانن چاوەڕێ بکەن تورکیا حەماس بە تیرۆرست ببینێت.
لە کاتی گەڕانەوەی لە کۆنگرەی لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەت بوو بە گۆڕانی کەشوهەوا و لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا شەممە، 2-12-2023 قسەی بۆ میدیاکاران کرد و لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گوتی، "دۆخێکی تیرۆر لە ئارادایە. ئەوە تیرۆری دەوڵەتە. لە بەرامبەر تیرۆری دەوڵەت ناتوانین بێدەنگ بین".
ئەردۆغان، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە کۆمەڵکوژ وەسفکرد و گوتی: "کۆمەڵکوژییەکەی نەتانیاهوو لە غەززە وەک پەڵەیەکی رەش چووە ناو مێژوو. ئەو پەڵە رەشە لە ناوچاوانی ئەو وڵاتانەشە کە بێمەرج یارمەتیدەری ئەون. دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ئێستا هاوشێوەی بکوژەکانی باوباپیرانیان هەڵسوکەوت دەکەن".
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی سکاڵاکان لە دادگەی سزای نێودەوڵەتی دوا و گوتی، "چاوەڕوانین دادگە سزای هەموو تاوانبارانی وەک قەسابەکانی غەززە بدات؛ لە سەرووی هەموویانەوە نەتانیاهوو".
ئەردۆغان جەختیکردەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی، لەو شوێنانە قسە لەسەر غەززە نەکرێت کە چارەسەری دوو دەوڵەت جێی باس نییە. ئەگەر چارەسەری دوو دەوڵەت بە بنەما وەربگرین، ئەوە غەززە وەک هەڕەشەیەک نابینرێت. لەناوبردن و نەهێشتنی حەماس سیناریۆیەکی ناڕاستە".
سەرۆککۆماری تورکیا جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆی بۆ بزووتنەوەی حەماس نیشان دا و گوتی: "جەخت لەوە دەکەمەوە کە کێ چی پێخۆشە بیڵێت، من حەماس بە رێکخراوێکی تیرۆریستی نازانم و بۆچوونێکی وەهام نییە. لەکاتێکدا ئێوە پاداشتی پەکەکە، یەپەگە و فەتۆ دەکەن و تەنانەت میوانداریشیان دەکەن، ناتوانن چاوەڕێی ئەوە بن ئێمە بەو شێوەیە بڕوانینە حەماس".
بەرەبەیانی رۆژی هەینی دوای ئەوەی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی هات، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە دەستپێکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەوە 240 هاووڵاتیی فەلەستینی کوژراون و 650 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ 4 رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ