سکاڵاى دژی خۆبەربژێرکردنى شەعلان کرەیم بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رەتکرایەوە

28-02-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن شەعلان کرەیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکی رەتکردەوە، کە دژی خۆبەربژێرکردنى شەعلان کرەیم، بەربژێرى فراکسیۆنى تەقەدووم بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان تۆمار کرابوو، ئەندامێکى لیژنەى یاسایی پەرلەمان دەڵێت "ئەگەر لە دادگەى دیکە سکاڵا لەدژى تۆمار نەکرێت، دەتوانێت خۆى بەربژێر بکاتەوە."
 
ئەمڕۆ 28ـی شوباتى 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، دانیشتنێکى لە بارەى سکاڵایەوە کرد، کە لەدژى خۆبەربژێرکردنى شەعلان کرەیم، بەربژێرى فراکسیۆنى تەقەدووم بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان تۆمار کرابوو.
 
دادگەکە بە پاساوى ئەوەى لە تایبەتمەندیى دادگەکەدا نییە، سکاڵاکەى رەتکردەوە. 
 
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق 14ـی کانوونى دووەمی 2024، دانیشتنێکى تایبەتى بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت، پاش ئەوەى دەنگدان بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لەنێوان شەعلان کرەیم، بەربژێرى هاوپەیمانیى تەقەدووم، لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرى.
 
سکاڵاکە دژی شەعلان کرەیم لەلایەن یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی و حوسێن موئەنیس، پەرلەمانتارانى شیعەوە تۆمارکرابوو، بە تۆمەتی ئەوەى شەعلان کرەیم یاساى لێپرسینەوە و دادوەرى دەیگرێتەوە، داواشیان کردبوو دادگەى فیدراڵى بڕیارێکى کاتى دەربکات بۆ راگرتنى کۆبوونەوەکانى پەرلەمان هەتاوەکو ئەوکاتەى سەرۆکێکى نوێ هەڵدەبژێردرێت.
 
رۆژی 28ـی شوباتى 2024، دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دادگەى فیدراڵى دەڵێت لە تایبەتمەندىی ئەو نییە، دەکرێت لە دادگەى دیکەى کارگێڕى و تاوان سکاڵا لەدژى شەعلان کرەیم تۆمار بکرێت. 
 
دارا سێکانیانى گوتیشى "ئەگەر لە هیچکام لەو دادگایانەى دیکە سکاڵا تۆمارنەکرا ،شەعلان کرەیم دەتوانێت خۆى بەربژێر بکاتەوە بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان." 
 
بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، فراکسیۆنەکان چاوەڕوانى ئەنجامى ئەو سکاڵایانە بوون، کە لە دادگە تۆمار کرابوون.
 
بڕیارە لە یەکى نیسانى 2024، دادگەى فیدراڵى دانیشتنێکى دیکە بکات بۆ تاوتوێکردنى دوو سکاڵا، کە تایبەتن بە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان.
 
یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد جبوورى، ئەندامانى فراکسیۆنى تەقەدووم تۆمارکراوە لە دژى کۆبوونەوەى 13ـی کانوونى دووەمى 2024ـی پەرلەمان، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکی پەرلەمان و داوادەکەن سەرجەم ئەو بڕیارانەى لەو کۆبوونەوەیە دەرکراون، هەڵبوەشێندرێنەوە، کە یەکێک لە بڕیارەکان دواخستنى هەڵبژاردنەکە بوو، ئەگەرچى گەیشتنە گەڕى دووەم و کۆتایی. 
 
سکاڵاکەى دیکە لەلایەن یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی، حوسێن موئنیس تۆمارکرابوو، کە داوا لە دادگەى باڵاى فیدراڵى دەکەن ئەندامیێتیى شەعلان کرەیم لە پەرلەمان هەڵبووەشێندرێتەوە، بەوپێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە مەرجە یاسایی و دەستوورییەکانى ئەندامیێتى لەدەستداوە و داواش کراوە؛ دادگە بڕیارێکى کاتى دەربکات بۆ ئەوەى لە کارى پەرلەمانتاری رابگیرێت تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵاکە لە دادگەى فیدراڵى یەکلادەکرێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.

فوئاد حوسێن: داعش لە سووریا چەکى نوێى دەستکەوتووە

وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، خوازیارن پرۆسەیەکى سیاسی لە سووریا بونیاد بنرێت کە بەرهەمى گەلى سووریا بێت؛ "رێکخراوى داعش لە سووریا گەشەى کردووە و چەکى نوێی دەست کەوتووە."