رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی سووریا داوای لە چەکدارانی پێشووی رژێمی سووریا و هاووڵاتیانی وڵاتەکە کرد، کە لەو ماوەیەی بۆیان دیاری کراوە، چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن، راشیگەیاند، هەر کەسێک چەکەکەی رادەست نەکات رێکاری تووندی بەرامبەر دەگرنەبەر.
سێشەممە 24-12-2024 محەممەد عەبدولڕەحمان، وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاتی سووریا رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵات، داوا لە ئەندامانی رژێمی رووخاو و ئەو هاووڵاتییانە دەکەن کە چەکی پاشماوەی رژێمی رووخاویان لە ناوچە جیاوازەکان دەستکەوتووە، پێویستە دەستبەجێ ئەو چەکانە رادەستی لایەنی پەیوەندیدار بکەن.
وەزیری ناوخۆی سووریا ئاماژەی بەوەداوە، ماوەیەکی دیاریکراویان داناوە بۆ رادەستکردنی چەک، هەر کەسێک لەو ماوەیەدا چەکەکەی رادەست نەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری یاسایی تووند لە دژی دەگرنەبەر.
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی راگوزەری سووریا: "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و موڵک و سامانی گشتی و تایبەتە" بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، پابەندی رێنوێنییەکان بن بۆ ئەوەی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی نەبنەوە.
محەممەد عەبدولڕەحمان رایگەیاندووە: "پێویستە هەموو ئەوانەی چەک و تەقەمەنییان دۆزیوەتەوە، پەیوەندی بە نزیکترین بنکەی پۆلیس یان لایەنی پەیوەندیدارەوە بکەن بۆ رادەستکردنیان بەشێوەیەکی سەلامەت."
لە سووریا جگە لە چەکدارانی تەحریری شام، کە کۆمەڵێک گرووپی چەکداری لەگەڵە، سوپای نیشتمانی سووریاش هەن، کە لە ژمارەیەک چەکدار پێکدێن. ئەمە جگە لە چەکدارانی رژێمی پێشووی سووریا.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام، کە وەکو سەرۆکی دیفاکتۆی سووریا مامەڵە دەکات، تا ئێستا چەند جارێک لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کۆبووەتەوە. شەرع پێشتر رایگەیاندووە، نابێت چەک بە دەستی گرووپەکانەوە بێت و دەبێت چەک بە دەستی دەوڵەتەوە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ