رووداو دیجیتاڵ
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بۆ یەکەم جار ئیسرائیل بە درۆن بۆردوومانی هێزێکی هەتەشەی لە باشووری سووریا کرد، لە هێرشەکەدا سێ چەکداری هەتەشە کوژراون. سەرچاوەیەکی تەندروستیش دەڵێت، یەکێک لە کوژراوەکان فەرماندەیە.
رۆژی چوارشەممە 15-01-2025، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: "لە ناوچەی قونێتەرەی باشووری سووریا، درۆنێکی ئیسرائیلی کاروانێکی هێزەکانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)ـی کردە ئامانج."
بەگوێرەی سەرچاوەکە، دوو ئەندامی بەشی ئۆپەراسیۆنی سەربازی کوژراون و یەکێکی دیکەش بریندارە.
سەرچاوەیەکی تەندروستیی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "بەرپرسێکی ناوچەکە یەکێکە لە سێ کوژراوەکان."
رۆژی 08-12-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریر شام چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا.
دووای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، ئیسرائیل دەیان هێرشی کردووەتە سەر کۆگەی ئەو چەکانەی لەلایەن سوپای سووریاوە جێهێڵدراون و لەنێوی بردوون.
هەمان رۆژی رووخانی ئەسەد، ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانی هێڵی ئاگربەستی نێوان وڵاتەکەیان و سووریا لە بەرزاییەکانی گۆلان دەبڕن کە لە ساڵی 1974ـەوە لەسەری رێککەتوون.
ئیسرائیل لە ساڵی 1974 بەشی زۆری بەرزاییەکانی گۆلانی داگیرکرد و دواتر لکاندی بە وڵاتەکەیەوە و تاوەکو ئێستا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدانەنراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ