نیوە شایی؛ سەرەتای زەماوەندی بووک و زاواکەی حەمدانیە هەڵپەڕکێ و کۆتاییەکەیشی شین

29-09-2023
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
نیشانەکردن ئاگرکەوتنەوە لە حەمدانیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گەرمەی شایی و هەڵپەڕکێی زەماوەندی بووک و زاواکەی حەمدانیەدا، بووە هاوار، شین و گریان. شایی بووک و زاوا پرسەی بە کۆمەڵی بەدوادا هات و بەشی زۆری کۆڵانەکانی حەمدانیە پرسەیان تێدایە. چەند رۆژێکە هەمووان دەیانەوێ هەواڵی بووک و زاواکە بزانن.
 
دوای سێ رۆژ لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی حەمدانیە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 150ی دیکە، ئەمڕۆ بووک و زاواکە بە جلی رەش و دەست لە ناو دەست لە رێگەی چوون بۆ گۆڕستانی حەمدانیە دەرکەوتن.
 
ریڤان و حەنین لە کاتێکدا شەوی سێشەممە، 26-09-2023، لە ئامێزی یەکدی خەریکی سەما و دەربڕینی خۆشیی خۆیان بوون لە ئاهەنگی رۆژی هاوژینییان کە سەدان کەس تێیدا ئامادەبوون، پریشکی یاریی ئاگرین لەپڕ هەموو شتێکی گۆڕی، شایی و هەڵپەڕکێ بووە گریان و شین و لە چەند چرکەیەکدا هۆڵەکە بەتەواوی سووتا.
 
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەتەوە، پریشکی یاریی ئاگرین سەرەتا بنمیچی هۆڵەکەی گرتەوە و ئاگر بەسەر سەری بەشدارانی ئاهەنگەکە باری، هەمووان هاواریان کرد و رێگەی دەربازبوون بۆ هەندێکیان نەما و خۆیان و خەونەکانیان لەنێو هۆڵەکە بوونە خەڵووز.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بەرگریی شارستانی، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پابەندنەبوون بووە بە رێنوێنییەکانی بەرگریی شارستانی لەکاتی دروستکردنی هۆڵەکەدا و خراپیی کوالێتیی ئەو کەرەستانە بووە لە دروستکردنیدا بەکارهاتوون. بەوهۆیەشەوە تاوەکو ئێستا خاوەنی هۆڵەکە و زیاتر لە 10 کەسی دیکە دەستگیرکراون. 
 
ئەو کەسانەی تەرمەکانیان بەرەو گۆڕستان برا، میوانی ئاهەنگێکی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی بوون کە لەپڕدا و بەهۆی یارییە ئاگرینەکان هۆڵەکە بووە سەرتاپا ئاگر بۆ میوانەکان و بووک و زاوا و بەهۆیەوە دەیان کەسیان سووتان و گیانیان لەدەستدا.
 
 
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و هێشتا دەگوترێت چەند کەسێکی دیکەیش بێسەروشوێنن. چیرۆکی زۆر و خەمناک لە دوای رووداوەکە جێمان و چەندین ماڵبات هەموویان یان زۆرینەی ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەستدا.
 
بووک و زاوا لەو کەسانە بوون کە رزگار بوون. چەند رۆژێک هیچ هەواڵێکیان نەبوو و، کەس نەیدەزانی لەکوێن و تەندروستییان چۆنە. پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی پێنجشەممە، 28-09-2023، چووە لای بووک و زاوا و نزیکەی کاژێرێک قسەی لەگەڵیان دا کرد، بەڵام ئەوان لە دۆخێکی رووخاوی دەروونی دا بوون و نەیاندەتوانی قسە بۆ میدیاکان بکەن.
 
 
پەیام سەربەست باسی دۆخی بووک و زاواکە لە زاری خۆیانەوە دەکات و دەڵێت، دۆخێکی دیکەی ناخۆش کە بەسەر ئەواندا هاتووە، بەشێک لە کەسوکاری قوربانییان بە چاوێک سەیریان دەکەن کە ئەوان هۆکاری ئەو مەرگەساتە بووبن، حەنین و ریڤان بە جلوبەرگە رەشەکەیانەوە کاتێک بیریان لەو قسانە دەکردەوە تووند دەستی یەکدییان دەگرت و بە ئاماژەی سەر و بەبێدەنگی دەیانویست پێم بڵێن، "تاوانی ئێمە نییە، کەس حەز ناکات دۆخێکی وا بەسەر دووژمنەکەیشیدا بێت." 

 

 
ئەمڕۆ هەینی بووک و زاوا بە جلی رەش و دەست لە ناو دەستی یەکدی، بەوپەڕی بێ هێزی و خەمبارییەوە لە رێگەی چوون بۆ گۆڕستانی قیامە لە حەمدانیە دەرکەوتن. چیرۆکی دوای ئاهەنگی ئەوان کە ئەم مەرگەساتەی لێ کەوتەوە، رەنگە یان هەرگیز یان تاوەکو کاتێکی دوور و درێژ ساڕێژ نەبێت و نەتوانن ئاهەنگەکەیان تەواو بکەن.
 

بووک ئەمڕۆ دایک و برایەکی بەخاک سپێردران. ریڤان و حەنین بەیەکەوە چوونە سەر گۆڕەکەیان، بووک فرمێسک لە چاوەکانی وشک نەدەبوون و زاواش وشکهەڵاتوو و بێ دەسەڵات بە دیار بووکەوە دانیشتووە و هیچی لەدەست نایەت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی

سوودانی داوای بەدواداچوون بۆ داننان بە زانکۆیەکی کوردستان دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە نووسینگەکەی دەکات بە دواداچوون بۆ داننان بە زانکۆی گەرمیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بکات.