رووداو-هەولێر
هەبوونی چەند پێکهاتەیەکی سەرەکی لە ناو عێراقدا و بەشداریکردنی چەندین لیستی لە هەر کام لەم پێکهاتانە ئەو دەرفەتە ناهێڵێت کە یەک لیست بە تەنیا بتوانێت زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
هەربۆیە، قۆناخی دوای هەڵبژاردن قۆناخێکی گرنگی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی نوێ تاوەکو ئەو هاوپەیمانێتیانە بتوانن هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بدەن.
دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەر بنچینەی پارێزگاکان و لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیەی کە شیعە زۆرینەیە واتای ئەوەیە لیستە شیعەکان زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستدەهێنن. بەڵام شیعەکانیش یەکدەنگ نین و بەسەر چەندین لیستدا دابەشبوون.
لیستە سەرەکییەکانی شیعە
-هاوپەیمانێتی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی
-هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری
-هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی
-هاوپەیمانێتی سائیروون نزیک لە سەدر
-هاوپەیمانێتی حیکمەی وەتەنی بەسەرۆکایەتی عەممار حەکیم
ئێران وەک هێزێکی کاریگەر لە عێراقدا هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش دەکرێت کار لەسەر یەکخستنی هەندێک لەم لیستانە لە دوای هەڵبژاردن بدات.
ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیکی ئەمریکی دەنووسێت، دەکرێت یەکەمین هەوڵ و سیناریۆی ئێران دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک بێت کە هەر چوار لیستی دەوڵەتی یاسا و فەتح و نەسر و حیکمەی وەتەنی لەخۆی بگرێت و ئەو کاتەش کورد و سوننە رۆڵێکی ئەوتۆیان نابێت.
بەڵام پێناچێت ئەم سیناریۆیە هێندە ئاسان بێت، ئەوەش بەهۆی جیاوازی کارنامە و تێڕوانینی هەندێک لەم لیستانە و رۆڵی کورد و سوننە و کاریگەری هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بەتایبەتی ئەمریکا.
رۆژی شەممەش، سەرۆکی هاوپەیمانێتی حیکمەی وەتەنی ئاماژەی بە خاڵێک کرد کە زیاتر رەتکردنەوەی ئەم سیناریۆیەی لێ دەخوێندرێتەوە.
عەممار حەکیم گوتی، ئەو حکومەتەی داهاتوو کە هاوپەیمانی میانڕەوان پێکیدەهێنن دەبێت لە هەموو روویەکەوە میانڕەو بێت و بە دامەزراوەیی کار بکات.
عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانێتی حیکمەی وەتەنی گوتی: "هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانی میانڕەوان دەدەین. ئەو هاوپەیمانێتییەش کە حکومەتی داهاتوو پێکدەهێنێت 5 خەسڵەتی دەبێت. یەکەمیان، دەبێت میانڕەو بێت و هێزی میانڕەوی و چاکسازی نیشتمانی هەبێت، یەکگرتوو بێت، ئەرکیشی خزمەتکردنی گەلەکەمان بێت، نەوەک بەشێك بێت لە ململانێکان. دەبێت پەیڕەوی هەبێت و بە دامەزراوەیی کار بکات و پرۆگرامی روونی هەبێت بۆ ئەو حکومەتەی رێککەوتنی لەسەر کراوە. دەبێت بەهێز بێت و بڕیار بدات و چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکانیش بکات. دەبێت نیشتمانی بێت لە ناو و ناوەڕۆکدا" .
هەربۆیە ئەگەری دەرکەوتنی سیناریۆی دیکە بەهێزن و یەکێک لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکانیش، نزیکبوونەوەی چەند لیستێکی دیکەیە لە یەکدی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لەوانەش نەسر و رەوتی حیکمە و سائیروون و بەشێک لە کورد و بەشێکی سەرەکی لە سوننەکان.
دەکرێت هاوپەیمانێتی دیکەش شانبەشانی ئەم هاوپەیمانێتیە دروست بن، لەوانەش هاوپەیمانێتییەک لە نێوان فەتح و دەوڵەتی یاسادا، بەڵام ئەگەری وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران لای ئەم هاوپەیمانێتییە کەم دەبێت.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ