رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان نووسینگەی پاراستنی منداڵان لە ململانێ چەکدارییەکان دەکاتەوە.
سەرۆکایەتیی هاوبەشی ئەنجوومەنی جێبەجێکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەسەر بنەمای پلانی کاری واژۆکراوی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و نەتەوەیەکگرتووەکان لە 29/6/2019 و پەسندکردنی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رۆژی 30/8/2020 بڕیاریدا بە کردنەوەی نووسینگەی (پاراستنی منداڵان لە ململانێ چەکدارییەکان) لە ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
جگە لە لقی سەرەکی، نووسینگەکە چەند لقێکی لاوەکیشی لە دەستە و لیژنەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار لە قامشلۆ، حەسەکە، رەققە، دێرەزوور، کۆبانی، گرێسپی، شەهبا، تەبقە و منبج دەبێت.
وەک لە فەرمانەکەدا هاتووە، ئەرکی ئەو نووسینگە و نووسینگە لاوەکیانە بریتییە لە وەرگرتنی سکاڵای تایبەت بە بردنی منداڵان بۆ نێو ریزی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ.
هاوکات نووسینگە لاوەکییەکان سکاڵای تایبەت بە پێشلکردنی مافی منداڵان لەلایەن خێزان یان هەر کەسێکی دیکە وەردەگرن. سەلامەتی و بەرژەوەندی و نهێنی خاوەن سکاڵاکان بابەتێکی جەوهەرییە.
تاوەکو ئێستا هێزەکانی سووریای دیموکرات چەندینجار لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەوە تۆمەتبارکراوە کە منداڵانی چەکدار کردوون و ناردوونی بۆ بەرەکانی شەڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ