سووریا
کاردانەوەی منداڵێکی سووری دوای کوژرانی براکەی لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆسەر ناوچەیەکی ئیدلب. وێنە: Reuters/Khalil Ashawi
رووداو دیجیتاڵ
سندووقی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەهاناوەچوونی منداڵان - یونیسێف رۆژی یەکشەممە 15ی ئایاری 2022 راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی مرۆیی لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە سووریا بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە بە شێوەیەکی گشتی 14.6 ملیۆن کەس لە سووریا پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە کە لەو ژمارەیە 6.5 ملیۆنیان منداڵن.
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی 2022 داوای 334 ملیۆن و 430 هەزار و 71 دۆلار دەکات، بۆئەوەی هاوکاریی مرۆیی بگەیێنێتە 9.1 ملیۆن کەس لە سووریا کە 5.5 ملیۆنیان منداڵن.
یونیسێف دەڵێت، لەو بڕە پارەیە تاوەکو ئێستا نزیکەی 89 ملیۆن دۆلار دابینکراوە و 74%ـی هاوکاریی داواکراو دابین نەکراوە کە دەکاتە 245 ملیۆن و 697 هەزار و 136 دۆلار. لە بەشێکی راپۆرتەکەیدا، یونیسێف دەڵێت، 6.9 ملیۆن کەس لە سووریا ئاوارەن.
کەمپی هۆل
لەبارەی رەوشی ئاسایش لە کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان یونیسێف دەڵێت، ئاستەنگی بۆ گەیشتنی ئاو بە خەڵکی نێو کەمپەکە دروستکردووە و بووەتە هۆی وەستاندنی بەشێکی کارەکانیان.
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی خستووەتەڕوو، بەهۆی خراپیی رەوشی ئەمنییەوە لە کەمپی هۆل زۆرجار رێکاری ئەمنیی تووند دەگیرێتەبەر و قەدەخەی هاتووچۆ لە سەرتاسەری کەمپەکە رادەگەیێندرێت. بەو هۆیەشەوە، وەکو یونیسێف دەڵێت، ئاستەنگ بۆ چالاکییەکانی رێکخراوە مرۆییەکان دروستدەبێت، لەنێویاندا دابینکردنی ئاو.
یونیسێف دەڵێت، لە 17ی مانگی ئادارەوە ناوەندەکانی فێرکردنی سەر بە یونیسێف داخراون کە هەزار و 700 منداڵی تەمەن 3 بۆ 18 ساڵ تێیاندا دەیانخوێند.
پێداویستیی سەرەتایی
یونیسێف دەڵێت، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا چەند کاژێرێکی کەم کارەبایان پێدەدرێت؛ بەگوێرەی سەرژمێرییەک کە بۆ هەزار و 87 ماڵ لە مانگەکانی شوبات و ئاداردا لە سەرتاسەری سووریا کراوە، 15%ی خەڵک بە هیچ شێوەیەک کارەبایان نەبووە و 50%یشیان لە رۆژێکدا کەمتر لە دوو کاژێر کارەبایان هەبووە. لەبارەی ئاوەوە، یونیسێف دەڵێت، لەو ماڵانەی سەرژمێرییان بۆ کراوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا تەنیا یەک جار ئاویان پێدراوە، هەربۆیە زۆربەی خێزانەکان ئاو دەکڕن.
بەگوێرەی سندووقی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەهاناوەچوونی منداڵان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە بە شێوەیەکی گشتی 196 هەزار و 446 تووشبوون بە کۆرۆنا لە سووریا تۆمارکراون کە 38 هەزار و 559 کەسیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی سووریا بوون. هاوکات 102 هەزار و 237 تووشبوو لە رۆژئاوای سووریا تۆمارکراون؛ دەشڵێت تاوەکو ئێستا حەوت هەزار و 121 کەس بەهۆی پەتاکەوە لە سووریا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ