ئیسرائیل فڕۆکەخانەی حەلەبی بە مووشەک کردەوە ئامانج

22-03-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل فڕۆکەخانەی حەلەبی سووریای بۆردوومانکرد، ئەمە بە گوێرەی میدیای فەرمیی سووریا. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 22ی ئاداری 2023، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل بۆ جاری دووەم لە ماوەی 15 رۆژدا فڕۆکەخانەی حەلەبی بۆردوومانکردووە، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی هێرشەکە نییە. 
 
میدیای فەرمیی سووریا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، جگە لە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی حەلەب، ئیسرائیل چەند شوێنێکی دیکەشی لە سنووری دیمەشقی پایتەختی سووریا و شاری لازقییە لە رۆژئاوای سووریا بۆردوومانکردووە. 
 
تائێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرشەکە نەداوە، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سوپای ئیسرائیل دەیان هێرشی لەنێو سووریا ئەنجامداوە ئەنجامداوە.
 
رۆژی 9ی ئەم مانگە، ئیسرائیل فڕۆکەخانەی حەلەبی بۆردوومانکرد و زیانی بە فڕۆکەخانەکە گەیاند و بۆ چەند رۆژێک لەکارکردن کەوت.
 
هێرشی بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە دەبێتە سێیەمین ‌هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکەی حەلەب لەماوەی ئەم شەش مانگەی رابردوودا. 
 
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، ئامانج لەو هێرشانەی لەنێو سووریا ئەنجامیان دەدەن راگرتنی هەوڵی ئێرانە بۆ گواستنەوەی چەکوتەقەمەنی بۆ نێو سووریا تاوەکو نەگاتە دەستی حیزبوڵڵای لوبنانی و ئەو گرووپە چەکدارانەی دیکە لە تارانەوە نزیکن.  
 
دوای ‌هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی حەلەبیش لە رۆژی نۆی ئەم مانگەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو هێرشانەی ئیسرائیلی بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" ناوبرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە