خۆپیشاندان لە ئیستەنبووڵ دژی نەزۆککردنی سەگە بێلانەکان بەڕێوەچوو

02-09-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەتان هاووڵاتی لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا دژی یاسای نەزۆککردن و کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان چوونە سەر شەقام و ناڕەزاییان دەربڕی.
 
رۆژی یەکشەممە 01-09-2024 سەتان هاووڵاتی لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا چوونە سەر شەقام. ناڕەزایەتیی ئەوان دژی بڕیارێکی پەرلەمانی وڵاتەکەیانە کە تایبەتە بە نەزۆککردنی سەگە بێلانەکانی تورکیا.
 
رۆژی 02-08-2024 دوای مشتومڕێکی زۆر لە پەرلەمان، پڕۆژەیاسای نەزۆککردنی سەگی بێلانە بە 275 دەنگی "بەڵێ" لە بەرامبەر 224 دەنگی "نەخێر" پەسند کرا.
 
حکومەت مەزەندە دەکات نزیکەی چوار ملیۆن سەگی بێلانە لە وڵاتەکەیدا هەبن. بەپێی یاساکە، شارەوانییەکان پێویستە تاوەکو ساڵی 2028 شێڵتەر بۆ سەگەکان دروست بکەن و دۆخی ئەوانەی ئێستا هەن باشتر بکەن. ئەو سەرۆک شارەوانیانەی بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ نەکەن، بە 6 مانگ تاوەکو 2 ساڵ بەندکردن سزا دەدرێن.
 
خۆپیشاندەرە ئاژەڵدۆستەکان بە درووشمی "شێڵتەرەکان شوێنی مەرگن" و "یاساکە رەتبکەنەوە" چوونە سەر شەقامەکانی گەورەترین شاری تورکیا.
 
هەر بەگوێرەی یاساکە، ئەو سەگانەی ئازاریان هەیە، نەخۆشیی تاهەتاییان هەیە یان دەبنە هۆی مەترسیی تەندرووستی بۆ سەر مرۆڤ، بە دەرزی بێهۆش دەکرێن و دەکوژرێن.
 
حەسەن کزڵیەتاک، خۆپیشاندەرێکە و گوتی، "ئەم یاسایە نیگەرانم دەکات و لەلایەن خەڵکەوە قبووڵکراو نییە؛ داوا دەکەین بە زووترین کات یاساکە رەتبکرێتەوە؛ سەگە بێلانەکان وەکو ئێمە گیانیان هەیە. ئێمە ناهێڵین ئەوان کۆمەڵکوژ بکرێن."
 
هەروەها بەپێی یاساکە، سزای پێبژاردنی ئەوانەی واز لە ئاژەڵە ماڵییەکان دەهێنن لە 60 دۆلارەوە بۆ هەزار و 800 دۆلار زیاد دەکرێت. خاوەن سەگ و پشیلە دەبێت ئاژەڵەکانیان تۆماربکەن و تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی 2025 ناسنامەیان بۆ دەربهێنن.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی (شەقامە سەلامەتەکان و بەرگریکردن لە مافی ژیان)، کە رێکخراوێکە پشتگیری لە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانی تورکیا دەکات، لە ساڵی 2022ـوە 65 کەس بەهۆی پەلاماری سەگەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە