د. فوئاد حوسێن سەردانی تاران دەکات

28-08-2022
سروە هەورامی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی دووشەممە 29-8-2022، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی ئێران دەکات و لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆککۆماری ئێران کۆدەبێتەوە، هەروەها تاوتوێی چەند پرسێک دەکەن. 
 
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکانی د. فوئاد حوسێن لە تاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باس لە دۆخی ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا دەکرێت. هەروەها باس لە نوێکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی زلهێز دەکرێت. 
 
رۆژی 13-4-2022، کۆتا جار بوو کە د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی تارانی کرد، لە سەردانەکەدا پەیوەندییە دوو قۆڵیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی نێوان بەغدا و تارانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە تاوتوێکرد. 
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە دەست سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری رووداو کەوتووە، بڕیارە د. فوئاد حوسێن لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کۆببێتەوە. 
 
بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە، د. فوئاد حوسێن پەیامی عێراق بە بەرپرسانی تاران دەگەیێنێت لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە و وەزیری دەرەوەی عێراق هەوڵ دەدات رۆڵی نێوەندگیر لە پرسەکەدا بگێڕێت، چونکە ئەو بابەتە پەیوەندی بە عێراقیشەوە هەیە. 
 
رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهان کە پێکدێن لە بەریتانیا، فەرەنسا، چین، ئەڵمانیا، رووسیا و ئەمریکا واژۆ کرا، بەڵام لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەو رێککەوتنە کشایەوە کە بۆ رێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران داڕێژرابوو. 
 
ئێستا واشنتن و تاران بە نێوەندگیری یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە گفتوگۆدان و چەند پێشنیازێکیان خستووەتەڕوو. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە