رووداو- هەولێر
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا نیگەرانیی خۆی لەبارەی گرژییەکانی کۆبانێ دەردەبڕێت و داوای ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دەکات.
رۆژی دووشەممە باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سووریا تویتێکی کرد و تێیدا هاتووە: "زۆر نیگەرانین لەو راپۆرتانەی کە باس لە تۆپبارانکردنی کۆبانێ دەکەن و سەرکۆنەی گیانلەدەستدانی هەر هاووڵاتییەکی سڤیل دەکەین".
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا هاتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دۆخەکە هێور بکەنەوە و گرژییەکان نەهێڵن.
ئەو تویتەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە چەند گوندێکی سنووری کۆبانێ و گرێ سپی تۆپباران کران.
میدیای نزیک لە هەسەدە بڵاویکردەوە، گوندەکانی ئەحمەدیە و دونیاک و چەند گوندێکی دیکەی سنووری گرێ سپی و کۆبانێ تۆپباران کراون و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەکی گوندی خانی گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
میدیای نزیک لە هەسەدە دەڵێت، تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئەنجامدەری ئەو تۆپبارانە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ