کۆمیسیۆنی عێراق: ناتوانین هەڵبژاردنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان بەیەکەوە بکەین

31-05-2023
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی پەرلەمانی عێراق، کۆمیسیۆنەکە رایگەیاندووە کە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەککاتدا بکەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-05-2023، لەو کۆبوونەوەیەدا لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقی لەگەڵ کۆمیسیۆن تاوتوێکرد و باسیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش کردووە. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەیەک کاتدا لە توانای ئەواندا نییە.
 
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق داوای لە کۆمیسیۆن کردووە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەر لە 24 کاژێر لەدوای دەنگدان رابگەیێندرێن، هەروەها لەبارەی توانای کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەیەک کاتدا گفتوگۆیان کردووە کە کۆمیسیۆن ئەوەی رەتکردووەتەوە لە توانایدا بێت.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە 30ـى ئایارى 2023، د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان داوایان لێ بکات، دەتوانن هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدەن بەو مەرجەى هاوکات نەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کە بڕیار دراوە لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023 بکرێت."
 
د. هەمیان تەحسین گوتیشى، "بەوپێیەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنى عێراق فیدراڵییە و دەسەڵاتى ئەوەى هەیە هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان بکات، دەکرێت حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەو داواکارییەى بە فەرمى ئاراستە بکات. ئێستا کۆمیسیۆن زۆرینەى ئامادەکارییەکانى بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە و ئامێرى پێشکەتووى بۆ ئەو پرۆسەیە هەیە".
 
30ـى ئایارى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 12ـى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان کە لە 9ـى تشرینى یەکەمى 2022 دەرکرا و رایگەیاند، تەمەنى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ کۆتاییهاتنى خولى پێنجەم کۆتایی هاتووە و هەر بڕیارێک لە دواى کۆتاییهاتنى ئەو ماوەیەوە دەرکرابێت لە رووى دەستوورییەوە پووچەڵە.
 
بەوپێیە بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنى و راپرسیی هەرێمى کوردستانیش هەڵدەوەشێتەوە کە لە 22ـى ئایارى 2023 درا بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەببات.
 
ئەگەرى پەنابردنە بەر کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لەکاتێکدایە لە کانوونى دووەمى 2024 تەمەنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقیش کۆتایی دێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی

سوودانی داوای بەدواداچوون بۆ داننان بە زانکۆیەکی کوردستان دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە نووسینگەکەی دەکات بە دواداچوون بۆ داننان بە زانکۆی گەرمیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بکات.