رووداو دیجیتاڵ
بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا، ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەکات.
فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی و مەهەپە، پڕۆژەی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا دەخەنە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیان. ئەو پرسە چارەنووسسازە پێویستی بە پشتیوانیی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەیە. هەر بۆیە بڕیاریانداوە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆببنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، کاژێر 12:00ـی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 2-5-2024) نومان کورتوڵموش، سەردانی فراکسیۆنی دەم پارتی دەکات و لەگەڵ هاوسەرۆکانی پارتەکە کۆدەبێتەوە.
کورتوڵموش، کاژێر 13:00 سەردانی فراکسیۆنی پارتی سەعادەت دەکات و، کاژێر 14:00ـش سەردانی فراکسیۆنی ئیی پارتی دەکات.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، رۆژی 30ـی نیسان، سەردانی فراکسیۆنی جەهەپە ـی کردبوو و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە و بەشێک لە پەرلەمانتارانیان کۆبووەوە.
ئۆزگور ئۆزەل لەمبارەیەوە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دەسەڵات پابەند نابێت و بەردەوام دەستوور پێشێل دەکات، گوتی "کەواتە داڕشتنی دەستوورێکی نوێ، هیچ مانای نییە. جەهەپە بەشێک نابێت لە پڕۆژەیەکی گوماناوی و ئامادەی دیالۆگ نابین و زەمینەشی بۆ ناڕەخسێنین."
دەم پارتی، لە چەندین بۆنەی جیاوازدا ئاماژەی بە هەموارکردنەوەی دەستوور کردووە. بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی، خوێندن بە زمانی دایک لە سەرجەم قۆناخەکانی خوێندن و، چارەسەرکردنی کێشەی کورد و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار بە کورد ـی کردە مەرجی سەرەکیی دیالۆگ و گفتوگۆیان، دەشڵێن: "مەرج و داواکارییەکان لە دەقەکانی بڕگە و مادەکانی دەستووردا بنووسرێت."
چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و هاوسەرۆکانی دەم پارتی، ئەم مەرجە قورسانە بخرێتە بەردەمیان. دوای کۆبوونەوەکەش دەم پارتی هەڵوێستی فەرمیی خۆی ئاشکرا دەکات.
هەرچی ئیی پارتییە، چووەتە سەردەمێکی نوێ. لە پێنجەمین کۆنگرەیدا کە رۆژی 27ـی مانگ بەسترا، موساوات دەرڤیشئۆغڵو بە سەرۆکی نوێی پارتەکە هەڵبژێردرا. دەرڤیشئۆغڵو بە کەسێکی دژە ئاکپارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان ناسراوە. زۆرینەی ئەندامە تازە هەڵبژێردراوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەش هەمان ئاراستەیان هەیە.
تاوەکو ئێستا هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتی سەعادەت، کە تێکەڵەیەکن لەگەڵ پارتی ئاییندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو، روون نییە. بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا هەڵوێستیان رابگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ