رووداو دیجیتاڵ
بە مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد. سەرچاوەیەک لە هێزەکانی هاوپەیمانان دەڵێت، "زیانی نەبووە."
رۆژی شەممە 30ـی نیسانی 2022، سەرچاوەیەک لە هێزەکانی هاوپەیمانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 7:55ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، مووشەکێک ئاڕاستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار کراوە، بەڵام مووشەکەکە لە دەرەوەی بنکەکە کەوتووەتە خوارەوە و زیانی نەبووە.
رۆژی 8ـی نیسانى 2022ش، لە رێگەی درۆنێکەوە هێرشکرایە سەر بنکەى ئاسمانی عەین ئەسەد، بەڵام بەر لەوەی ئامانجەکەی بپێکێت، درۆنەکە لەلایەن سیستمی بەرگریی بنکەکە خرایە خوارەوە.
لە راگەیێندراوێکیشدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاڕاستەکردنی مووشەکێکی بۆ بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد پشتڕاستکردەوە و دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن."
بنکەى عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبارە، 180 کیلۆمەتر لە خۆرئاواى بەغداوە دوورە. یەکێکە لە بنکەکانى سوپاى ئەمریکا لە عێراق.
لای خۆشییەوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بە دوو مووشەک هێرشەکە ئەنجام دراوە. هیچ زیانێکی نەبووە، لایەنە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە و دواتر وردەکارییەکەی بڵاودەکەنەوە.
لە ماوەی رابردوودا چەندینجار بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کراونەتە ئامانج و زیانیان بەرکەوتووە، لە دواپێشهاتیشدا کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمریکی کە لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد فڕۆکەکانی ئێف 16ـی چاکدەکردەوە هەموو کارمەندانی خۆی لە بنکەکە کشاندەوە، ئاشکراشیکرد، "ئەو هەنگاوەمان بۆ پاراستنی سەلامەتی کارمەندانمانە."
لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی پێشووی حەشدی شەعبی لە سەرەتای ساڵی 2020دا، هێرش بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بنکەی ئاسمانیی بەلەد و بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە نێو فڕۆکەخانەی بەغدا، بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، بنکەی سەربازیی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە دیارترین ئەو ناوچانەن کە تاوەکو ئێستا بە مووشەک و درۆن کراونەتە ئامانج.
ئەو گرووپانەی بەردەوام تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی هێرشەکان بریتین لە: حیزبوڵڵا، رەبعوڵڵا، ئەسحابولکەهف، ئەولیا دەم، کە گرووپی شیعەن و بەوە دەناسرێن زیاتر لە ئێرانەوە نزیکن.
لە دوای کوژرانی سولەیمانییەوە، گرووپی جیاوازی چەکداری شیعە لە عێراقدا سەریانهەڵدا، کە زۆرجار ئەو هێرشانە لە ئەستۆ دەگرن، لەوانەش: سەرایا ئەولیا ئەلدەم، ئەسحاب ئەلکەهف، عوسبەت ئەلسائیرین، سریەکانی شۆڕشی تشرین، هێزەکانی زولفەقار، سەرایا ئەلمونتەقیم، تۆڵەی موهەندیس، تێکشکێنەری تووڕە و ئەلغاشیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ