ڤیدیۆ: چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کەسێک لەنێو بازاڕ لە سێدارە دەدەن

03-01-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دیمەنی پاش لەسێدارەدانەکە. وێنە و ڤیدیۆ: میدیای ئۆپۆزیسیۆنی سووریا
دیمەنی پاش لەسێدارەدانەکە. وێنە و ڤیدیۆ: میدیای ئۆپۆزیسیۆنی سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکراوەتەوە، چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا، کەسێک لەنێو بازاڕی شاری ئەلباب لە پارێزگەی حەلەب لە سێدارە دەدەن و ئەو خەڵکەش کە لەو دەوروبەرەدان، بە شەق، دار و قۆناخە تفەنگ لە تەرمەکەی دەدەن.
 
سوپای نیشتمانیی سووریا گرووپێکی چەکداریی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەن و لەوانەن کە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لە قۆڵی منبج و سنووری کۆبانی، لە شەڕدان.
 
رووداو لە رێگەی چەندین سەرچاوەوە راستیی ڤیدیۆکەی پشتڕاستکردەوە؛ رووداوەکە رۆژی پێنجشەممە، 2-1-2025 بووە.
 
ماڵپەڕی تەلەڤزیۆنی سووریا، کە میدیای ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە لەبارەی رووداوەکەوە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەو کەسەی لە سێدارە دراوە، ئەفسەری دەزگەی هەواڵگریی رژێمەکەی بەشار ئەسەد بووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبارەی لەسێدارەدراوەکە بڵاوکراوەتەوە، ناوی ئیبراهیم محەممەد حەمشۆیە و تەمەنی 36 ساڵە.

 

 
ماڵپەڕەکەی ئۆپۆزیسیۆن نووسیویەتی، هێزەکانیان لە رۆژی 28-12-2024، حەمشۆیان لە سنووری حەلەب دەستگیرکردووە، بە تۆمەتی "کارکردن لەگەڵ رژێم، کوشتنی خەڵکی مەدەنی و لاقەکردنی ژمارەیەک لە کچانی حەلەب".
 
بەپێی میدیای سوپای نیشتمانیی سووریا بێت، "رۆژی 1-1-2025، حەمشۆ چەکدارێکی ئۆپۆزیسیۆن، کە لەنێو زیندان خواردنی پێداوە، دەکوژێت و هەر لەنێو زیندانەکەدا لە سێدارەی دەدات". لە پاش هەڵاتنی لە زیندان، بنەماڵەی چەکدارەکە دەیدۆزنەوە و لەنێو بازاڕی شاری ئەلباب و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکیدا لە سێدارەی دەدەنەوە.
 
ئەم چیرۆکە تەنیا لە زمانی ئۆپۆزیسیۆنەوە بیستراوە و هێشتا زانیاریی ورد لە لایەنێکی دیکەی سەربەخۆوە رانەگەیێندراوە.
 
بڵاوبوونەوەی دیمەنی لەم شێوەیە، کە خەڵکی بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە رژێمی پێشووی سووریا ئەشکەنجە یان لە سێدارە دەدرێن، بووەتە هۆی نیگەرانیی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەوەی کە تۆڵەکردنەوە لە دەرەوەی دامەزراوە یاساییەکان و کوشتوبڕی پیاوانی رژێمەکەی ئەسەد، دەبنە هۆی دروستبوونی گرژیی کۆمەڵایەتی و ترس لە دەسەڵاتدارانی نوێی وڵاتەکە زیاد دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو لە سویدا

فەرماندەیەکی دروزییەکان بۆ رووداو: زۆر بەهێزین و دەتوانین بە زەبری چەک مەرجەکانمان بەسەر دیمەشقدا بسەپێنین

لە شەوی سەری ساڵدا هێزێکی سەر بە هەتەشە ویستی بچێتە نێو سوەیدا، بەڵام رێگەیان لێگیرا و گەڕانەوە. رووداو لەنێو شارەکە دا لە خەڵک و بەرپرسانی پرسی کە دەیانەوێت "دوای ئەسەد، سیستمی حوکمڕانی چۆن بێت؟' لە وەڵامدا گوتیان ئەوان داوای سیستمی ناناوەندیی بەڕێوەبردن دەکەن نەوەک جیابوونەوە.