عێراق
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کابینەی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شاع سوودانی
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پیشانداوە و ئەمریکاش پاڵپشتی دەکات.
رۆژی شەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2022، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و هەڵوێستی ئیدارەی بایدن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرۆکوەزیر سوودانی خواستی خۆی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەربڕیوە و ئێمەش پاڵپشتی دەکەین".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئامادەیی خۆیان بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق "لەسەر ئەجێندایەک کە بە ئاراستەی چاکسازی کاردەکات" دەردەبڕن.
رۆژی هەینی، 28-10-2022، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد و گوتی، ئەمریکا "هاوبەشی عێراقە لەکاتێکدا ئەو وڵاتە لە پرۆسەی چاکسازییدا بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت."
لەو بارەیەوە، تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد کە لە ئەگەری بەردەوامنەبوونی بەرپرسانی عێراق لەسەر رێچکەی چاکسازی هەڵوێستی ئەمریکا چی دەبێت؟
لە وەڵامی ئەوەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوئاهەنگیی "قووڵ و فراوان"ـی خۆی لەگەڵ عێراق دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت، چاویان لە کارکردنە لەگەڵ حکومەتێک کە "رەنگدانەوەی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا بێت، لەنێویدا رێزگرتن لە خواستی گەلی عێراق".
لەبارەی کاری لەپێشینەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "کاری لەپێشینەی سیاسیمان عێراقێکی خاوەن سەروەری، سەقامگیر و ئارامە و هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق رەنگدانەوەی ئەم کارە لەپێشینانەیە".
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى عێراق بە ئامادەبوونى 253 پەرلەمانتار کۆبووەوە و دەنگی بەکابینەى نوێى حکومەت بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى و کارنامەى حکومەتەکەی دا.
هەر ئەو رۆژە، وەزیرانى کابینەى نوێ لەبەردەم فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق سوێندى یاساییان خوارد بۆ ئەوەى بە فەرمى دەستبەرکابن و دواتر کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق تەواو بوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا 21 بەربژێرى وەزارەتەکان پەسەندکران، بەڵام یەکلاکردنەوەى هەردوو وەزارەتى ژینگە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دواخران کە لە پشکى کوردن و تاوەکو ئێستا یەکێتى و پارتى لە سەریان رێکنەکەتوون.
لەو 21 بەربژێرە کە متمانەیان وەرگرت، دووانیان کورد بوون کە ئەوانیش فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە لە پشکى پارتى و خالید شوانى، وەزیرى داد لە پشکى یەکێتى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ